(پەرێشانی)
چارەی خەمی من مەی نییە، مەیخانە بڵێ چی؟
به و دەردەوە مەی نامگرێ، پەیمانە بڵێ چی؟
پێم وا نییە له و غەدرە لە فریام بکەوێ کەس
ئه و دۆست بوو وەفای بۆم نەبوو، بێگانە بڵێ چی؟
بسکت بدە دەس شانه، بەڵام چین مەخە ئەبرۆ
زولفی تۆ شنە تێکیدەدا، شانە بڵێ چی؟
هەر عاشقه، سووچیشی نەبێ، دەیخەنە ئەستۆی
شەم ئاگری کردۆتەوە، پەروانە بڵێ چی؟
تاوانی منە دەربەدەری و دەردیسەری من
مەل خۆی سەری خۆی هەڵگرێ، هێلانە بڵێ چی؟
شێتی قەدی تۆ شەرتی لەگەڵ چۆڵ و چیا بوو
زانا بێ بە زنجیرەوە، دێوانە بڵێ چی؟
خاڵی تۆ به پەرژین و خەیاڵ ناسک و سادە
بێچارە لەناو ئه و هەموو پاوانە بڵێ چی؟
چیرۆکی جوانی تۆ لەناو لاپەڕ و دێڕا
ناگونجێ، ئیتر نووسەری ئەفسانە بڵێ چی؟
تاسەی تۆ کە دامدەگرێ، دەڵێن: 'ئاخری خێر بێ!'
'هێدی' لەگەڵ ئه و کۆنەبرینانە بڵێ چی؟
(هێدی)