لێکۆلینەوەیەک لەلایەن د. #بەهادین ئەحمەد#
=KTML_Bold==KTML_FontSize_Begin=16=KTML_FontSize_Between=پێشەکی=KTML_FontSize_End==KTML_End=
بەدرێژایی مێژوو لەهەرێمی کوردستاندا گەلێک بزووتنەوەی ئایینی و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەریانهەڵداوە، کە هەریەکەیان پەیوەندیداربووە بە هەلومەرج و بارودۆخی ئەو سەردەمەی، کە تێیدا سەریهەڵداوە و درووستبووە، بەڵام تێکڕای ئەو بزووتنەوانە، کە یەکێکیان #بزووتنەوەی هەقە#یە، زۆر بەکەمی لەسەریان نووسراوە و توێژینەوەی زانستی و ئەکادیمی تایبەتی و سەربەخۆیان لەسەر ئەنجامدراوە.
لەڕاستیدا ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی لەسەر ئەم بزووتنەوەیە، کە بەهۆی گۆڕانی بارودۆخ و گۆرانکارییەکان، وێڕای داخراوی بزووتنەوەکە لەڕووی کۆمەڵایەتی و بوونی تەمومژ و گومان و قسە و باسی هەمەجۆر لەسەریان لەلایەک و کەمی کتێب و سەرچاوەی زانستی و زانیاری ورد و تەواو و باوەڕپێکراو لەسەر بزووتنەوەکە، وای کردووە ئەنجامدانی توێژینەوەکە کارێکی قورس و پڕ زەحمەت بێت.
=KTML_Bold==KTML_FontSize_Begin=16=KTML_FontSize_Between=بەشی یەکەم: چەمکی سۆفیگەری (#تەسەوف#) و سەرهەڵدانی لە هەرێمی کوردستان=KTML_FontSize_End==KTML_End=
=KTML_FontSize_Begin=14=KTML_FontSize_Between==KTML_Bold=باسی یەکەم: چەمک و پێناسەی سۆفیگەری (تەسەوف)=KTML_End==KTML_FontSize_End=
سەبارەت بەسەرەتای دەرکەوتنی سۆفیگەری و ڕەگ و ڕیشەی و پەیوەندی بەبیروباوەڕە ئایینییەکانەوە و بوونی پێناسەیەکی گشتگیر وهەمەلایەنە و یەکگرتوو بۆ چەمکی تەسەوف (#سۆفیزم#)، نووسەر و لێکۆڵەر و مێژوونووسان یەک ڕا و بۆچوون نین، هەریەکەیان لە دید و تێڕوانینی تایبەتی خۆیەوە ڕەگ و ڕیشەی چەمکی سۆفیگەری لەمێژوودا و لەکۆمەڵگە جیاوازەکانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێناوە و پێناسەی تایبەتی بۆ ئەم چەمکە قووڵ و فراوانە کردووە.
د.ئیبراهیم شوانی پێی وایە: سۆفیزم وەک دیاردەیەکی ڕووحانی کۆمەڵایەتی، کاریگەری بەرچاوی هەبووە و هەیە بەسەر ڕەوتی ژیانی ئایینی و ڕووحانی و کۆمەڵایەتییەوە لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا بە ئامانجی بونیادنانی پەیوەندییەکی ڕۆحانی و پەرستشی نێوان مرۆڤ و خودا و لەبەرایی مێژووەوە هەبووە (1).
بەڕای نووسەر (محەمەد عەبدولهادی ئەبو زەیدە)، سۆفیگەری لەبنەڕەتدا لەگیانی ئایینی ئیسلام دوورە و لەپێش هاتنی ئایینی ئیسلام دا لەناو ئایینی جولەکە و مەسیحی دا هەبووە، پاشان لەڕێگەی فارسەکانەوە لەکاتێکدا ئیسلام لەناو خاکی ئێران بڵاوبوویەوە و سوپای ئیسلام چووە خاکی ئەو وڵاتەوە، لەڕێگەی هندستانەوە بەڕێگەی ئێران دا گەیشتۆتە دوورگەی عەرەبی و ناو ڕیزی موسوڵمانان(2).
