میدیاکان و ناوی بێ ناوەڕۆک..!
#لەیلا بەرزنجی#
دوای ئەوەی بەرەهایی دەگاتە هەموو مالەکان یان دەبێتە هۆکاری ئەرێنی یان کێشه و گرفت سەرهەڵ دەدات بەبێ ئەوەی هەستی پێبکرێ کۆمەڵگا بەرەو چەواشەو داماڵین لە بە ها کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەکان دەبات، ڕاگەیاندن بەڕۆڵێکی کاریگەر دادەنرێ بۆ دروست کردنی کۆمەڵگایەکی پێش کەوتوو، بە پێچەوانەشەوە ناڕێک و دواکەوتوو داڕووخاو، چونکە ئاستی ڕۆشنبیری و شارستانیەت و پەروەردەی کۆمەڵگا دەردەخات، هۆشیاری تاکەکان پیشان دەدات و بەدنیای دەرەوەی دەناسێنێت، بەهۆی کەناڵە ئاسمانیەکان گواستنەوەی بۆ ناوچەکان و وڵاتان ئاسانتر دەبێت، ڕاگەیاندن بە ئاسانترین هۆکار دادەنرێ کە لە هەموو ماڵەکاندا بونی هەیەو لە ئێستادا پشکی شێری بەردەکەوێت هەم لە بنیات نان و هەم لە شێواندن وتێکدان، بەداخەوە کڕینی دراما و بەرنامەی نادروست و گاڵتەو گەپی ناشایستە و نامۆ بەکەلتور و ڕەسەنەیاتی کۆمەڵگەی کوردەواری و وەرگێڕانی بۆ سەر زمانی شیرینی کوردی بۆتە هۆکارێکی کاریگەر بۆ پەروەردە کردنی نەرێنیانەی تاکەکان، هاوکات هۆکارە بۆ ئەوەی کە منداڵەکانیش تامەزرۆییان هەبێت بۆ ئەو دراما بێبەهایانەی کە دەبنە مایەی چەندین ڕووداوی نادروست و نابەجێ، چەندین نموونەی زیندوومان بینی کە چۆن منداڵ کاریگەر بووە، هەوڵی لاسایی کردنەوەی دراماکە و کارەکتەرو مەشهەدەکانی داوە، من نامەوێت گەڕانەوەی ڕابردو بیری تازە ژەنگی بکەم و فکرەکان لەڕابردودا کۆبکەمەوە، بەرەو پێش چون و نەوەی تازە گرێبدەم بەڕابردوو، بگرە بۆ لایەنی پەروەردە ئەگەر هاتوو تۆزێک کات بگەڕێنینەوە هەریەک لەئێمە تامەزرۆو پەرۆشی سەردەمانێکین کە ڕەچاوکردنی پەروەرده و ڕەسەنایەتییەکان و گەورەو بچوکی و ڕێزو خۆشەویستی و شەرم و شکۆمەندی خەم و تایبەتمەندی شاشه و کەناڵەکان بوو، بەرنامەکان دەبوونە مایەی خەندەو خۆشی لەناو خێزانەکان، بەرنامەکان دیاری کراو بوو، منداڵ کاتێ ماوەی منداڵان تەواو دەبوو دەچوو بۆ کایە کردن تێکەڵ بون بەدنیای پاکی منداڵی، یاخود بەسەربردنی بە کارێک کەئارەزووی بکردایە، بەڵام نەوەی ئێستا دەبێت دایکو باوک زۆر ئاگاداربن لە بەرنامەی منداڵەکان چونکە بەلاڕێدابردن زۆر ئاسانەو بەرنامەڕێژی بۆکراوە بەبێدەنگی، بەبێ ئەوەی کەس پەی پێببات بەداخەوە منداڵەکان وەک خاڵی سەرەکی بەئامانج گیراون، بۆیە هەر ڕێگایەک بۆ پاراستنی بگریتە بەر، ڕێگایەکی تر لەبەردەمی واڵا دەبێت و کۆنتڕۆڵ کردنی زۆر ئەستەمە، لەم بەشەدا زیاتر بابەتەکەمان چڕدەکەینەوە لەسەر زیانەکانی ڕاگەیاندن.
