$گردی قالینج ئاغا$
ناوی ئەم گردە لە (قالە انجە) ھاتووە واتە قەڵای گچکە بە بەراوردی لەگەڵ قەڵای ھەولێر، شوێنەکەشی دەکەوێتە دووری (ا کم) لە خوارووی #قەڵای هەولێر# ، دەکەوێتە نزیک سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر .
ڕووبەرەکەی (30.000 م2) بۆ یەکەم جار لە سالێ ( 1966ز) پشکنینی تێدا ئەنجام دراوەو بەھۆی ئەو کەلوپەلانەی کە دۆزراونەتەوە توانراوە بزانرێت کە گردی (قالینج اغا) لە چەند سەردەمێکی بە دوای یەکدا ھاتووە. لە ھەزارەی (پێنجەم و چوارەمی پ.ز) مرۆڤی تێدا نیشتەجێ بووە کە ئەمەش سەردەمی (حلف, عبید. ورکاْ ) دەگرێتەوە.
گردی قالینج ئاغا یەکێکە لە کۆنترین شوێنە مێژوییەکانی #باشووری کوردستان# لە شاری هەولێر و دەکەوێتە باشووری قەڵای ئەو شارە. گردەکە لە سێ قۆناغدا لەنێوان ساڵانی 1966 بۆ 1970 هەڵکۆڵینی بۆ کراوە. لە ئەنجامی ئەو هەڵکۆڵینانەدا، کۆمەڵێک شوێنەوار دۆزراونەتەوە کە گوزارشت لە مێژوو و ژیانی ئەوکاتی دانیشتووانی ناوچەکە دەکەن.
یەکێک لە شوێنەوارە دۆزراوەکانی گردی قالینج ئاغا، کۆمەڵە گوڕێک کە وەک گۆزە درووست کراون و بۆ ناشتنی تەرم بەکار هاتوون. 49 گۆڕ لەو گردەدا دۆزراونەتەوە و شوێنەوارناسان بەسەر سێ چیندا دابەشیان کردووە. چینی یەکەمی 13 گۆڕ، چینی دووەم 32 گۆڕ و چینی سێیەمیش چوار گۆڕ بووە.
لەناو هەندێک لەم گۆڕانەدا، گۆڕی بچووک بە درێژایی 90 بە 65 سانتیمەتر دۆزراوەتەوە و شوێنەوارناسان کۆکن لەسەر ئەوەی کە لەنێو ئەو گۆڕانەدا منداڵی لەنێوان تەمەنی دوو بۆ پێنج ساڵ، نێژراون.
ڕەنگی ئەو گۆڕانە، زەرد، سەوز و قاوەییە و ڕەنگی قوڕەکەیش، بۆرێکی کراوەیە. 34 گۆڕ لە 49 گۆڕە دۆزراوەکەی گردی قالینج ئاغا بەو شێوەیەن و کای وردیان لەگەڵ قوڕی ڕەش تێکەڵ کردووە و سووتاندنەکانیشیان لەژێر پلەی گەرمای بەرز نەبووە. زۆربەی ئەو گۆڕانە ڕوویان بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات یان باشووری ڕۆژاوایە.
شوێنەوارناسان دووپاتی دەکەنەوە کە مێژووی ئەو گۆڕانە بۆ پێنج هەزار یان پێنج هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
تەرمی ئەو منداڵانە بە شێوەیەک لەنێو گۆڕە گۆزەییەکاندا دانراون کە بە تەواوی هاوشێوەی دۆخی کۆرپەڵەیە لەنێو منداڵدانی دایکیاندا، ئەوەیش شوێنەوارناسانی تووشی سەڕسوڕمان کردووە.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر دەڵێ، لە سەرچاوەکان دەردەکەوێ کە لەو سەردەمەدا زانستی پزیشکی زۆر پێشکەوتوو بووە، ئەویش لە شێوازی درووستکردنی ئەو گۆڕانە و هەروەها شێوازی ناشتنی تەرمەکان دیارە، چونکە منداڵەکان وەک چۆن لە منداڵدانی دایکدان، بەو شێوەیە نێژراون.
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی هەولێر، پێی وایە لەو سەردەمەدا ئافرەت زۆر پیرۆز بووە و پلەی تایبەتی لەنێو کۆمەڵگەدا هەبووە، تەنانەت لە هەندێ ناوچەدا سەرۆک هۆز یان بڕیاردەرێکی گەورە بووە، بۆیە شێوازی گۆڕی منداڵان لە ئافرەت بەستراوەتەوە.
لەنێو ئەو گۆڕانەدا هەندێک کەلوپەل دۆزراونەتەوە وەک مووروو، زیو، زێڕ و خشڵی کۆن کە ئەمانە وەک بابەتی جوانکاری لەگەڵ مردووەکە نێژراون و شوێنەوارناسان پێیان وایە، ئەوانە هیچ پێوەندییەکیان بە مەراسیمی ئایینییەوە نەبووە.
بەشێک لە شوێنەوارناسان پێیان وایە مرۆڤی ئەوکات، باوەڕی بە زیندووبوونەوە هەبووە، بۆیە کەلوپەلی لەنێو گۆڕێک ناوە کە لە شێوەی منداڵدانی ئافرەتە.[1]