هەروەها مێژوونووسی ناوداری ئێرانی (د.حشمە الله طبیعی) پێی وایە، پەیدابوونی سۆفیزم دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵی (سۆفیستاییەکان)ی سەردەمی یۆنانییەکان، هەندێکی تریش بۆ بنەماکانی ئایینەکانی زەردەشتی و مانی ئەگێڕنەوە. هەروەک گرووپێکی تریش پێیان وایە ئەم ڕێبازە پەیوەندی بە ئایینی (بودا) و عیرفانیی هندۆسەکانەوە هەیە و بەشێکە لە خوداناسی، لەزۆربەی ئایینەکانی پێش ئیسلامدا هەبووە(3).
هەروەک تەسەوف کارێکی تایبەتی و تاکەکەسی مرۆڤە بۆ پاککردنەوەی دڵ و دەروون لە گوناه و تاوانەکان و بواری عیرفانی و پەرستش و خواناسی، بۆیە ناکرێت تەسەوف و عیرفان کەبەشێکە لە پاککردنەوەی دڵ و دەروون (تزکیە النفس) لەئایینی ئیسلام دا و ناوەرۆکی پەیامەکەی و مانا ڕاستەقینەکەی جیابکەینەوە، هەروەک ڕای توێژەریش وایە و لەگەڵ ڕای ژمارەیەک ڕۆژهەڵاتناسی بیانی دا یەک دەگرێتەوە لەوانە: (نیکلسۆنة ماسینۆن و مارتن ڤان برۆنەسن) کە پێیان وایە: سۆفیگەری دیاردەیەکی ئیسلامییە و دەرەنجامی ڕەوتی گەشەکردنی سرووشتی ڕوانگە جۆراوجۆرەکانی خواناسییە و لەسەدەی یەکەمی کۆچیدا لەکۆمەڵگەی ئیسلامیدا سەریهەڵداوە (4). لەڕاستیدا بابەتی تەسەوف (سۆفیزم) لەئایینی پیرۆزی ئیسلامدا و لەناو جیهانی ئیسلامیشدا، یەکێکە لەو بابەت و مەسەلانەی، کە بە درێژای مێژووی ئیسلامی، جێی گرنگی و بایەخ و مشتومڕ و هەستیاری (حەساس) بووە لەنێوان زانایان و شەرعناسان و فەیلەسوف و نووسەران دا، جێگەی تێڕامان و قسە لەسەر کردنی زیاترە و بیر و بۆچوونی جیاوازە و لەرابردووشدا ڕاڤە و لێکدانەوەی جیاوازی بۆ کراوە.
=KTML_FontSize_Begin=14=KTML_FontSize_Between==KTML_Bold=چەمکی تەسەوف (سۆفیزم) لەڕوانگەی زمان و زاراوەسازییەوە=KTML_End==KTML_FontSize_End=
سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی سۆفیگەری (سۆفیزم) وەکو هەر چەمکێکی تر، زۆر بیروڕای جیاواز هەیە، لەوانە د.جەعفەر عەلی دەڵێت: بناغەی وشە و زاراوەی سۆفییەت (تەسەوف) لە وشەی (سوف) خوری یەوە هاتووە، چونکە سۆفییەکان پێیان وایە جلوبەرگی خوری جلوبەرگی پێغەمبەرانە (دروودی خوایان لێ بێت) و دروشم و هێمای وەلی و پیاوچاکان بووە و هەمیشە لەبەریان کردووە (5). ڕایەکی تر هەیە، کە وشەی (التصوف) لە (صفاء)ەوە هاتووە و بەڵگەشیان ئەم فەرموودە پیرۆزەی پێغەمبەرە (دروودی خوای لێ بێت)، کە دەفەرموێت : ذهب صفو الدنيا ويبقي الکدر.