زۆری ژمارەی ڕاگەیاندنەکان بۆ؟ ئایە ڕاگەیاندنی بواری منداڵان وەک پێویستە؟ ئایە شایستەی ئەوەیە کاتی بۆ تەرخان بکرێ؟ ئێمە پێویستیمان بە چ ڕاگەیاندنێکە ؟ ئەولایەنانە کامەن کە ڕاگەیاندن خزمەتی کردون و سوودبەخش بوون؟ لەگەڵ دەرکەوتنی ئه و ڕووداوو دەرەنجامە نەرێنیانەی کە ڕاگەیاندن بۆتە هۆکاریان ڕاپرسیەکم لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەنجامدا بۆ خستنەڕوی سودو زیانەنی بەرنامەکان بەتایبەت تیڤییەکان، بەشێوەیەکی ئازاد بۆ چون و ڕەخنەو پێشنیارەکانم کۆکردەوە، لەپێناو دەرخستنی کاریگەریە ئەرێنی و نەرێنییەکانیان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو و گشتگیر، چونکە بابەتەکە گرنگ و هەنوکەییە، بۆیە وا لێرەدا دەیخەمە بەردیدی خوێنەران:
بەشێکی زۆریان هاوڕان لەگەڵ زۆر و بۆری کەناڵەکان و بەتایبەت بنینراوەکان زۆر ناپیشەیی و نابەرپرسیارانە کار دەکەن، هیچ پێوەرێکی زانستی و بابەتی لە کارەکانیاندادا نابینرێت، ئامانجەکانیان دیارو ڕوون نییە، تایبتمەندیان نییە، تێبینی کراوە بەشێکی زۆری ڕاگەیاندکارەکانیان بۆ دەسکەوتی مادی یان پاڵنەری سیاسی و کۆمەڵایەتی کار دەکەن، پسپۆڕی ڕاگەیاندنیان نییه و شارەزانین لە یاساو پرەنسیپەکانی کاری میدیایی، بۆ پڕکردنەوەی کات و دەستخستنی ڕیکلام لە ڕێگەی فیلمە دۆبڵاژ کراوەکان کە بەتەواوی نامۆن بە ڕەسەنایەتییەکانمان وهیچ بەهایەکی ئەخلاقی کۆمەڵگەی کوردیان تێدا نییە، پڕە لە وتە و ڕەفتار و جنێوی ناشیرن کە ڕۆژانە منداڵان دووبارە و لاسایی دەکەنەوە، لەلایەنی پەیوەندیدارەوە هیچ سانسۆرێک نییە بۆ ئەو کەناڵانە، ئەوانیش ڕەچاوی لایەنی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ناکەن، ڕاگەیاندنەکان تەنها بارگرانین بەسەر میللەت و پارەیەکی زەبەلاحیان بۆ خەرج دەکرێت، کە قوت و داهاتی میللەتە، سوودیان بۆ خەڵکی کوردستان نییە، بەرپرسیارن لە لاوازکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و هەڵوەشانەوەی خێزان، زۆر بوونی دیاردەی توندوتیژی و تەڵاق و ناپاکی هاوسەران و..هتد. زۆربەیان جێگای خۆ دەرخستنی هەندێ کەسن، زیاتر لە 30 کەناڵی ئاسمانی و 100 کەناڵی ناوخۆییمان هەیە، لەکوێی ڕۆڵ و ئەرکەکانیانن بۆ هۆشیاری کۆمەڵگە و بنیاتنانی ژێرخانی ڕۆشنبیری کۆمەڵگەیەکی ماندووی وەک کۆمەڵگەی ئێمە؟ کامانە ئه و بەها مرۆییە جوانانەی کە ئەوان کاریان کردووە بۆ تۆخکردنەوه و بەهێزکردنی؟ ئێستا میدیا گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سوکایەتی و ناوزڕاندن و تیرۆری کەسایەتی تاکەکانی کۆمەڵگەکەمان.. بۆیە پێویستە لایەنی پەیوەندیدار چاودێری ڕاستەقینەبن بەسەر میدیاوە لە پێناو پاراستنی تاکەکان و پاراستنی کەلتورو ڕەسەنایەتی نەتەوەیی و بەها باڵا مرۆڤایەتییەکان هەڵبەت لە ڕێگەی یاساو ڕێنماییەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە ئازادی میدیایی، بەڵام بەرپرسیارێتی حکومەتە کە نەیەڵێت میدیا ببێتە وێستگەیەک بۆ نەهێشتنی هەستی خۆبەندی و ڕووخانی هێزو توانای گەنجا ن و بەلاڕێدابردنیان، بەڵکو ببێتە هۆکاری بنیاتنانی تواناکان و هۆشیاری و دەرخستنی بەهره و کارامەییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە بەتایبەت گەنجان و لاوان.