#هێرش ڕەسوڵ#
هەرچەند دەرفەتم زۆر کەم بوو، بەڵام هەرچۆنێک بوو، لە چەند مانگی ڕابردوودا و لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەلیکترۆنییدا، توانیم نوێترین ڕۆمانی (#نیهاد جامی#) بخوێنمەوە.
نیهاد پتر وەک نووسەر و شانۆکار و ڕەخنەگری شانۆیی ناسراوە، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە کار لە نووسینی چیرۆک و نۆڤلێت و ڕۆمانیش دەکات.
ئەم کارە تازەیەی ناونیشانی (#کارینا#)ی هەڵگرتوە. کارینا بەپێی ئەندێشەسازیی ڕۆماننووس یەکێکە لە ئەندامانی (بنەماڵەی خەیاڵ). کچێکە، لە دایک و باوکییەوە بە خەیاڵ دەژی، بە خەیاڵ بیردەکاتەوە، بە خەیاڵ ڕەفتاردەکا و، دەیەوێت هەر بەو خەیاڵەوە ئایندەی خۆی بنەخشێنێت.
یٔیشی من نییە لەم کورتەنووسینەدا، چیرۆک یان چیرۆکگەلی نێو ڕۆمانەکە بگێڕمەوە و ڕوداو و کەسێتییەکانی ئاشکرابکەم، هێندەی دەمەوێ تەنیا وەک خوێنەرێک هەست و بینینی خۆم بە کورتیی بخەمەڕو.
سەرەتا، نایشارمەوە هەم چێژم لە خوێندنەوەی (کارینا) وەرگرت، هەم قووڵییم لێ ڕەچاوکرد.
پەیکەری ڕۆمانەکە بریتییە لە سێ پەڕتووک لەناو پەڕتووکێکدا، هەریەکەیان گێڕەڕەوەی خۆی هەیە، پاشان هەمایان لە هێڵێکی چیرۆکئامێزدا یەکدەگرنەوە. وەکچۆن کەسێتیی ڕاستینەی ڕۆماننووسیش (نیهاد) لە کۆتاییدا یەکێکە لەوان.
گێڕانەوە لە (کارینا)دا زیاتر بە زمانی کەسی یەکەم و کەسی سێیەمە، کەوا لەلایەن کارەکتەرە سەرەکیی و لاوەکییەکانەوە چیرۆکە جیاوازەکان نمایشدەکرێن.
تەکنیکەکەیشی جادوەواقیعیی (ریالیزمی سیحری)یە و شێوازێکی جوان و سەرنجبەرە.
بۆ لایەنی زمانەوانیی، ڕێنووس و خاڵبەندیی هەست بە جۆرێک لە پەلە دەکرێت، چونکە هەندێ هەڵەی تێدایە، بەڵام کەمیان هەڵەی گەورە و ماناگۆڕن.
ناکرێ من لێرەدا ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بخەمەڕو، بەڵام تەنیا دەمەوێ هێندە بڵێم؛ (کارینا) ڕۆمانی دەستنووسە خوێناوییەکانە، دەفتەری نەخوێنراوەی نەوەی یٔازاردراو و بێیٔومێدی دوای ڕاپەڕینی 1991ە، یاداشتی ڕۆژنامەنووسە گەنجە تێرۆرکراوەکانە.
تەوەری ڕۆمانەکە، تەنیا لە دەوری بابەتی سیاسیی ناخولێتەوە، بەڵکوو لایەنی ئابوریی، کۆمەڵایەتیی، کەلتوریی_یش دەگرێتەخۆ.
چیرۆکەکانی نێو (کارینا) پڕن لە فڕین و ونبون، سەرڕێژن لە کوشتنی هیوا، بێهودەیی، گەمژاندن، لەسەر دەستی نەوەی دوەمی سیاسەت لەم نیشتمانەدا.
بەو هیوایەی، (کارینا) تەنیا لەنێو جاڵجاڵۆکەتۆڕی جیهانییدا نەمێنێتەوە و بە کاغەزییش چاپکرێ و بکەوێتە نێو ڕەفەی پەڕتووکخانەکانیش.
سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ نیهاد جامی.[1]