بۆ چوونێکی تریش هەیە، کە وشەکە یۆنانییە و لە بنەڕەتدا لە وشەی (سۆفیا)وە هاتووە، کە بە مانای زانین دێت(6)، بەڵام (شێخ عبدالکریم القشیری) لەکتیبەکەیدا ڕای وایە: بناغەی وشەکە دەگەڕێتەوە سەر ناوی (صفە)ی مزگەوتی پێغەمبەر (دروودی خوای لێ بێت(7)، هەوەک دەشبێت زاراوەی تەسەوف لەوشەی (صف)ی ڕیزی جەماعەتی نوێژی بەکۆمەڵەوە وەرگیرابێت، ئەوانەی بەتایبەت لەڕیزی یەکەمی خواپەرستی و نوێژدا لەپێشەوەن(8).
هەروەک هەندێک دەڵێن وشەی (تەسەوف) لە چوار پیت پێکهاتووە و هەر پیتێکی واتایەکی سەربەخۆ و تایبەتی هەیە، بەشێوەیەک پیتی (ت) واتای تەوبە و گەڕانەوە بۆ لای خوا، پیتی (س) بە واتای پاککردنەوە (سەفا)ی ڕۆح و دڵ و دەروون، پیتی (و) بە واتای (ویلایەت) پشتگیری و گەردنکەچی، پیتی (ف) واتای (فەنابوون بۆ خوا) و لەپێناوی خودا و عەشقی خودایی، کە بەرزترین پلەی سۆفییەتە(9).
=KTML_Bold==KTML_FontSize_Begin=14=KTML_FontSize_Between=باسی دووەم: ڕێباز (تەریقەت)ی نەقشبەندی، سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی لە هەرێمی کوردستان=KTML_FontSize_End==KTML_End=
دوابەدوای دەرکەوتنی سۆفیزم وەک بیروباوەڕێکی ئایینی بەهێز، چەندین ڕێبازی تەسەوف سەریانهەڵدا، کە یەکێک لە ڕێبازە دیار و بەرچاوانە ڕێبازی نەقشبەندی بوو، ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەلانکە و کانگای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەم ڕێبازە دادەنرێت، لەگەڵ باسکردنی ڕێبازی نەقشبەندی دا ناوی (#مەولانا خالیدی نەقشبەندی#) دەهێنرێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم تەریقەتە لەسەر دەستی (شێخ بەهادینی نەقشبەندی) دامەزراوە، بەڵام دواتر لەلایەن (شێخ عەبدولخالقی گۆجەوانی)یەوە یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەکانی بۆ دادەنرێت.
پاش ئەوەی (شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی) لەساڵی (1808ز) لەتەمەنی سی ساڵیدا ڕوودەکاتە هندستان و لەشاری (دەلهی) چەندین ساڵ لەبەردەستی (شێخ عەبدوڵڵای دەهلەوی)دا دەخوێنێت، تەمەسووکی پێوە دەکات و ئیرشادی تەریقەتەکەی لێ وەردەگرێت، لەساڵی (1811ز) دەگەڕێتەوە بۆ عێراق بەمەبەستی ئیرشاد و ڕێنموونیکردنی موسوڵمانان و لەنێوان #سلێمانی# و بەغدادا جێگۆڕکێ دەکات(10).
مامۆستا مەلا #عەبدولکەریمی مودەڕیس# لەکتێبەکەیدا دەنووسێت: (هەرچەندە لەزەمانی کۆندا تەریقەتی نەقشبەندی لەکوردستاندا لەپێش هاتنەوەی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) لەهندستان نیشانەی هەبووە، بەڵام لەو سەردەمانەدا وەک تەریقەتێکی ناسراو نەبووە و لەناو خەڵکیدا ناوبانگی نەبووە(11). دەتوانین تەریقەتەکانی سۆفیگەری لەناو نەتەوەی کورددا بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەم بەشانە دابەش و پۆلێن بکەین:(12):
- تەریقەتەکانی کوردی شیعە، کە نیعمەت ئیلاهی و خاکسالاری دەگرێتەوە.
- تەریقەتەکانی کوردی سوننە، کە (قادری و نەقشبەندی) دەگرێتەوە.
