بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
دوای ڕووداوەکانی ئەفغانستان ماوەی چەند ڕۆژێکە تەوژمێکی سیاسی و میدیایی بە ئاراستەی دروستکردنی دڵەڕاوکێ و نائومێدی لەناو خەڵکی کوردستاندا کار بۆ بەراوردکردنی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەفغانستان دەکەن. لێرەدا پێویستە هەموو لایەک باش بزانن کە هەر میللەتێک ئەگەر پشت بە خۆی و تواناکانی خۆی نەبەستێت هەمیشە ئەگەری هەڕەشە و لەناوچوونی لەسەرە. پاڵپشتیی خەڵکیش ئەو کاتە بەهای هەیە و کاریگەر دەبێت کە بە خۆمان هەبین و ئیرادەمان هەبێت.
جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ئەفغانستان و کوردستاندا هەیە. جیاوازیەکی زۆریش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای ئەفغانستان هەیە. پێشمەرگە زادەی مێژوو و خوێن و فرمێسکی گەلی کوردستانە. خاوەنی سەدان داستانی مێژوویی و قارەمانێتییە. نموونەیان داستانی کۆڕێ و تێکشکاندنی ئەفسانەی #داعش# و داستانەکانی پردێ و سحێلان کە نەیارانی کوردستان پیلانی ئەوەیان هەبوو ئیرادەی گەلی کوردستان بشکێنن. بەڵام پێشمەرگە و گەلی کوردستان بە خۆڕاگری و ئیرادەی پۆڵایینیان پیلانی نەیار و دوژمنانیان هەڵوەشاندەوە.
لێرەدا دەمەوێت خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە دۆخی کوردستان جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ هەموو شوێنەکانی تر. شوکر بۆ خوای گەورە ئێمە پێشمەرگەی قارەمان و هێزمان هەیە و لە هەمووشی گرنگتر میللەتێکین خاوەن ئیرادە و قەزییەین. ئەگەر دوژمنان و ناحەزانیش خەیاڵی ئەوەیان هەبووبێت ئازاری خەڵکی کوردستان بدەن ئەوە هەرگیز بە ئاسانی بۆیان نەچووەتە سەر و، بە دڵنیاییەوە لە ئاییندەشدا بە ئاسانی بۆیان ناچێتە سەر. هەر کەسێکیش بیەوێ نائومێدی و خۆبەکەمزانین و بەراوردی نابەجێ لەناو خەڵک بڵاو بکاتەوە دیارە هێشتا نەیتوانیوە لە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەکەی تێبگات.
مسعود بارزانی
22ی ئابی 2021