#سلێمانی#، 17ی ئابی 2021: سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت، هێرش کردنە سەر تیمی کەناڵی ڕووداو لە لایەن شەرەڤانانی یەبەشە لە شەنگال، کردیەکی ترسنۆکانەیەو شەرمەزاری دەکەین.
ئەمڕۆ سێشەممە پەیامنێری ڕووداو بۆ ڕووماڵکردنی بۆردوومانی تورکیا لە گوندی (سکن) لە سنووری #شنگال# بووە، #شەڕڤان#انی یەبەشە تەقەیان لە تیمی ڕووداو کردووە، دواتر بە قۆناخە تفەنگ هێرشکراوەتە سەر پەیامنێری ڕووداو و بریندار کراوە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.
هەروەها شەڕڤانانی یەبەشە دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێل و کەرەستەکانی تیمەکە گرتووە.
تیمەکەی ڕووداو بە مەبەستی ڕوماڵی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی (سکن)ی سەر بە شنگال، چوونەتە ناوچەکە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنوسان ڕایدەگەیەنێت، هێرش کردنە سەر تیمی کەناڵی ڕووداو لە لایەن شەرەڤانانی یەبەشە لە شەنگال، کردەیەکی ترسنۆکانەیەو شەرمەزاری دەکەین.
میترۆ داوا لە دەسەڵاتی ئیداری ناوچەکە دەکات، ڕێز لە کاری تیمەکانی ڕاگەیاندن بگرن و کۆسپیان بۆ دروستنەکەن و لێکولێنەوە لەو هێرشە ترسنۆکانە بکەن.
میترۆ داوا لەهەموو بەرپرسانی ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات کە سوپای تورکیا لەناو خاکی کوردستانی عێراق ئۆپراسیۆنی عەسکەری تیا ئەنجام دەدات، کار ئاسانی تەواو بکەن بۆ تیمەکانی ڕاگەیاندن تا زیانەکان لەسەر خەڵکی مەدەنی و ژینگەی ناوچەکان بۆ ڕای گشتی ناوخۆو دەوەرەو بگوازنەوە.