بێگومان، کە خاکی کوردستان پارچەیەکی زیندووی جیهانی ئیسلامی بووە، هەر لەکۆنەوە خەڵکەکەی باوەڕیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام هێناوە و موسوڵمان بوون، ئەمەش زەمینەیەکی باش و گونجاوبوو بۆ سەرهەڵدانی چەندین جۆری جیاوازی وەکو تەریقەتی (قادری و نەقشبەندی) لەسەر دەستی شێخ و ڕێبەرە ئایینیەکانی ناوچەکە، وەکو سەرهەڵدانی ڕێبازی (قادری) لەسەر دەستی #شێخ مارفی نۆدێ#، ڕێبازی نەقشبەندی لەسەر دەستی شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی.
مەولانا خالیدی نەقشبەندی بەهۆی فیراسەتی ئیمانداری و ئارامگرتن و هەڵکەوتووی خۆیەوە، دواتر پشوودرێژی بۆ بڵاوکردنەوەی ڕێبازەکەی لەچەقی (تەریقەتی قادری)دا، کە شاری سلێمانی بوو، توانی هەردوو شێخی قادری (شێخ عەبدوڵڵا) و (شێخ ئەحمەدی سەردار)، کەسەر بە لقی ناوچەی (#سەرگەڵوو#)ی بنەماڵەی شێخانەی بەرزنجە بووە، بخاتە ژێر هەژموون و ڕکێفی تەریقەتە نوێیەکەیەوە و پەیوەندی پێوە بکەن(13).
پێویستە بزانین، کەساڵانی (1811-1820ز) بە پڕ بەرهەمترین ڕۆژانی ڕێبازی نەقشبەندی لەکوردستاندا دەژمێردرێن، ئەم ڕێبازە نوێیە پشتیوانییەکی جەماوەری بەرفراوانی لێ کرا. سەرباری ئەوەی، کە بەردەوام ڕووبەڕووی دوژمنایەتی قادرییەکان و ناو بەناو دوژمنایەتی میرانی بابان لەسلێمانی دەبۆوە(14).
بەڕای (میهرداد ئیزەدی) هەڵمەتی بانگەشەی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) بۆ ڕێبازەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1779ز)، هەروەکو لە کتێبەکەیدا نووسیوێتی: مەولانا ساڵی 1779زایینی هەڵمەتێکی بۆ پەیداکردنی لایەنگر لەرێگەی دیاریکردنی ژمارەیەکی زۆر نوێنەران (خەلیفە) لەکوردستان و ئەو دیوی کوردستاندا دەستپێکرد(15).
لەبارەی ژمارەی خەلیفەکانی (مەولانا خالیدی نەقشبەندی)ەوە، مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لەکتێبی (#یادی مەردان#)دا، ژمارەی خەلیفە کوردەکانی مەولاناخالیدی بە (34) خەلیفە و خەلیفە بێگانەکانیشی بە (33) خەلیفە داناوە(16).
هەروەها سەبارەت بە ژمارەی مورید و لایەنگرانی، (#کلۆدیۆس جیمس ڕیچ (میستەر ڕیچ)#) لەکتێبەکەیدا، ژمارەی موریدەکانی مەولانای لەساڵی (1820ز)دا-کە هاوکاتی ساڵی سەردانەکەی بووە بۆ کوردستان- بە (12000) مورید دادەنێت(17).
مامۆستا عەباس عەزاویش لەبابەتێکیدا، موریدانی تەریقەتی نەقشبەندی لەعێراقدا لەسەردەمی حوکمڕانی کۆماریدا بە (20000)کەس دادەنێت(18).
مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس دەڵێت: لەناو خەڵکیدا واباوە، کە (شێخ مارفی نۆدێ) بووە بە ناحەز و دژی مەولانا خالید، ئەمەش وایکردووە مەولانا لەسلێمانی دەرچێت و بەرەو بەغداد کۆچ بکات(19).
