خۆر بە ئاسمانەوە خۆی کۆ کردبۆوە، شار تاریکی تێزابوو، وەک هەموو ئێوارەیەکیش نەسرین خان بە کۆڵ و بارەکەیەوە بەلۆژە لۆژ بەرەوماڵ دەبۆوە،
ئەو تێکڕای ڕەنج و مەینەتیەکانی ژیانی لەشان گرتبوو، بەتەنیا لە باوەشی ئەو ژیانە قورسەدا، گرمۆڵە ببوو، لە تەنیاییدا دەژیاو لەگەڵ شەوانی تەنیاییدا بە کولە مەرگی ڕۆژی دەکردەوە، ئای تەنیایی کێ لێت تێدەگات ؟ بە تەنها تۆ...لە زمانی مەرگ و تەنیایی وهەژاری تێدەگەیشتی! ئای چەندە سەختە لەیەک کاتدا، دایک بیت و پیاوی ماڵیش، لەگەڵ شەهید بوونی (فەرهادی) هاوسەری پێو قەدەمی داعشی نەگریس ئەم نەهامەتیەی کردە میوانیان، لەو دەمەوەی بەجێی هێشتوو ڕووخساری بەتەواوەتی گۆڕابوو...... قژە زەردە جوانەکەی ڕەنگی بەفری گرتبوو، خاویەکەی وەک خۆی نەمابوو، تەواو ئاڵۆسکا بوو، چاوە جوانەکانیشی، تەواو ڕەنگ و تریسکەی لەدەستدابوو، وەلێ هیچ کام لەمانەی بەسەر خۆیدا نە دەهێنا، کاتێک گفتوگۆت لەگەڵ دەکرد وای نیشان نەدەدا لەچ دۆخێکدایەو چ مەینەتیەک بەرۆکی گرتووە لەگەڵ ئەوەشدا لەبەردەم دوو چاوگەشەکەی (یاراو تارا)دا، خەندە لەڕووخساری دەباری،
وا نزیک دەبنەوە لەسەری مانگ نەسرین خان کرێی خانووەکەی بەتەواوەتی ئامادە نەکردبوو، بەرەو سەرقەبران ملی ڕێگای گرتەبەر وەک کاری هەمیشەیی کاتێک خەمێکی گەورەی دەبوو، بۆ سەر قەبری فەرهاد دەڕۆیشت و خەمەکانی بۆ گڵکۆی فەرهاد دەگێڕایەوە.
وەک ڕۆژانی تر...بەرەو سەرقەبران هەنگاوی نا و بەدەم ڕێوە لەناو داڵغەو خەیاڵی نەبوونی کرێی ساحەب خانوودا نقوم بوو، بێ وەستان دەڕۆیشت و بیری لە ژیانی ئەو دوو تولفە دەکردەوە کەلە دوای فەرهاد جێماون، هەتا گەیشتە نزیک سەرقەبران ئاوڕێکی بۆ دواوە دایەوە کەس لەو دەورو بەرە دیار نەبوو دووبارە ڕۆیشت هەتا گەیشتە نزیکی گۆڕەکەی فەرهاد سەلامی لێکرد وەک ئەوەی ژوانیان هەبێت و زۆر لەمێژبێت چاوەڕوان بووبێت،
فەرهاد گیان چۆنی ؟ دەنگوباست ؟ شوێنت ناخۆش نیە ؟سەرمات نیە؟ بەبێ وەستان قسەی دەکرد مەودای نەدەدا فەرهاد جواب بداتەوە !
