ئەییووبیەکان فەرمانڕەوایەکی سونە موسڵمانی کوردی بوون ئەگەڕێنەوە سەر تیرەی ڕەوەندی کە سەر بە هۆزی هەزەبانی بوون، لەلایەن سوڵتان سەڵاحەدین ئەییووبی دامەزرێندرا لە میسڕ، ئەییووبیەکان لە کۆتایەکانی سەدەی 12 تاکو ناوەڕاستی سەدەی 13 فەرمانڕەوایەتی شام و حیجاز و یەمەن و تونس و بەشێکی مەغریب و میسڕو بەشێکی کوردستان و باکووری میزۆپۆتامیایان دەکرد. سەڵاحەدین یەکەمجار بوو بە وەزیری فاتمیەکان لە 1169، پێش ئەوەی کۆتای بە خەلافەتی فاتمی بێنێ لە 1171. لە دوای تێپەڕ بوونی سێ ساڵ کە گەورەی سەڵاحەدین سوڵتان نورەدین زەنگی فەرمانڕەوای زەنگیەکان لە شام کۆچی دوای کرد لە 1174 سەڵاحەدین ناسناوی سوڵتانی لەخۆ نا. لە چەند دەساڵانی دواتر ئەییووبیەکان دەسەڵاتیان فراوان دەکەن وە تاکو 1183، ئەییووبیەکان دەست دەگرن بە نوبیاو(باکووری سودانی ئێستا) حجاز و یەمەن و تاکو تونس وە دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچانە دەگرن کە پێشتر لە ژێر فەرمانڕەوای زەنگیەکان دا بوو کە شام و سوریاو باکووری میزۆپۆتامیاو بەشێکی بەرفراوانی کوردستان. وە لە 1187 توانیان دەست بەسەر چەند شارێک لە شام بگرن کە لە ژێر دەستی شانشینی و میرنشینە خاچ پەرستەکان دا بوون، بەتایبەتی شانشینی ئوروشەلیم وە کۆتایان بە فەرمانڕەوای خاچدروشمەکان هێنا لە قودس، بەڵام خاچدروشمەکان توانیان دەست بەسەر چەند شارێک بگرنەوە بەڵام نەیان توانی دەست بەسەر قودسدا بگرنەوە لە 1190کان.
لەدوای مردنی سەڵاحەدینی ئەییووبی لە 1193ز، کوڕەکانی و کەس و کاری جەنگیان دژی یەک بەرپا کرد بۆ بەدەست هێنانی دەسەڵاتی سەنتاسەری. لە کۆتایدا، براکەی سەڵاحەدینی ئەییووبی عادلی یەکەم لە ساڵی 1200ز توانی سەرکەوێت. کە هەموو ئەیووبیەکانی سوڵتانی میسڕ نەوەی عادلی یەکەم بوون. لە ساڵانی 1230یەکان، میرەکانی ئەییووبی لە شام سەربەخۆی خۆیان بەدەست هێنا لەدەست فەرمانڕەوای ئەییووبیەکانی میسڕ. ئەم دابەش بوونە بەردەوام بوو تا هاتنی سوڵتان ساڵح ئەیوب ناسراو بە ئەبو فتوح بۆ دەسەڵات لە 1239ز، کە توانی هەموو ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەییووبیەکان بهێنێتەوە ژێر فەرمانڕەوای یەک دەسەڵات. لە ساڵی 1249ز، سوڵتان ساڵح دەمرێت وە توڕان شای کوڕی بۆ ماوەی چەند مانگێک دەبێتە سوڵتانی میسڕ کە لە 1250ز لەلایەن مەمالیکەکان تیرۆر دەکرێت. کۆتا فەرمانڕەوای ئەییووبیەکان بە ناوی ناسڕ یوسف لە ساڵی 1260 بەدەستی مەغۆلەکان دەکوژرێت، بەمەش کۆتای بە دەسەڵاتی ئەیووبیەکان هێنا وەکو هێزی مەزنی ناوچەکە.