تەنانەت شێخ مارف دووجار #حاجی کاک ئەحمەدی شێخ#ی کوڕی و عەبدوڕەحمان تاڵەبانی خەلیفەی خۆی بۆ کوشتنی دەنێرێت، بەڵام کاری کوشتنەکەیان بۆ جێبەجێ ناکرێت و دەگەڕێنەوە(20)، بۆیە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ناچار دەبێت هەڵبێت، کە ئەم ڕووداوەش هاوکات بووە لەگەڵ گەشتە بەناوبانگەکەی (مستەر ڕیچ) بۆ کوردستان لەنێوان ساڵانی (1820-1823ز)، ناوبراو لەیاداشتەکانیدا بەم جۆرە ڕووداوەکەی تۆمارکردووە و نووسیوێتی: ئەم بەیانییە شێخ خالیدی بەناوبانگ هەڵهات. لەگەڵ ئەوەشدا، کە هەڵهاتنەکەی نهێنی و بەپەلەبوو، بەڵام توانی هەر چوار ژنەکەی لەگەڵ خۆیدا بەرێت. هێشتا نەزانراوە بەرەوکوێ ڕۆیشتوە؟ چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کوردەکان لەپلەیەکی بەرزتر لە عەبدولقادر- مەبەستی #شێخ عەبدولقادری گەیلانی# یە- دایان دەنا. پاشا - مەبەستی میرانی بابانە لەسلێمانی - عادەتی وابوو لەبەردەمیدا ڕادەوەستا و قلیانی بۆ تێدەکرد، کەچی ئەمڕۆ پێی دەڵێن: کافر و داستانی زۆر لەبارەی فیز و کافری و زەندیقییەوە دەگێڕنەوە؟! لەبارەی هۆی هەڵهاتنیەوە قسەی جۆرا و جۆر دەکرێت. هەندێک دەڵێن: دەستی کردبووە ئاژاوەنانەوە لەنێوان پاشا و براکانیدا، کە ویستبوویان لای پاشا لەگەڵیدا ڕووبەڕوو ببنەوە، هەندێکی تریش دەڵێن: دەستی کردبوو بە دانانی بناغەی مەزهەبێکی نوێ و دەیویست خۆی بکات بە گەورەی دنیایی وڵاتەکە. گومانی تێدا نییە، کە زۆر شتی لەبارەوە وتراوە و شتی زۆر لەمانە زۆرتری دراوەتە پاڵ. مەلا و سەیدەکان لەسەرووی هەمووشیانەوە شێخ مارف - مەبەستی شێخ مارفی نۆدێیە -، هەموو ڕقیان لەشێخ خالیدە و ئەویش کاتێک کە دەسەڵاتی هەبوو، هەموو ئەمانەی بەزاندبوو(21).
=KTML_Bold==KTML_FontSize_Begin=14=KTML_FontSize_Between=باسی سێیەم: خەسڵەت و بنەماکانی ڕێبازی نەقشبەندی=KTML_FontSize_End==KTML_End=
ڕێبازی نەقشبەندی وەکو ڕێبازێکی ئایینی ئیسلام، کۆمەڵێک بنەمای سەرەکی و گرنگی هەیە، کە لە یانزدە بنەمادا دەتوانین ئاماژەیان پێ بکەین. لەڕاستیدا دامەزرێنەری ڕێبازەکەوە، کە خواجە (عەبدولخالق گۆجەوانی)یە هەشت بنەمای بۆ دانراوە، هەروەکو نووسەری کتێبی (#مەولانا خالید و تەریقەتی نەقشبەندی#) سەید تاهیری هاشمی ئاماژەی پێداوە، بەڵام دواتر، کە (مەولانا خالیدی نەقشبەندی) گەشەی بەم ڕێبازە ئایینیە داوە و سێ بنەمای تری بۆ زیاد کردووە.
هەشت بنەماکانیش بریتیین لە(22):
1- هۆشی هەنووکەیی: واتا نابێت بیئاگایی و غافڵبوون زەفەر بەکار و کردەوە و تەنانەت هەستەکانیشی بەرێت.
2- سەربەرزکردنەوە: بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە ڕوانینی حەرام، پێویستە پەیڕەوکاری نەقشبەندی سەیری بەردەمی خۆی بکات و سەیری ئەملا و ئەو لای خۆی نەکات تا بیری بەلای شتی ترەوە بچێت.
