لەشکرکێشی تورکیا و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان ئیدانه دەکەین
- جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...
- پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان...
- ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی...
دوای لەشکرکێشی تورکیا بۆ باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان و داگیرکردن و تاڵانکردنی شار و شارۆچکەکان و جینۆسایدکرنی هاوڵاتییانی سڤیل، چەند ڕۆژێکە سوپای داگیرکەری تورکیا له باشووری کوردستان جگە لە وێرانکردن و چۆڵکردنی گوندەکانی سەر سنوور، دەستیکردووە به وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و بڕینەوەی دارودرەخت و سەوزایی باشووری کوردستان، وەکو ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان لەشاری عفرین کردی کە لەوێش دەستیکرد بە وێرانکردنی شوێنەوارە مێژووییەکان و سوتاندن و بڕینەوەی دارستانەکان و هەڵتەکاندنی هەزاران دار زەیتوون کە بەشێک بوون و له ژینگەی کوردستان و سەرچاوەی داهات و بژێوی هاوڵاتییان.
ئامانجی تورکیا لە لەشکرکێشی و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی سەوزی کوردستان، فراوانکردنی بازنەی داگیرکردنی کوردستان و، هەوڵدانییەتی بۆ لەباربردن و ڕووخاندنی هەردوو ئەزموونی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، تورکیا دەیەوێ کوردستان بخاتە ژێر قەلەمڕەوی خۆی و داگیری بکات و سوپای خۆی تێدا جێگیر بکات، بەرپرسانی تورکیا نایشارنەوە ئەوەی له عفرین کردوویانە لەباشووری کوردستانیش دەیکەن، بەپێی ئەزمونەکانیش تورکیا بچێتە هەر شوێنی جێی ناهێلێێ بۆ نمونە کاتی خۆی ئەسکەندەرۆنەی داگیرکردو تا ئێستاش دەستبەرداری نەبوو، لەحەفتاکانەوە چۆتە ناو بەشێک لە قوبرس و نەکشاوەتەوە، تورکيا بە درێژایی مێژوو هەموو کات دژی کیان و دەستکەوتی کورد وەستاوەتەوە.
ئێمە لەیەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی کوردستان و شەهیدکردن و دەربەدەرکردنی هاوڵاتییانی سڤیل و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان و بڕینەوەی دارودرەخت و سەوزایی خاکی کوردستان بە توندی ئیدانە و مەحکوم دەکەین و، داوا لە سەرجەم هێزو لایەنه سیاسییە کان و پەرلەمان و حکومەتی کوردستان دەکەین، درک به و مەترسیە گەورەیەی هێرش و پەلامارەکانی سوپاسی تورکیا بۆ سەر کوردستان بکەن و لەرێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە بڕیار بەدەستەکانی جیهان، ئه و سنوور بەزاندن و هێرش و پەلامار و وێرانکارییەی تورکیا بوەستێنن و، کارێکی وابکەن کە تورکیا خاکی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بەجێبهێلێت و کۆتایی بەداگیرکاری تورکیا بهێنرێت.
- مردن و ڕوورەشی بۆ دوژمنان و داگیرکەرانی کوردستان.
- بێتە دی کوردستانێکی سەربەخۆ و ئازاد و یەکگرتوو و دیموکرات.[1]
مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
3/ 6/2021 هەولێر- باشووری کوردستان