پەستی گوندی باشتەپە
(پەست) بەرهەمی کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (ڤالڤۆ) ی سویدی بووە کە لە سەرەتای ساڵانی پەنجاکاندا لە عێراق کەوتە کار.
کۆمپانیای ناوبراو لە وەختی خۆیدا لقێکی سەرەکی خۆی لە شاری (نەجف) دامەزراندوەو هەر لەوێش کاری بەستنی پارچە و کەلوپەلەکانی بۆ دەکرا، کە تەواوی بۆدیەکەی لە تەختەی دار دروستکرابوو. لەوەدەچێت، ئەمەش هۆکارەکەی بێت کە لە شارەکانی خوارووی عێراق بە پەست دەوترا (دک النجف).
هەروەها، جۆرێکی دیکە لە سەیارەی (شۆفرلێت) ی ئەمریکی هەبوو لەسەر شێوەی پەست دروستکرابوو، بەڵام دیمەنی پێشەوەی هەر لە پیکاب شوفرلێتی دەکرد بە هەر حاڵ، پەست بۆ ڕۆژگاری خۆی و نەخاسمە لەو گوندانەدا سەفەری ڕۆژانە و ڕاییکردنی کاروباری دێهاتییەکانیان پەیوەست بوو بەو جۆرە ئۆتۆمبێلە بیرەوەری ترش وشیرینی لە زەینی خەڵکەکەی جێهێشتووە. تەنها عەیبێک کە ئەم تەرزە سەیارەیە هەیبووبێت ئەوە بووە کە بزوێنەرەکەی بەردەوام لە کێشە و شکست دابوو جا نازانم پەستەکەی مەرحومی مام حاجی ساڵح ئاوابوو یا ئەو شکستە هەر بە گشتی هەبوو.
پەستی باشتەپەییەکان، وەک کەشتییەکەی حەزرەتی (نوح) درودی خودای لێبێت وابوو، دارا و نەداری هەڵدەگرت، هەموو شتێکی لێ باردەکرا ؛ بەشی پێشەوەی بریتیبوو لە جێگای دانیشتن و تایبەتکرابوو بە سەرنشینان کە پێکهاتبوو لە کورسی سەندەڵی لە تەختە دروستکراو، بەشی دواوەی بۆ داکردنی مەڕ و ماڵات دیاریکرابوو، کە زۆر جار بۆنی چۆڕاوگەی میزی ئاژەڵەکان چاوی دەخستە ئاڵوشە و بینی مرۆڤی تەنگ دەکرد، هەرچی ڕووی سەرەوەی ئۆتۆمبێلەکەش بوو بۆ باری دانەوێڵە و بەروبوومی کشتوکاڵ و شینایی تەرخانکرابوو. خۆ دیسان کاروانی ماستی فەلاح و جاروباریش گواستنەوەی گەنم و جۆ و کاوکۆتیش هەر بەوەوە دەکرا. وا ڕێکەوتووە ئەو جارانەی پەست لەبەر زۆری گەشتیارانی تەژی دەبوو، و جێگای دانیشتن نەدەما، خەڵکەکە ناچار دەمان بچنە سەرەوەی بۆدیەکە دانیشن.
یادی هەموو لا بە خێر. لە گوندی باشتەپە، تەنها سێ کەسایەتی خاوەن پەست هەبوون ئەوانیش بەڕێزان (مام مغدید حاجی ئۆمەر، مام ڕەشید مستەفا، مام حاجی ساڵح خۆشناو). لێرەدا، ئێمە بە کورتی ژیانی هەر یەکێکمان بە جیا لە خوارەوە ناساندوە...
٭ ٭
[ 1 ] مام حاجی ساڵح خۆشناو :
مام (حاجی ساڵح ئەحمەد عبداللە مەحمود) پیاوێکی بەڕێز، بێ کێشە، سەر ڕاست وبێ فێل، ئەو لە ڕێکەوتی (1 - 7 - 1907) وەک لەسەر تەسکەرەی نفوسەکەی تۆمار کراوە لە گوندی (باقرتە) ی دەشتی هەولێر لە دایکبووە، و لە هۆزی (خۆشناو)ن.
دایکی (فاتیمە سۆفی) خودا لێیخۆشبێت خەڵکی گوندی باقرتەیە و لە بنەڕەتدا ئەویش خۆشناوەو لە تیرەی شێخ مەموندییە. مام حاجی دوو برا و دوو خوشکی دیکەی هەیە ئەوانیش (حاجی علی، مام پیرداود، حاجی زولێخا، خاتوو ئامینە). لە ئێستادا هیچ کامیان لە ژیاندا نەماون.
