یەکەمین ئەو دەقانەی ناوی کوردی تێداهاتووە..
یەکەمین دەق کە ئاماژە بە زاراوەی (کورد) دەکات دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بنەماڵەی ئوری سۆمەری کە حوکمڕانی ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بوون.
لەدەقێکی پادشای سۆمەری (سوشین 2036 - 2028 پ.ز) ناوی کورد بە (کردا) هاتووە، کە مەبەست لێی ناوچە بەرزەکانی باکور بووە کە نەژادێکی جیاواز لە سۆمەریەکانی تێدا ژیاوە، کە پێدەچێت هەر هەمان کۆمەڵەبن کە دواتر گەلی کوردیان لێوە پەیدابووە.
جگە لەم دەقە سۆمەریە دەقێکی تریشمان هەیە کە لێرەدا زاراوەی (کورد) زۆر بە ڕوونی تێیدا بەکارهاتووە
ئەویش نامەی پادشای ئەشکانی (ئەردەوانی پێنجەم)ە بۆ (ئەردەشێری کوڕی بابەک) دامەزرێنەری ئیمپراتۆریەتی ساسانی.
دەقی نامەکە بەم جۆرەیە
تۆ کە زۆرت بۆخۆت هێنا و دژایەتی دەوروبەری خۆتکرد و هەوڵتدا بە کارە سەرەڕۆیەکانت سەرنجی دەوروبەر بۆ خۆت ڕابکێشیت، ئەی کوردی پەروەردەکراوی لای خێمەی کوردان، کێ ڕێگەی پێدایت ئەو تاجە بخەیتە سەرت①
ئەم دوو دەقە کۆنترین ئەو دەقانەیە کە ناوی کوردی بە هەمان ئەو زاراوەیەی ئەمڕۆ تێدا بەکار هاتووە
مێژووی یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و دووەمیشیان بۆ پیش سەرهەڵدانی ئاینی ئیسلام.
هەڵبەت دواتر و بە تایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتە ئیسلامیەکاندا چەندین جار ناوی کورد بەهەمان زاراوەی ئیمڕۆ بەکارهاتووە و دواتر زاراوەی کوردستانیش وەک نیشتیمانی کوردان هاتووەتە پاڵ ناوی کورد.