سەری سەفینە، بنی سەرگینه
شاخی(سەفین) کە بە(سەفینە شێتی خۆشناوان) بەناوبانگە دەکەوێتە قەزای شەقلاوەی پارێزگای هەولێر و نزیکەی(1800)مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، ئه و بەرزییەی بووە بەئاوەڵناو وەک وتەی مام جەلال(سەفین لەبن بێت، یەکێتی لەبن نایەت) واتە بناغە و بنچینەی پتەوی هەیە، یان ئەگەر کەسێک کەسێکی گەورەی لەپشت بێت لە ئەنجامدانی کارێک دەوترێت(سەفینی لەپشتە) دەگوترێت(تارينە شەڕێ لەگەل سەفينێ دەکات) واتە چوێنراوە بە(سەفین)، وتراویشە فڵانە کەس(سەری لە سەفینێ دەدات) شاخی سەفین دووبارە لێرەش وەکو ئیدیۆم بەکارهاتووە لەبەر بەرزییەکەی و سەرکەشیەکەی، هاوشێوەی ئیدیۆمی(سەرقۆزی بن ئاڵۆز) بەکارهاتووە بەکەسێکی خۆهەڵکێش هیچ لەبارانەبوو دەوترێت(سەری سەفینە و بنی سەرگینە) سەرگین واتە ڕیخ و تەپاڵە و پاشەڕۆی ڕەشەوڵاغ، تۆرەگە-تۆڵەگە هاوشێوەی نمونەی ئەم ئیدیۆمەیە کە لەسەرەوە سەوز و جوان و گەشە و لەسەر زبڵ و خاشاکیش ڕوواوە.[1]