لە باری کۆمەڵایەتییدا، مام حاجی ساڵح بۆ خۆی لە ساڵی (1944)دا لە گوندی باقرتە هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (غەزال عومەر عوسمان کەڵهوڕی) خەڵکی گوندی (سلێمان بەخشیان) ی دەشتی کەندێناوە پێکهێناوە. لەم خێزانە بەڕێزە چوار کوڕ بەڕێزان (رۆستم، حەوێز، قادر، ڕەشاد) لەگەڵ دوو کچ خاتوو (عائیشە؛ ماڵئاواییکردوە، فاتیمە) ی بووە.
لە کۆتایی ساڵانی چلەکاندا باقرتە بەجێدەهێڵێت، ماڵ و حاڵی دەهێنێتە باشتەپە و نیشتەجێ دەبێت، لە باشتەپەی هەواری تازەیدا بە فەڵاحەتی و مەڕداریی خەریکبووە.
لە ساڵی (1953) لەسەروبەندی سوێندخواردنی کرمانجەکانی گوند کە چیتر بێگاری و سوغرەکێشیی بۆ ئاغا نەکەن، سوێندەکەی نەشکاندوەو لە گوند باری کردوە چۆتە هەولێر گەڕەکی سەیداوە دانیشتوە. لە چواردەی تەمووزی (1958) کە دەسەڵاتی ڕژێمی پاشایەتی لە عێراقدا پێچرایەوە مام حاجی دووبارە دەگەڕێتەوە گوندو سەر دەخاتەوە سەر کاری پشووتری خۆی.
خودا لێیخۆشبێت، مام حاجی ساڵح بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج دوو جار سەردانی ماڵی خودای کردوە، سەفەری یەکەمجاری لە ساڵی (1968) بووە، جاری دووەمیش نیازی لە بەجێهێنانی حەجەکەی بۆ خودا لێیخۆشبێت مام پیرداودی برای بووە.
شایانی باسە، مەرحومی مام حاجی ساڵح دوا کەسایەتیە لەو سێ کەسانەی لە گوند خاوەن سەیارەی (پەست) بووە. ئەو لە ساڵی (1978) لە هەولێر پەستەکەی بە بەهای (3500) دیناری چاپی سویسری کڕیوە، سەیارەکە بۆ خۆی جۆری ڤاڵڤۆ و مۆدێلی (1962) بووە.
سەرنشینانی پەستەکەشی بریتیبووە لە ئاواییەکەی خۆیان و خەڵکی گوندەکانی دەوروبەر وەک عەلیاوە و دۆڵەزە و بیرەعارەبان و جاروبارە قوڵتەپە و ڕێبوارانی تر. نرخی گواستنەوەش بۆ هەر نەفەرێک درهەم و نیوێک وەردەگیرا. کە دەگەیشتە شاریش لەوێ لە پشت بەنزیخانەکەی نزیک گۆڕستانی شێخەڵلا و کەندە پیس کە ئێستا باڵەخانەی (داون تاون) ی لەسەر بنیاتنراوە لەنگەری دەگرت.
سەبارەت بە قەڵەباڵغی هاموشۆکاران، ڕۆژی وا هەبووە پەست جمەی دەهات لە خەڵک و ڕێبواران، بەم شێوەیە تا کۆتایی ساڵی (1979) بەردەوام بووە.
شوفێرەکانی، سەرەتا (مام حەمە ساڵح عزیز مەلا عەوڵا باشتەپەیی) و پاشان (نایف باپیر باقرتەیی) کە دەکاتە خوارزای مام حاجی ساڵح، لە دوای ئەوانیش تا لەو ساڵەدا پەستەکەیان فرۆشتوە کاک (رەشاد) کوڕی بچوکی مام حاجی خۆی شوفێرییەکەی دەکرد.
مام حاجی ساڵح بەردەوام بووە لە ژیانی گوندی تا وێرانکردنی لە (1987)، ئینجا ماڵ وحاڵیان پێچاوەتەوە هاتوونەتە هەولێر گەڕەکی ئازادی جێنشینبوونە.
