هەولێر
لەبەینی دینداری و بێ دینیدا
(نادی مۆزەفین)...
نادی مۆزەفین، یانەیەکی کەڵتوری هونەری کۆمەڵایەتی بوو بۆ خەڵکی هەولێرێ لەتەک یانەی ئازادی و عەنکاوە و نادی ئەخای تورکمانی ئێربیل قارداشلق ئوجاغی لای مەحکەمەی کەون.
شوێن هەڵکەوتنی جوگرافیای لەناوەندی شاری هەولێرێ بوو لەشوێن ساحەکەی پێش بازاڕی نیشتیمان.
هەر چوار لای و بەردەمی تەکیە و مزگەفت و خانەقا و قەبرستان و پیاو چاک بوو.
ئەوێ لەهەموو دەمەو عەسران بەهەردوو قاعە و باغچەی چیمەنە فریزە تەڕە نەرمە شێدارەکەی بەر ڕستەی جریوەی گڵۆپە سفرە ڕەنگاو ڕەنگەکان و ژوورە تایبەتەکانی جێگای سەرگەرم کردنێکی دەمەوعەسران و درەنگی شەوێی عارەقی عەسری و نەخلەی پڕ تام و بۆنی ڕازیانە و سندووقە بیرەی لوئلوئە و شەهرەزاد و فەریدە بوو لەتەک جاجیکی خەیار و توور و کەبابە پڕ سیرە گەورە ناسکە نەرمە چەورەکەی و مێزی کۆنکان و بیست و یەکی قومارچیە مەعلانەکانی شار. ئەو وەرەقانەی بەتەنیا یەک جار گەمەیان پێ دەکراو لەترسی کەشف بوونێ بۆیەکان لۆخۆیان دەیانبردەوە.
لەوێ هەر لەیونس ڕەئوفی دڵداری شاعیر و ئاوقات و مامۆستا حوسێن ڕەشوانی و نووسەر و شاعیر و هونەرمەند و ئەکتەری شار و تایەر تۆفیق و فوئاد ئەحمەد و تەحسین تەهاو حەمە جەزا و ئەعیانی شار لە کورد و تورکمان و دیان مێوانی ئێوارە سەرگەرم کردنێکی بەر شنە بای دار یۆکالیپتۆس و سەر وو ڕوولکە پەمبەیی و سپیە ناو مورتکەکانی قەراغ لێرەوارە کاشیەکان بوون بە سەرمەست بوونی بەر بۆنی تێکەڵاوی گوڵە قەنەفڵ و شەوبۆ و نازناز و دەمەشێری بەر دیوارە بە لاو لاو و پەنجەخانمە هەڵواسراوەکان.
لەدەستە ڕاستی باکووری هەولێرێ بە دووری سێ سەد مەتر تەکیە و مزگەفت و مەرقەدی شێخەڵای(شێخ عەبدوڵا قوتبل مەدار) بوو.
لەو بەینەش سینەما حەمرا بوو دەیان فیلمی خیلاعی و ڕۆمانسیمان تێدا دیتیە.
لەبەرامبەریشی مزگەفتی خانەقای ناو دەڵاڵ خانەی پڕ سوختە و فەقێ و مجێور بوو.
لەدەستە چۆپی ئەویش هەر بەدووری سێ سەد مەتر مزگەفتی گەورەی شاری هەولێرێی پشت لە ئەسواق سیروانی بوو.
دیواری پشتەوەی لەسەر قەبرستانی چراغی پڕ گومپەتی پیاو چاکان بوو.
بە دووری نیو کیۆمەتر هەر لەدەستە چەپی تەکیەی شێخی چۆلی(شێخ ثناءالدين)ی لێبوو.
لەبەرامبەری مەقامی عوزێر پێغەمبەری لێ بوو. بەدەر لە مەرقەدی سوڵتان موزەفەر و تەکیەی شێخ کاکەی گەڕەکی خانەقا و شێخ محێدینی گەڕەکی عارەبان و تەکیەی شێخ و قەبرستانی شێخ ئۆمەری کەهەمووی دە دەقیقە ڕێ نەبوو بە پێیان لە نادی ڕا.
بێجگە لەو هەموو دەروێش و وەلی شیر بەدەست و زەرگ لەبەرپشتێیەش.
کەسەک لە عارەق خۆر و قومارچیەکانی نادی و نوێژ کەر و لەخواترسەکانی هەموو ئەو مزگەفت و تەکیە و خانەقایانەش کەس حەقی بەسەر کەسەوە نەبوو بەچاوی سووک لەیەک ڕانەدەمان و هەر کەسە خۆی و عەمەلی خۆی.
لەهامشۆکەرەکانی ئەو دوو ناوەندە زۆر ڕێزیان لەیەک دەگرت ئیستیڤزازی شعوری یەکیان نەدەکرد لەسەرخۆش بوون و لە سەرمەقولاتی بەر زیکری دەف و شمشێری ڕووتی دەستی دەروێشە کەزی درێژە ماری ڕەش لەملەکان.
لە مانگی ڕەمەزان کۆی ئەو شوێنانە هەڵدەگیران و نەدەمان و لەعەنکاوەش دیانەکان زیاتر لە ئیسلامەکان ڕێزی موسڵمانانیان دەگرت.
لەهەموو بۆنەی ئاهەنگە گۆرانی و ئاوازەکانی نادی کۆڕوکۆبوونەوەی ئەدیبەکان بە چەپ و ڕاستیانەوە نوێژکەرەکان دەخلیان بەسەرەوە نەبوو. ئازادیەکی تەواوی خۆڕسک باڵی بەسەر شارەکە داکێشابوو.
لەمەکتەبێش گەلێک لەمامۆستایەکان و مودیرەکانمان دیان بوون تەڵەبەی دیانیشمان هەبوو لەسەفێ لەدەرسی دینی نەدەهاتنە ژۆرێ و لە ئیمتیحانێ لەدەرسی دینی عاف بوون بەس ئەسئیلەی عارەبیان جواب دەدایەوە و مابوو لۆ فورسەی ئەمەی تەڵەبە سوارێ سەر ملی تەڵەبە دیانەکانی گەڕەکی شۆڕش دەبووی لەبۆ گاڵتە شەهادەمان پێ دەهینان.
بەشی هەرە زۆری سستەرەکانی خەستەخانەش دیان بووی جێژنە پیرۆزەی سەری ساڵ و قیامەی هێلکە ڕەنگ کردنمان لێ دەکردن و ئەوانیش لەڕەمەزانی قەت لەبەر چاوی مە قوومەک ئاویان نەدەخواردەوە.[1]
یوسف، هەولێر
2021/4/26