چاخی بەردین لە کوردستانی باشووردا
بەسەرپەرشتی : خاتوو دۆرسێ گاڕۆد
لە ئینگلیزییەوە : #محەمەد حەمەساڵح تۆفیق#
هەڵکۆڵین و پشکنین لە ئەشکەوتەکانی زەرزی و هەزارمێرددا
کنە و پشکنین و هەڵکۆڵین لە لیوای سلێمانیدا، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی عێڕاقەوە، بە ڕەوانەکردنی نێردەیەکی هاوبەشی سکووڵی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی پێش مێژوو لەگەڵ سندووقی یادەوەریی پێرسی ساڵدەندا. ئەندامانی دەستەکە ئەمانەی خوارەوەن:
- خاتوو دی. ئەی. ئی. گاڕۆد (بە نوێنەرایەتی سندووقی یادەوەریی پێرسی ساڵدەن(
- خاتوو سی. ئەی. بەینەس (بە نوێنەرایەتی سندووقی یادەوەریی پێرسی ساڵدەن(
- مستەر ڕۆبەرت ئەی. فرانکس (بە نوێنەرایەتی سکووڵی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی پێش مێژوو)
- مستەر ف. تورڤیڵ – پێترە (بە نوێنەرایەتی سکووڵی ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوەی پێش مێژوو)
لە مارتی 1928دا و لەسەر مستەر کووکی بەڕێوەبەری شوێنەوارەکان، من لە ئۆرشەلیمەوە ڕۆیشتم بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی نەخشە و پلانمانەوە بۆ ئەم نێردەیە و لەسەر پێشنیازی مستەر کووک ڕووم کردە باکوور بۆ کەرکووک بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی ئەگەری کارکردن لە لیوای سلێمانیدا. کاتێک کە لەوێ بووم دەرفەتێکی باشم لێهەڵکەوت بۆ دۆزینەوەی ژمارەیەک لەو کەرەستە و ئامرازانەی لەسەر ڕووبەری بەرد و چەوی نزیک شارەکە پەرش و بڵاو بووبوونەوە. لە گەڕانەوەمدا بۆ بەغدا، لەگەڵ مستەر کووکدا گەیشتمە ڕێککەوتنێکی تەواو کەوا پێویستە مۆڵەت بدرێتە نێردەکە لە پایزی داهاتوودا دەست بەکاری هەڵکۆڵین و پشکنین بکات لە ئەشکەوتەکانی لیوای سلێمانیدا.
ئەندامانی نێردەکە لە 15ی ئۆکتۆبەری 1928دا بەغدایان بەجێ هێشت و بە شەمەندەفەر چوون بۆ کەرکووک و لەوێوە بە ئۆتۆمبیل لە 18ی ئۆکتۆبەردا گەیشتنە سلێمانی و لەوێ کەمپێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەی هێزی ئاسمانیدا چێکرا و ماوەی یازدە ڕۆژمان بەسەر برد بۆ سۆراخکردن و شارەزابوون بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی بەتەواوی کام جێگە و شوێنەوار گونجاوترینە کاری تێدا بکەین. ئەوجا کۆمەڵێکی پێکهاتوو لە شەش ئەشکەوتی نزیک گوندی هەزارمێرد، کە ماوەی هەشت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژئاوای سلێمانییەوە، سەردانی کران و هەندێک ئاسەواری سووکی چەرخی مۆستیری دۆزرانەوە. بەپێی ئامۆژگاریی کاپتن لاین کە پشکنەری کارگێڕیی لیوای سلێمانی بوو و مستەر فرانکس و مستەر تورڤیڵ پێترە گەشتێکی سۆراخکردن و شوێنەوار دۆزینەوەمان کرد بۆ ناوچەی سورداش، کە ماوەی 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری سلێمانییەوە. نێردە شوێنەوارییەکە سەردانی ژمارەیەک ئەشکەوت و پەناگە و کونەبەردیان کرد و تاوتوێی ئەوانەیان کرد کەوا کامیان بەکەڵک دێن بۆ مەبەستەکەیان و لە نێویاندا یەکێکیان پاشماوەی نیشتەجێبوونی تێدا بوو لە چاخی بەردیندا، کە ئەمەش ئەشکەوتێک بوو لە نزیکی گوندی زەرزی و تێیدا ژمارەیەکی زۆری کەرەستە و ئامرازی بەردەئەستێی شێوازی چاخی بەردینی باڵای کۆن بەدەست هێنران.