ماوەتەوە ئەوە بڵێین، مەرحومی مام حاجی لە ڕۆژی (پێنج شەممە) ڕێکەوتی (12 - 12 - 1996) کۆچیدواییکردوەو لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لە گۆڕستانی (گردەشینە) لە گوند نێژراوە. ساڵێک دوای خۆشی خێزانەکەی خاتوو (غەزال) وەفاتیکردوە، ئەویش هەر لە گۆڕستانی (گردەشینە) لای مام حاجی ئەسپەردەی خاک کراوە.
لێرەدا، جێگای خۆیەتی بڵێم: بۆ خۆم یادگاری ئەوەم هەیە ئەو عەیامە کە کوڕیژگەیەکی هەراش بووم بە سواری پەستەکەی مام حاجی ساڵح چەند کەڕەتێک سەفەری شار و گوندم کردوە...
٭
[ 2 ] مام مغدید حاجی ئۆمەر:
مام (مەغدید ئۆمەر علی قادر) ناسراو بە مام (مەلا مەغدید) پیاوێکی دیار، کەمدوو، پاک وتەمیز، بەسوود بۆ دەوروبەر. بە گوێرەی ناسنامەی باری شارستانی ئەو لە (1 - 7 - 1930) لە گوندی باشتەپە لە دایکبووە، و لە عشیرەتی (سیان) و لە بنەماڵە دێرینەکانی گوندن.
ناوی دایکی (حەنیفە سعدون قادر ئۆرمزیار) خەڵکی گوندی عەلیاوە (گردەشینە) یە. خودا لێیخۆشبێت مام مەغدید سێ برا بەڕێزان مام (حاجی مەحمود، حاجی سلێمان، عوسمان) و سێ خوشکی هەیە بە ناوەکانی خاتوو (فاتیمە، خەدیجە، جەواهێر) لە ئێستادا تەنها خاتوو جەواهێر لە ژیاندا ماوەو ئەوانیتر وەفاتیانکردوە.
مام مەغدید لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە ساڵی (1955) هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو (جەواهێر عەوڵا ئەحمەد 1935/ 27- 7 - 2007) لە هۆزی لەک و خەڵکی گوندی باشتەپە ئەنجامداوە. لەم خێزانە بەڕێزەیدا نۆ کوڕ وچوار کچی بووە، کوڕەکانی بەڕێزان (جەمال، دڵشاد، وشیار، وریا، کامەران، ڕزگار، کارزان، هەروەها مەریوان و کاروان؛ ماڵئاواییان کردوە) کچەکانیش خاتوو (نەجیبە موفیدە، سەروین، بەفرین).
چونکە بە منداڵی خراوەتە بەر خوێندنی حوجرە و لە خزمەت مامۆستای مزگەوتی گوند قورئانی پیرۆز و هەندێک لە کتێبە سەرەتاییەکانی زانستی شەرعی خوێندوە. بۆیەکا پیاوێکی خوێندەوار بووە، لەبەر ئەمەش لە نێو خەڵک بە مەلا مەغدید ناسراو بووە.
مام مەغدید، پاش ئەوەی دەبێتە خێزاندار، ئیتر تەمەنی خۆی لەگەڵ شوفێری و ئاسن دەگوزەرێنیت، ئەو سەرەتا لە ساڵی (1959)دا هاوڕێ لەگەڵ مام (مەسعود قوڵتەپەیی) بە شەراکەت سەیارەی (پەست) دەکڕن و سەفەری گوند و شاری پێدەکەن. ئەوان لەو هاتووچۆیەدا خەڵکی گوندەکانی (باشتەپە، عەلیاوە، دۆڵەزە، بیرەعاربان، قوڵتەپە، هەروەها ڕێبواران و دانیشتوانی ئەو دێهاتانەی دەکەوتنە سەر ڕێگاکە دەگواستەوە، بۆ هەر سەرنەفەرێک ئەو کاتە تەنها نیو درهەم (25 فلس) وەردەگیرا. کە دەگەیشتە شار شوێنی وەستانی گەراجی تەنەکەچیان بوو. پاشان فرۆشتویانە. ئینجا جارێکی دیکە لە ساڵی (1963) بە نیوەیی لەگەڵ مام (ڕەشید مستەفا) پەستێکی دیکە دەکڕێت تا ساڵی (1972) بەدەوام بوونە.
