ناونیشانی بابەت: خەڵات
نووسەر: #لەیلا بەرزنجی#[1]
بیرمە مناڵ بووم لە قوتابخانە لە پۆلی چواری سەرەتایی بووم مامۆستا نیهادی کارگێڕی قوتابخانە ناوی خوێندمەوە، منیش هەستام و لەگەڵی چووم بۆ ژووری بەڕێوەبەر، چاکم لەبیرە مامۆستا ساماڵ لەوێ دانیشتبوو ئەو مامۆستایەی باوکایەتی بۆکردم، قاتێکی قەیفەی جوان و پانتۆڵێکی سادەو قەمسەڵەیەکی دایە دەستم وتی... ئەمە بۆ تۆ هاتووە، منیش ئەم ڕەنگەم هەڵبژاردووە، دڵنیام کەلەتۆ زۆر جواندەبێت. منیش لەدەستم وەرگرت و پڕ بەدڵ دەست خۆشیم لێکرد و ڕۆیشتم.
وتی:مەڕۆ...
قەمسەڵەکە لەبەر بکە بزانین قیاسەکەی بۆت گونجاوە، وادێتەوە یادم کە ئەمڕۆیە چەندە جوانبوو لەبەرما لەدڵەوە زۆر خۆشحاڵ بووم بەو دیاریە دەمەویست هەرزو بڕۆم نەوەک لێم بستێننەوە و لە خەڵاتکردنەکەم پاشگەز ببنەوە.
مامۆستا وتی دایمەکەنە هەر ئاوا بڕۆوە پۆل. لەخۆشیدا خەریکبوو دەفڕیم، گەڕامەوە پۆل بەدەم ڕێگاوە دەموت دەبێت ئێستە هاوڕێ قوتابیەکانم چی بڵێن..؟! لەدەرگام داو چوومە ژوورەوە...
پێش ئەوەی بگەمە جێی خۆم ژوانی هاوڕێم وتی خۆزگە منیش باوکم نەبوایە ئاوا دیاریەکم وەربگرتایە..!
منیش ئاوڕێکم بۆدایەوە وتم خۆزگە دەکرا بمانگۆڕیبایەوە خۆزگە...
ئەوخۆزگەیە خۆشیەکەی لێتێکدام، چیتر تامەزرۆیم بۆ گوڵەکانی سەرتەختە سپیەکەی نەما وەک تازیەبارێک تەواوی خۆشیەکانی بردم بۆمن دیاری بوو نەک لەبری باوکم دڵنیابووم ئەگەر ئەو هەبوایە هیچ کام لەمانە م نەبوایە دڵخۆشتربووم هەندێکجار مرۆڤ بەلەدەست دانی شتەکان تێدەگات ژیان چۆنە و چۆن دەگوزەرێ.