فەرهاد پێم بڵێ :کەی قەول و قەرار وا بوو ماڵی خۆتمان لێبکەیت و من لەم تەنیاییەدا جێ بهێڵیت ؟ ئەی کوا بەڵێنت؟ کوا ئەو وادەیەیی بەمنت دابوو ؟ پێم بڵێ هەتاکەی لەو ژیانە سەختەدا گوزەران بکەم، تاقەتم چوو، تەواو شەکەتم ! دەڵێی توڕەیت لەقسەکانم بمبەخشە نازانم دەردە دڵم لای کێ بکەم تاکە کەسێ کە شک بەرم توێ، تۆش ماڵئاوا بارگەت تێکنا و ئۆغرت کردو منت لە تەنیاییدا هێشتەوە نەسرین لەناو فرمێسکەکانیدا، هەگبەی نەهامەتیەکانی ئەو هەفتەیەی بۆ فەرهاد هەڵڕشت، ئەو پاڵی دابوو بەکێلەکەی ژوور سەری وەک ئەوەی گوێی بۆ وتەکانی نەسرینەکەی هەڵخستبێت باسی کچەکان و داواکاریەکانیان و پرسیارە بێکۆتاییەکانیان هەتا تەواو بوو لەگێڕانەوە، لەپاشان هەستایە سەرپێ و خواحافیزی لە فەرهاد کرد و بەرەوماڵ گەڕایەوە.
بەر لەگەیشتنەوەی بۆ ماڵێ لەنزیکی ماڵیان قەرەباڵغیەکی بینی، نەسرین تەواو دڵی داخورپا ئەژنۆی ڕۆینی شکا، هەزار بیرو خەیاڵ بەمێشکیدا هات..... هەتا دەهات گوێبیستی دراوسێکانی دەبوو هەموو داخ و حەسرەتیان بۆ دەکێشا بۆ ژیانی ئەوخێزانە خێر لەخۆنەدیوە،
تەواو نەگەیبۆوە ماڵ کە هۆی ئەو قەرەباڵغیەی لە پوور حەلیمی دراوسێی پرسی ؟
نەسرین ئەوە تۆلەکوێ بووی؟ کاک عەباسی خاوەن ماڵ بۆ کرێی خانوو هاتبوو؟ بە نەڕەنەڕ هاواری بەسەر ئەو دوو تولفەدا دەکرد و دەیگوت: یان هەر ئێستا کرێ خانوەکەم دەدەنێ یان چۆڵی کەن ؟ یاراش پێی دەگوت: کەدایکم گەڕایەوە پێی دەڵێم ؟
نەسرین کە گەیشتەوە ماڵەوە (یاراو تارا) تەواو شپرزە بوو بوون بەبینینی داکیان هەناسەیەکیان هەڵکێشاو وتیان:
دایە گیان لەکوێ بووی کاک عەباس بۆ کرێ خانوو هاتبوو ؟
خەم مەخۆن پارەم بۆ داناوە بەیانی بۆی دەبەم،
تارا وتی : دایەگیان ئێستە بۆی ببە با چیتر نەیەتەوە سەرمان، ئێمە زۆر دەترسین!
لەم قسانەدابوون لەدەرگادرا !
نەسرین دەرگای کردەوە بینی ژنە دراوسێکەیان بوو
هاتبوو کە نەسرین ماڵیان بۆ پاک بکاتەوەو نانیشیان بۆبکات؟
نەسرینیش گفتی دانێ لەدوای گەڕانەوەی لەپاک کردنەوەی نەخۆشخانە، بێ نانیشیان بۆ بکات و ماڵیشیان بۆ پاک بکاتەوە،
نەسرین بەدڵێکی خۆشەوە هاتە ژوورەوە، ئەوەندەی نەبرد، دیسان لەدەرگا درایەوە
نەسرین خان وەیزانی نوخشە خانی دراوسێیانە لەوکارە پەشیمان بۆتەوە، نەسرین بە دڵە کوتێوە دەرگاکەی کردەوە، کەبینی عەباسی ساحێب خانووە ؟
بەخێرایی پارەی ئەومانگەشی بۆ هێناو خستیە دەستیەوە
کاک عەباسیش بەفیزێکەوە پارەکەی لێ وەرگرت و ڕووی وەرگێڕاو بەدەنگە زل و ناخۆشەکەی پێی وت:
ئەگەر مانگێکی تر زووتر کرێکە حازر نەکەی دەبێ چۆڵی کەی ؟!
نەسرین خان وتی بەچاوان
کاک عەباس خواحافیزی کردو، نەسرینیش گەڕایەوە ژوورەوە وتی:
سوپاس بۆتۆ خودایە کرێ خانووی ئەم مانگەشم واسڵ کرد
بۆمانگێکی دیکەش خوا کەریمە.
باری خەمم کردەشانم بەتەنیا ملی ڕێگام گرت، دەبێت چ ژان و ئازارێک چاوەڕێم کات، خۆم داوەتە دەست قەدەر، ئای قەدەر نە ئەم لەئێخەم دەبێتەوە نە من ژیان گەلێک سەختە..!
نەسرین خان بەدەم دانانی بەرچایی بەیانیان داڵغەی لێیدا نوقمی ڕۆژانی ڕابردوو بوو گیزە گیزی سەماوەرەکە خەیاڵەکانی ئەوی نەشکان
یارا کە لەبەردەمی وەستابوو هێشتا خەواڵ و بوو تاوێک لەدایکی ڕاما درکی بەوەکردبوو کەدایە بەجەستە لەلای ئەوە و ڕوحی لەشوێنێکی تردا گیرساوەتەوە ،
دایە..... دایە. دایەگیان لەکوێی دیسان ؟
بەڵێ ڕۆڵە چاوەڕوانی فەرهاد و تۆ و دادەم بڕۆ دەم و چاوت بشۆ وەرە نان بخۆین ؟ دایەگیان باوکم !
دەی ئەوەندە قسەمەکە بڕۆ ؟
چا دەخۆی ڕۆڵە ، باکەمێک ماستیشت بۆ تێکەم ؟ دایەگیان پێم بڵێ بیر لەچی دەکەیتەوە هەتا بتوانم یارمەتیت بدەم ؟
شتێک نیە ؟ دەبێت بچم بۆ کارکردن لەماڵی دراوسێکان تۆش نانەکەت بخۆ و سەماوەرەکەش خەفە بکە با چاکە سارد نەبێتەوە،
وردە وردە خۆی کۆکردەوەو لەماڵ وەدەرکەوت خۆر تازە سەری دەرهێنابوو دەنگی جوجەڵەو کەڵەشێر و کاریلەکان شادی بەدڵ دەدا گاوان لەدوای گاڕانەوە دەڕۆیشت و شوانەکانیش خەریکی لێکردنەوەی کاریلەکان بوون لەبەر دایکیان دەنگی بارە باڕیان دیای پڕ کردبوو ، بەودیمەنە دڵم ژانی دەکرد چ دەبوو ئەوانیان نەبردبایە بۆ لەوەڵاندن با تێر لەگەڵ دایکیانا یاریان بکردایە لەگەڵ خۆما کەوتبوومە ووتووێژ هیچ ئاکامێکیشی نەبوو دەبوایە هەر ئەم کارەیان بکردایە و کاریلەکان لەچاوەڕوانی گەڕانەوەی خۆئاواببونایە، دەی خوایە بەپشتیوانی تۆ ؟
حەلیمە خانی دراوسێیان چوو بەرەو پیری و سەلامیان کرد دەچیت بۆ کار نەوەڵا ئەمڕۆ پشووە بەبۆنەی نەورۆز دەچمە ماڵی فاتمەخان قەرار وایە کەمێک نان بکەین کچەکەی منداڵێکی جوانکیلەیان بووە بڕیاریان داوە ناولێنانی بۆ بکەن ؟
خوا کارت بۆ ئاسانکات، پشتو پەنات بێت بەدوعا
هەر دەڕۆیشت هەتا زیاتر هەناوی دەنا گێژتردەبوو زیاتر ڕۆ دەچوە ناو خەیاڵ هەستی بەوانەی چواردەوری نەدەکرد چونکە دڵی لە جێگایەکیتر بوو دەبوو دوای کۆتای کارەکەی چووبایە بۆ ئەو جێگایەی کەدڵی لەوێدایە