ئەمرۆ 30ی ئاب ڕۆژی بێسەروشوێنکراوانە لە جیهان, کوردستانیش هەرێمێکە لە وڵاتێک کە عێراقە یەکێکە لەو 80 وڵاتەی جیهان کە ژمارەیەک زۆر لە هاووڵاتیانی بێسەروشوێنکراون بەهۆکاری سیاسی, ئەم بەشە لە جیهاندا ژمارەیان بە 52250 کەس دیاریکراوە, کە ئەوانەن تۆمارکراون لە ناوەندە جیهانیەکان بە تایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان و خاچی سوری جیهانی و هاوپەیمانی جیهانی دژ بە بێسەرو شوێنکردن و.... لە کاتێکدا تەنها ژمارەی بێسەرو شوێنکراوانی کوردستان لە قوربانیانی ئەنفال و بارزانی و فەیلی و ئێزیدی و...چەندین بەرابەری ئەو ژمارەیەیە, بە شێوەی گشتی ژمارەی بێسەروشوێنکراوان خۆی دەدات لە 50 ملیۆن هاووڵاتی لە جیهاندا, لە ناویشیاندا لە 30 وڵات زیندانی نهێنی هەیە, لەناویاندا لە عێراق بونی هەیە.
• بَسەروشوێنکردن تاوانێکی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێو دەوڵەتی و جاڕنامەی گەردونی مافی مرۆڤە, بە پێی پەیمانامەی ڕۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە, کات و شوێن تاوانەکە بە زیندویی دەهێڵێتەوە , بنەماڵەی قوربانی مافی قەرەبوو و زانینی ڕاستیەکانیان هەیە.
هیچ دەسەڵات و گروپێک مافی بێسەروشوێنکردنی هاووڵاتیانیان نییە, کە تاوانکار بە پێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا ڕزگاری بێت.
بێسەرو شوێنکردن پێشێلی مافی یاسایی تاک,مافی ئازادی و ئاسایش, مافی ئەشکەنجە نەدان , مافی ژیان, مافی ناسنامە, مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە, مافی قەرەبوکردنەوە, مافی وتنی ڕاستیەکان, مافی ئابووری, کۆمەڵایەتی, ڕۆشنبیری, مافی ئاستی ژیان, مافی تەندروستی و فێربوون , مافی کەرامەت و داوالێبوردنکردنی قوربانی..هه یە.
لەم بۆنەیەدا وێڕای ئیدانەکردنی بوونی سەدان دیاردەی بێسەروشوێنکردن بەهۆی عەقیدەی سیاسیەوە لە باشوری کوردستان و دەیان هەزار لە پارچەکانی دیکەی کوردستان لە لایەن ڕژێمە دکتاتۆرییەکانی ناوچەکەوە, داواکارین :
1- حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی بێسەروشوێنکراوان, هۆکاری بێسەروشوێنکردن و هۆکاری مردن, شوێنی مردنیان بڵاو بکاتەوە, ئەوانەشی ماون ئازادیان بکات.
2- شوێنی کۆکردنەوەی بێسەروشوێنکراوان بپارێزرێت و بۆ یاداوەری بێسەرو شوێنکراوان و دروست کردنی مۆنمێنتی یاداوەرییان.
3- بە یاسا بێسەروشوێنکردن لە کوردستان قەدەغە بکرێت.
4- داوای لێبوردن لە بنەماڵەکانیان بکرێت و پەیمانی دوبارە نەکردنەوەی بدرێت.
5- ڕوفاتی قوربانییەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ کەسوکاریان.
6- قەرەبووی ئابووری کەسوکاریان بکرێتەوە بۆ ماوەی ڕابردوو, ژیانێکی شەرافەتمەندانەیان بۆ دابین بکرێت لە ڕوی دارایی و خوێندن و چارەسەری تەندروستی.
7- مافی کەسوکاری بێسەروشوێنکراوانە هەموو ڕاستییەکان لەسەر بێسەروشوێنکردنی ڕۆلەکانیان بزانن, تەواوی زانیارییەکانیان لە بەرواری بێسەروشێوێنکردنەوە بۆ ئاشکرا بکرێت.
8- بە یاسا پارێز بەندی بۆ کەسوکاری قوربانیان, پارێزەرەکانیان, ڕێکخراوەکانیان دیاریبکرێت بۆ وتنی ڕاستییەکان و داکۆکیکردن لە مافەکانیان.
9- پێویستە زیندانەکانی کوردستان سجلی هاتووان و دەرچوانی هەبێت, هیچ کەسێک لە دەرەوەی زیندانە فەرمییەکان زیندانی نەکرێن و زیندانی نهێنی وەک تاوان سەیر بکرێت.
رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
Kurdistan without Genocide
#30-08-2021#