3- گەشت لەنیشتمان: واتا پێویست نییە پەیڕەوکاری ئەم ڕێبازە گەشت بکات بۆ وڵاتی غەریبی لەپێناوی مەرامەکانیدا، بەڵکو پێویستە لەکردار و ئاکاری ناپەسەندەوە بۆ ڕەوشت پەسەندەوە گەشت بکات و لەماڵی خۆی دابنیشێت و خۆی تووشی غەمی دوورە وڵاتی نەکات.
4- تەنیایی لەناو کۆڕدا: واتا پێویستە بە ڕووخسار و ڕواڵەت لەناو کۆمەڵ و مەجلیسدا بێت، بەڵام بە ناوەرۆک و دڵ لەگەڵ خوادا بێت.
5- یادکردن (#زیکر#): بریتییە لە یاد (زیکر)کردنی خوای گەورە بە زارەکی یان بە دڵ.
6- گەڕانەوە: ئەو کەسەی، کە یادی خوا دەکات، پێویستە بەردەوام ئەوەی لەدڵیدا بێت، کە خودایە من لەو یادکردنە تەنها مەبەستم ڕەزامەندی تۆیە و بەردەوام بگەڕێتەوە بۆ لای خودا و تەنها مەبەستی زاتی ئەو بێت.
7- پارێزگاری: مەبەست پارێزگاریکردنە لەو یاد (زیکر)ە، بەوەی کەلەساتێکدا چەند جار ئەو ویردە دووبارە بکاتەوە بۆ ئەوەی بیر و هۆشی بەلای شتی تردا نەڕوات، پارێزگاری لەو ئاراستەیە بکات کە گرتوویەتیەبەر.
8- بیرهێنانەوە: پێویستە پەیڕەوکاری نەقشبەندی (سۆفیزم) بەردەوام وشە و ویردەکان لەڕووی هۆشداری و بە ئاگاییەوە بڵێت و لەهەموو کاتێکدا بزانێت کە ئەو لەبارەگای خوای گەورەدایە.
ئەمانە ئەو بنەمایانە بوون، کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد، کە لەلایەن (خواجە عەبدولخالق گۆجەوانی)یەوە دامەزرێنەری ڕێبازی نەقشبەندی (سۆفیزم) لەجیهاندا بۆ ڕێبازەکەی دایناوە، کە بنەمای تۆکمە و گرنگ و ڕاست و درووستی ڕێبازەکەین، وەکو خەسڵەت و سیما و بنەمای ئەو ڕێبازە دەناسرێت، هەڵگری ڕێبازەکەی (سۆفی) پێ دەناسرێتەوە و هەموویان هەڵقوڵاوی شەریعەتی ئیسلامن.
سەبارەت بەو بنەمایانەی، کە لەدوای ناوبراو، (شێخ مەولانا خالیدی نەقشبەندی) بۆ ڕێبازەکەی وەکو بنەما زیادکردووە، بریتیین لە(23):
1- وەستانی کاتی: مەبەست لەوەیە کە پەیڕەوکاری نەقشبەندی لەگەڵ خوای خۆیدا چەند کاتێک گفتووگۆ بکات و بزانێت لە دۆخی بێئاگایی یان ئاگایی دایە.
2- وەستانی ژمارەیی: واتا یادکەرەوە پێویستە لەکاتی یادکردنەوە (زیکر)دا ڕەچاوی ژمارەی زیکر و یادکردنەوەکانی بکات لە هەر هەناسەیەکیدا لە سێ یان پێنج یان حەوت تاوەکو بیست و یەک جار بەردەوام بێت.
3- وەستان لەدڵدا: واتا لەکاتی یادکردنەوە (زیکر)دا دڵت لای خودا بێت و دڵ بەردەوام هوشیار و بە ئاگا و ئامادەی یادی خوا بێت، بەبێ سەرقاڵبوونی زیاد لەپێویست بەدنیاوە. [1]