مام مەغدید، لە گوند زەوی کشتوکاڵی هەبووەو ئێستاش ماویانە، ئەو جگە لەوەی یەکەم کەسە لە باشتەپەییەکان خاوەن سەیارەی پەست بووە، لە ساڵانی شەستەکان خاوەن دەڕاسە بووەو خەریکی دروێنەی دەغڵ و دانی لادێ و ئاواییەکانی دەشتی هەولێر بووە. دواتر لە حەفتاکاندا پیکاب شۆفرلێتی کڕیوە خەڵکی لە گوند دەهێنایە شار.
خواو ڕاستان لەو ساڵانەدا بۆ بەرژەوەندی گوند درێخی نەکردوە لە بەدەمەوە چوون و دابینکردنی هەر پێداویستیەک ئەگەر خەڵک داوایان بکردبایە بۆیانی جێبەجێ دەکرد. بە تایبەت بۆ توێژی قوتابیان کە لە هەولێر و شارۆچکەی قوشتەپە دەیانخوێند پشت وپەنا بوو.
شایانی باسە، ماڵی مام مەغدید یەکەم خانەوادەن کە لە ساڵی (1972) تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی هێناوەتە باشتەپە ئەو عەیامە کارەبای نیشتمانی هێشتا نەگەیشتبووە گوند، بەڵام ئەوان لە جیاتی پاتری سەیارەیان بەکار دێنا.
خودا لێیخۆشبێت، مام مەغدید لە ساڵی (1978) دەستبەرداری ژیانی گوند بووە و هاتۆتە شار و لە گەڕەکی ئازادی نیشتەجێبووە. سەرەتا لە شار چایخانەی داناوە. خانوەکەشی دوای خۆیان داوەتە برازای خۆی کاک (جلال حاجی مەحمود).
هەروەها لە ساڵی (1990) فەریزەی حەجی ماڵی خودای بەجێهێناوە.
شایانی باسە، مام مەغدید پێشمەرگایەتی نەکردوە بەڵام خزمەتی زۆری بە شۆڕش کردوە، بۆ ئەو یەکێ لەو ڕووداوانەی کە فەرامۆش ناکرێت لەو لایەنەوە ئەمەکداریی ئەو دەردەخات کاتێک (بایز حاجی حسێن زێڕین) کە لە ساڵی (1974) پێشمەرگە دەبێت و بە نهێنی دەگەڕێتەوە بۆ گوند، کەچی تووشی ئازاری ڕیخۆڵە کوێرە دەبێت، بۆیە ئەو بە سەیارەکەی خۆی ناوبراو دەگەیەنێتە نەخۆشخانە لە شار بەڵام حەیف مەرگ ڕێگای نەداوەو تەمەنی تەواو دەبێت. دوای هەفتەیەک لە سەرینی ئەم ڕووداوە خەفیە و بەکرێگیراوانی ڕژێم لە گوند هەواڵ دەدەنە لایەنی ئەمنی کە مام مەغدید هاوکاری بایزی پێشمەرگەی کردوەو ئەوی گەیاندۆتە نەخۆشخانە، ئیتر لەسەر ئەم هەڵوێستەی بانگدەکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دەدرێت. بەڵام لە هەولێر بە یارمەتی کەسایەتیەکی دیار ڕێگە نادرێت سزا بدرێت و ئازاد دەکرێت.
ئەوەی ماوەتەوە بزانین ؛ مام مەغدید دوای (74) ساڵ تەمەن لە ڕۆژی (دووشەممە)ی ڕێکەوتی (21 - 11 - 1994) لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی ئازادی بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچیدوایی کردوەو لە گۆڕستانی (گردەڕەشە) لە هەولێر بە خاکسپێردراوە.
٭ ٭ ٭ ٭ ٭
[ 3 ] مام ڕەشید مستەفا :
ناوی تەواوی مام (رەشید مستەفا سمایل پیرداود حەمەد کانەبی چاوشین) باس لەوە دەکرێت کە (کانبی چاوشین) لە سەردەمی خۆیدا بووە بە هاوکاری سوپاکەی پاشای کۆرەی ڕواندز و لە هەڵمەتی سەر ئێزیدییەکاندا بەشداریکردوە.
دایکی مام ڕەشید، خاتوو (خوازێ مستەفا)ی ناوەو خەڵکی گوندی (خوڕخوڕ) ی بەستی شەرغە و سەر زێی بچوکە و لە هۆزی (لەک) ن.
