بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و کیمیاباران، کەمئەندامانی سەنگەر و پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەم. هیوادارام ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر و خۆشی و ئارامی بۆ هەموو لایەک.
ئومێدەوارم ئەم جەژنە بکەینە دەرفەتێک بۆ پێداچوونەوە بە سیاسەتمان و داڕشتنی ستراتیژێکی نوێی نیشتمانی لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوەکو پێکەوە بەسەر کێشە و گرفتەکانمان زاڵ بین و پێکەوە بتوانین لە ڕێی حکومەتەوە کێشە بنچینەییەکانی وەک مووچە و بژێوی خەڵک و خزمەتگوزاری چارەسەر بکەین.
ئێمە لە #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بە سیاسەت و ستراتیژێکی نوێوە پەرۆشیی خۆمان بۆ یەکخستنی هێز و تواناکان بۆ خزمەتکردنی هەرێمەکەمان دەردەبڕین و باوەڕی تەواومان بە یەکڕیزی گەلەکەمان هەیە لەپێناو ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانی زیاتر.
دەمەوێت لەم دەرفەتەدا دووپاتی بکەمەوە کە یەکێتی نوێ بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و خۆی بە خاوەنی هەموو جیاوازییەکان دەزانێت. درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک #مام جەلال# دەدەین و بە گیانی لێبووردەییەوە خەبات دەکەین بۆ کوردستانێکی نوێ.
یەکێتییەکان، دۆستان و لایەنگران دڵنیابن ئێستا یەکێتییەکی نوێ هەیە، هەموومان خاوەنی یەکێتین و پێکەوە چەپکە گوڵەکە گەشاوەتر دەکەین.
درێژە بە خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و ئازادی دەدەین و هەنگاوەکانمان دەخەینە خزمەتی گشتی، کە ئەمەش ڕێگا دروستەکەیە و لەمەودوا لە هەموو کایەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی پەیڕەوی دەکەین.
دووبارە جەژنتان پیرۆز و هەر شاد و سەرفراز بن.
#بافڵ تاڵەبانی#
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان