بیست و پێنج ساڵ بەسەر خیانەتی 31ی ئاب تێپەڕ دەبێت و هێشتا برینەکانی ئەم تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییە بە تەواوی سارێژ نەبووە. ئەمەش دوای چارەگە سەدەیەک لە هێرشی سوپای ڕژێمی سەددام حسێن بە هاوکاری هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەر هەولێری پایتەختی خەونی ئازادی گەلەکەمان کە بووە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و فەرماندەی ئازا و بە جەرگی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و تێکۆشەرانی ڕێی ڕزگاری.
ئەو پەلاماردانە دڕندانەیەو گەڕاندنەوەی سوپای بەعس تەنها پاش تێپەربوونی شەش ساڵ بوو کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە دژی ڕاپەڕیبوون، تەنها شەس ساڵ بوو میللەتەکەمان ئەزموونێکی دیموکراتی بۆ خۆی بنیاتنابوو کە جێی پشتیوانی و هاوسۆزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو.
ڕاستە گەلەکەمان بە قوربانیدان و سووربوونی لەسەر درێژەپێدانی خەبات و بە لەخۆبردووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پشتیوانی دۆستان، توانی بەسەر ئەم ئازارە کەمەر شکێنەدا زاڵبێت و ڕێگەی ئاشتی و لێبوردەیی بۆ پەرەپێدانی ئەزموونی کوردستان بدۆزێتەوە و ڕێی ئاوەدانی و ئاسۆی سەرکەوتن بەسەر ڕێی تۆڵە و ناکۆکی و گرژی سەربخات، بەڵام هێشتا دوای چارەکە سەدەیەک لەو کارەساتە بەدەست ئاسەوارە خراپە دەروونی و مەعنەوییەکانییەوە دەناڵێنێ کە پایتەخت و تەواوی کوردستانی خستە بەردەم مەحەکی هەڵوەشانەوە و تێکەڵبوونی بە کاغەز و ئەجیندەی سەپاندنی دیفاکتۆی هێز و دەست تێکەڵکردن و دەست تێوەردانی ئیقلیمی ناجۆر و تێکدانی هاوسەنگی هێز و ململانێ سروشتی سیاسی..
یەکێتی بەتایبەتی و گەلەکەشمان بەگشتی بە پێویستی دەزانێت کە برینی تاوانی 31ی ئاب بە یەکجاری سارێژ بێت، ئەویش بە وازهێنان لە فەرهەنگی خۆسەپاندن، دیفاکتۆی ناڕەوا و بەگرتنە بەری بژاردەی دیموکراسیی و ئازادی و دادپەروەری ڕاستەقینە، دوور لە ستەمی گرتن و ئازاردانی کۆمەڵانی خەڵک.
سڵاو لە شەهیدانی بەرەنگاری سوپای بەعس و تێکرای شەهیدانی گەلەکەمان.
سڵاو لە سەبر و خۆراگری میللەتەکەمان کە چاوی لە ئایندە و دوارۆژی گەشترە.
سڵاو لە خەڵکی خۆراگری هەولێری پایتەختی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان