شێخ ئیبن سەلاحی شارەزووری
ناوی: ئیمامی زانا و شەیخولئیسلامی مەزن عوسمان کوڕی عەبدولڕەحمان کوڕی عوسمان کوڕی موسا کوڕی ئەبونەسر: ئەلنەسری، ئەلشەرخانی، شارەزووری، ئەلموسڵی، ئەلشافیعی، ناسراو بە ئیبن سەلاحی شارەزووری. نازناوی: تەقیددین، کونیەی: ئەبوعەمر.
ئیبن سەلاح، فەرموودەناس و لێکدەرەوە و موفەسسیری قورئان و زانای شەرعزان و موفتی و زانای شارەزا بە ئوصولی دین و زمانزان و نەحوی و شارەزا لە ناسینی پیاوانی فەرموودەگێڕەوە و شارەزا لەچەندین زانستدا. لەگوندی شەرخان1 ساڵی (557کۆچی - 1181زاینی) لەدایکبووە و لەساڵی (643کۆچی–1245زاینی) لەشاری دیمەشق کۆچی دوایی کردووە و لەگۆڕستانی سۆفییەکان لەدەرەوەی دەروازەی ئەلنەسر نێژراوە. زێدی لەدایکبوونی کە (گوندی شەرخان) بووە بەپێی سەرچاوە دێرینەکان، ئاواییەک بووە سەر بە شاری هەولێر، و نزیک لە هەرێمی شارەزووری ئەوکات، ئێستا بەگوندی شیلەخان بەناوبانگە.
سەرەتا لای باوکی لە ئاواییەکەی خۆیان خوێندوویەتی، باوکی زانای ئەو ناوچەیە بووە. ئیبن سەلاح دواتر بۆ فێربوونی زانست گواستوویەتییەوە بۆ شاری موسڵ و ماوەیەک لەوێ سەرقاڵی خوێندن بووە و لای مامۆستایانی ئەو شارە وانەی خوێندووە، لەمەزهەبی شافعییدا بەتوانا بووە. دواتر چووە بۆ شاری بەغدا و لەوێ لای زاناکانی ئەو شارە درێژەی بەخوێندن داوە، هەروەها بۆ خوێندن شار و ناوچەی دیکە گەڕاوە، لەوانە: (دونەیسیر، هەمەدان، نەیسابور، مەروە، شام، حەڵەب، حەڕڕان) و شارگەلی دیکەش. لەو شارانەدا و لەسەر دەستی زاناکانیان سەرجەم زانستە شەرعییەکان و زانستەکانی زمانی عەرەبیی خوێندووە، پاشان کە پێگەیشتووە و زانستەکانی تەواوکردووە بووەتە پێشەوا و ئیمامی سەردەمی خۆی لەزۆر لەو زانستانەدا.
دوای بوونی بە مامۆستا، لەشاری قودس لە خوێندنگە و فێرگەی ئەلسەلاحییە دەستی بەوانەوتنەوە کردووە، پاشان چووە بۆ دیمەشق و لەئەلڕەواحییە وانەی وتووەتەوە، دواتر لە دارولحەدیسی ئەشرەفییە کە لەوێ ئەو یەکەم کەس بووە لەزانایانی فەرموودەناس وانەی وتبێتەوە، پاشان وانەی لە خوێندنگەی ست الشام وتووەتەوە، ژمارەیەکی زۆر زانای سەردەمی خۆی وانەیان لەلا خوێندووە و خەڵکێکی زۆر لەفێرخوازانی زانست، وانەی شەرعزانییان لێوەرگرتووە و کۆمەڵێکیش فەرموودەیان لێوەگێڕاوەتەوە و سوودیان لەزانستەکەی وەرگرتووە 2.
نووسراوە زانستییەکانی:
قال ابن کثير: وقد صنف کتبًا کثيرة مفيدة في علوم الحديث والفقه 3؛ ومن مؤلفاته في الحديث وعلومه:
1-صيانة صحيح مسلم من الإخلال والغلط وحمايته من الإسقاط والسقط 4.
2-معرفة أنواع علوم الحديث، المعروف ب-مقدمة ابن صلاح- 5.
3-نکت علی علوم الحديث 6.
4-معرفة المؤتلف والمختلف-أو المؤتلف والمختلف في أسماء الرجال-: وهو في ڕجال الحديث 7.
5-رسالة في وصل البلاغات الأربعة في الموطأ 8.
6-کتاب مسند عثمان بن الصلاح الأثري فيما ورد من الأحاديث في فضل الإسکندرية وعسقلان 9.
7-الأمالي في الحديث 10.
8- (الأحاديث الکلية)، زەینەددین ئەلبەغدادی دەڵێت: ئیمام ئیبن سەلاح کتێبێکی دانا بەناوی (الأحاديث الکلية)، کە تیایدا سەرجەم ئەو فەرموودانەی کۆکردەوە کە بۆچوون وایە کاروباری ئاین لەسەری دەڕوات، هەروەها ئەوانەی کە واتاگەلی گشتگیر و کورت وپوخت دەبەخشن، کتێبەکە 26 فەرموودە لەخۆ دەگرێت، پاشان ئیمام ئەبوزەکەریای نەوەوی ڕەحمەتی خوای لێبێت ئەو فەرموودانەی کە ئیبن سەلاح نووسیبوونی وەرگرت و فەرموودەی دیکەی بۆ زیاد کرد و کردنی بە (42) فەرموودە و کتێبەکەی ناونا الاربعین چل گوڵ، ئیتر ئەو چل فەرموودەیەی کە ئەو کۆیکردنەوە ناوبانگی پەیداکرد و زۆرکەس لەبەریان کرد و بەبەرەکەتی ئەو کەسەی کە کۆیکردنەوە خوا سوودەکەی گەیاند بە خەڵکی 11.
9- أنوار اللمعة في الجمع بين الصحاح السبعة، وينتسب أيضًا للصهاوي ولأبي عوانة 12.
10-جزء فيه حلية الإمام عبدالله محمد بن إدريس الشافعي 13.
تێبینی:
ئیبن سەلاحی شارەزووری لەزانستی فەرموودەناسیدا پێشەنگ بووە، ئەو ناودارێک بووە لەزانستی ناسینی پیاوانی فەرموودەگێڕەوەدا، هێمایەکی ئاماژەپێکراوە لەناو ئەهلی حەدیس و شارەزایانی فەرموودەناسیدا. لەو زانستەدا جێدەستی دیارە لەشیکردنەوەی فەرموودە و قسەکردن لەسەر فەرموودە و ڕاست و لاوازی فەرموودە و زانستی جەرح و تەعدیلدا.
ئیبن سەلاحی شارەزووری چەند دەستنووسێکی هەن کە تا ئێستا لێکۆڵینەوە و تەحقیق نەکراون، کە لەکتێبخانەکانی ئەیاسۆفیا لەئەستەنبوڵ و کتێبخانەی ڕیاز لەوڵاتی سعودییە پارێزراون. ئەمە جگە لەچەند دەستنووسێکی دیکە کە مێژوونووسان بە نووسراوی ئیبن سەلاحیان داناوە بەڵام پێویستییان بە لێکۆڵینەوە و پشتڕاستکردنەوە هەیە، کە ئەوانیش لەکتێبخانەی ڕاغب پاشا لە ئەستەنبوڵ و کتێبخانەی ڤاتیکان لەوڵاتی ڤاتیکان پارێزراون.
ئامادەکردنی: ستافی زانستی ماڵپەڕی ئیبن صەلاحی شارەزوور [1]