بە گوێرەی نوسراوی سەر تۆماری ناسنامەکەی بێت کە وای بۆ دیاریکراوە مام ڕەشید لە ساڵی (1 - 7 - 1935) لە گوندی باشتەپە لە دایکبووە، و لە هۆزی (سیان)ن.
ئەوان وەک خۆیان دەڵێن تا دەگاتە مام پیرداودی باپیرە گەورەیان هەر لە باشتەپە ژیاون.
مام ڕەشید تەنها برایەکی بە ناوی مام (جەبار) هەبووە لەگەڵ دوو خوشک کە هەردووکیانی بۆ خۆی بە شوداوە، خاتوو (بێری ؛ دەکاتە هاوسەری مام حاجی عمر مام قادر باشتەپەیی) و خاتوو (بەسێ ؛ هاوسەری مام ڕەحمان قادر ڕەحمان دۆڵەزەیی).
لە باری کۆمەڵایەتییدا، مام ڕەشید سێ جار پڕۆسەی هاوسەرگیری پێکهێناوە کە دووجار بە (ژن بە ژن) ی بووە.
یەکەم هاوسەرگیری ساڵی (1958) بووە لەگەڵ خاتوو (سوڵتانە ڕەحمان قادر ناسراو بە: کیژخان) دۆڵەزەییەو لە هۆزی (سیان)ن، لە بەرامبەر ئەم هاوسەرگیرییەدا خاتوو (بەسێ) ی خوشکی بۆ خۆی بە شووداوە، لەم خێزانەی سێ کوڕ، بەڕێزان (مامۆستا جەواد، سیروان، سۆران) و حەوت کچی بووە ئەوانیش (شلێر، ئاوات، پەریخان، قوتنی، قوماش، خنە، حوسنیە؛ لە ڕاپەڕینی ئاداری 1991 شەهید بووە، مەدینە).
هاوسەرگیری دووەمی لە ساڵی (1962) لەگەڵ خاتوو (سەبیحە عەوڵا قادر باشتەپەیی) پێکهێناوە، کە دەکاتە ئامۆزای خۆی. ئەم هاوسەرگیرییەش گەورە بە بچوک کراوە لەبەرامبەریدا خاتوو (بێری) ی خوشکی دراوە بە مام (حاجی عومەری مام قادری سمایلە پووت) لەم خێزانەشی دوو کوڕ بەڕێزان (بەشدار، سەردار) ی بووە لەگەڵ سێ کچ ئەمانیش خاتوو (ناهیدە، جاهیدە، شیرین).
سێیەم هاوسەرگیریش لە ساڵی (1977) لەگەڵ خاتوو (سەبریە ئۆمەر ڕەسوڵ سیان، ناسراو بە (ثەوری) خەڵکی گوندی (عەلیاوە) پێکهێناوە. لەم خێزانەشی چوار کوڕ و سێ کچی بووە ئەمانیش بەڕێزان (دلێر، سپێر، هەڵمەت، هەرێم؛ لە ڕاپەرینی ئاداری 1991 بە گوڵەی وێڵ شەهید بووە) کچەکانیش خاتوو (شنۆ، ساکار، بەیان؛ ماڵئاواییکردوە). شایانی باسە، لە ئێستادا تەنها خاتوو سەبریە ئۆمەر واتە (ثەوری)خانی هاوسەری لە ژیاندا ماوە. و هەردوو خاتوون (کیژخان و سەبیحە) وەفاتیان کردوە.
مام ڕەشید، خاوەن کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی تێکەڵ و پێگەیەکی دیاری هەبووە، نێوانی خۆشبووە لەگەڵ خەڵک و بنەماڵەی شێخانی تەریقەت بە تایبەت خانەوادی مام (حاجی شێخ قادری عەڵیاوەو شێخ نوری شێخانان و شێخ عەزیز باشتەپەیی و کوڕانی شێخ کاکە)، هەروەها لەگەڵ بنەماڵەی ئاغایانی دزەیی بە تایبەت مام خدری پاشای تەبا بووە.
وێڕای ئەوە، مام ڕەشید بۆرە خوێندەوارییەکی هەبووە چونکە ئەو پارچەڵە بووە کە باوکی دەیخاتە بەر قۆناغی خوێندنی حوجرە، کە سیپارەو چەند وردە کتێبێکی سەرەتایی دەخوێنێت. لە گوندیش لەو پیاوانە بووە بێجگە لە زمانی کوردی، زمانی عەرەبی و تورکی چاک زانیوە.
دوا بە دوای ئەوەش، لەبەرامبەر بەجێهێنانی ئەرکی سەربازیی خۆی بەخشیوە، واتە پارەیداوە وەک (بەدەل). ئیتر دەستیکردوە بە گەڵێک کار و پیشەی جیاجیا، ئەو هەم فەڵاحەتی هەبووە، هەمیش شوفێری کردوە بۆ خەڵکیتر.
ئینجا لەسەرەتای ساڵانی شەستەکان پیکابێکی شۆفرلێت بۆ خۆی دەکڕیت و هاموشۆی کەرکووک و هەولێری پێدەکات. لەوە بەدوا تراکتۆر و لە ساڵی (1976) بە شەراکەت لەگەڵ مام حاجی سەعید حاجی مستەفا خۆشناو دەڕاسەی کڕیوە، ماوەیەکیش لەگەڵ بەڕێزان مام (مغدید حاجی ئۆمەر) و ماڵی (ئیسماعیلی مام پیرداود) بە نیوەیی دەڕاسەیان هەبووە.
پێویستە بڵێین؛ مام ڕەشید، یەکێکە لەو سێ کەسایەتیەی لە گوند خاوەن سەیارەی (پەست) بوە، ئەو لە ساڵی (1963) هاوڕێ لەگەڵ مام (مەغدید حاجی ئۆمەر باشتەپەیی) بە نیوەیی (پەست)ێک لە جۆری (شۆفرلێت) ژمارەی تابلۆ (511) دەکڕن، و هاتوچۆی هەولێر و کەرکووک دەکەن، ئەوان لە سەفەری هەردوو شاردا خەڵکی گوندەکانی (باشتەپە عەلیاوە هەر سێ گوندی دۆڵەزە بیرەعارەبان تەتەراوە قۆڵتەپە گردلانکە شێخانان) گواستۆتەوە
ئەوە دەزاندرێت (پەست) ەکەی ئەوان تاکە سەیارە بووە لەم سنورەی دەشتی هەولێر خەڵک بە هۆیەوە هاموشۆی شارەکانی کردوە. تا ساڵی (1972) لە یەک جیابوونەوە و پەست فرۆشرا بە (350) دینار.
لێرەدا جێی خۆیەتی ئاماژە بەوە بدەین کە ماڵی مام ڕەشید لەگەڵ ماڵی مام مەغدید لە یەکەمین ئەو خانەوادانەن کە لە ساڵی (1972) تەلەفزیۆنیان هێنایە گوند ئەویش بە پاتری سەیارە کاری دەکرد (بۆ زانیاری: تۆڕی کارەبای نیشتیمانی لە ناوەڕاستی ساڵی 1977 هاتۆتە گوندی باشتەپە) و بۆ یادگاری ئێستاش لایان ماوە.
مام ڕەشید تا ئەو ساڵەش کە گوند وێرانکرا ماڵی لە باشتەپە مابوو، کە گواستییەوەش هاتە هەولێر گەڕەکی مامۆستایانی (100) مەتری. تا ئەمڕۆش هەر لەوێ ماون.
لە کۆتاییدا، بە نۆرەی خۆی مرۆڤ هەر دەبێت بمرێت، مام ڕەشیدیش قەدەرێک کە بۆی کێشرابوو لە ڕۆژی (پێنج شەممە) ڕێکەوتی (10 - 8 - 1989) لەسەر ڕێگای (هەولێر موسڵ) لە کاتی لێخوڕین تووشی جەڵتەی مێشک دەبێت، و بە هۆیەوە سەیارەکەی وەردەگەڕێت و خۆشی دەمودەست گیانی دەسپێرێت. بەمەش دوای (54) ساڵ تەمەنی کۆتایی دێت و لە گۆڕستانی (گردەڕەشە) لە هەولێر بەخاکدەسپێردرێت.
(٭) وێنەکە ؛ پەستی گوندی باشتەپەیە، ئەوەیان کە سەر قۆڵی کراسە سپیەکەی هەڵکردوە مەرحومی مام (حاجی ساڵح) خۆیەتی.
(٭٭) ڕێزی زۆر و سوپاسی بێ پایانم هەیە بۆ ماڵباتی هەر سێ مەرحوم لە پای ئەو زانیارییانەی بە ئێمەیاندا.
وەرگیرایە لە گوندی باشتەپە