ژیاننامەی مام ئازادی سماقولی:
دایکم زۆر جاران دەیگوت: کوڕم تۆ ساڵێک دوای (ساڵی چەپلە) لە دایک بوی، بەڵام نەیدەزانی چ وەرزێک بوو..
رۆژێک باسی بیرەوەری توتنەوانی سماقولی دەکرد، گوتی: بابت توتنی ئاو دەدا منیش بژارم دەکرد، بابت هاواری کرد کچێ سەرت لە قوڕێ نێ..ئاو گەیشتە بن کوڕەکە..
تومەز دایکم منی لە بن گەڵای توتن، لەناو دێراوی توتن نواندبوو.
یەکسەر گوتم : ئەوکات تەمەنم چەند بوو ؟ گوتی : هەر چوار مانگ دەبوی..
جا زانیم من لە گوڵان ی ساڵی 1959 لە دایک بووم..
ئەوکات لە خۆشەویستی کەریم قاسم بە (کەریم) ناوزەد دەکرێم، دوای دوو ساڵ کە شۆڕش هەڵدەگیرسێ، خەڵک دەڵێن : بابە تازە کورد ئازاد بوو، باوکیشم ناوەکەم دەگۆڕێ بۆ (ئازاد)..
تا تەمەنی 14 ساڵی لە سماقولی ژیاوم، سەرەتاییم لەوێ خوێند، ناوەندیم لە قوتابخانەی (برایی) تەواوکرد.
سێ ساڵ ئامادەیی پیشەسازی کارەبای #هەولێر#
دوو سالیش ئامۆژگای پێگەیاندنی نەوتی بەسرا
چواردە ساڵ خوێندن خێری پولێکم لێ نەبینی.
شەش ساڵی هەڕەتی گەنجیم بە شۆڕش بەخشی، سەگی زۆربەی ئاوایی کوردستانم پێ وەڕیوە.
هەروەها سەگی دووپێش پێم وەڕیوە: ڕۆژێک لە مەجلیسێکا، باسی من دەکرێ، کەسێکیش شانی داداوەتەوە بەسەر بالیف دا دەڵێ : کوڕە باسی کێ دەکەن، ئازاد خێری دە فلسی شۆڕشی نەبوە..!
بێگایەکیش وەڵامی دەداتەوە : ویژدانت هەبێ ئاخر یەک جار بە سەر چیای هەورێ بکەوی، هەزار فلس دێنێ، ئازاد هەزار جار بەسەر چیا کەوتوە ؟!
ئەوپەڕی ژیانی فەقیری و ئەوپەڕەکەی دەوڵەمەندیشم بینیوە.
فەقیریمان هۆکارەکەی ئەوەبوو، هەرچی ماڵمان هەبو دەمان دا بە خزمان، ماڵەکەمان هوتێلی خزمان بوو، ئەگەر جێگاش نەبوایە لەسەر بانی ماڵی خۆمان، بانی مزگەوتمان بە قەرز وەردەگرت، کە دراوسێ بوین لەگەڵ ماڵی خوا..! و لەوێ دەمان خەواندن..
ساڵی 1979 لە خانویەکی بچوکی قوڕ دابوین، شەو تا بەیانی بارانی بە خوڕ باری، ژورەکان دڵۆپەی دەکرد، کە بەیانی هەستاین حەمام و ئاودەستەکە تەپک بو بون، دیمەنێکی زۆر ناخۆش بوو، لە شار خانوت بەسەردا بڕوخێ!
زۆرم سەرکۆنەی بابم کرد، گوتم : ئەوە سەددام سولفەی عەقاری دەدا بۆ وەری ناگری و خانوەکەی پێ کۆنکریت بکەین؟
بابم گوتی: کوڕم پرسی مەلام کردوە دەڵێ : سولفە حەرامە و پارە ئیزافەی لێ وەربگیرێ حەرام دەبێ..
پاشان باوکم دەچێتەوە لای مەلا و دەڵێ : مامۆستا وا حەمام و ئاودەستەکەمان ڕوخاون، یەک فلسیشم نیە پێی چاکبکەمەوە، ئێستا چی بکەم ؟
مەلاش دەڵێ : بڕۆ سولفەکە وەربگرە، خوێندومەتەوە سولفە بۆ حالەتی زەروری گوناهت ناگاتێ گەر وەریبگری..
سەرەتای 1997 کوردستانم جێهێشت، بە قاچاخ و نیمچە قاچاخ، تا گەیشتینە قوتبی باکوری گۆی زەوی.
ئێستا بە قسەی دایکم لە 62 ساڵی نزیکم و بە قسەی تەسکەرەش 60 ساڵیم.
وێنەی یەکەم دوەم نێوانیان پەنجا ساڵە.
وێنەی دوەم خۆم گرتومە، لە سێلفی دا کۆلەوارم، گەر لوتەکەش لە پێش چاوتان گەورە دیارە، ئەوە دیاریەکم داناوە بۆ ئەو کەسەی کە کوردێکی کەپوگچکە پێ بزانێ..
ڕیشەکەش ماشەکەی زیاترە لە برنجەکە، سوپاسی خوای گەرەکە..![1]