پەرستگای زەردەشتیەکان
ئەم پەرستگایە یاخود ئەم ئاتەشگایە کەوتۆتە نزیکی سەر ڕۆخی ڕووباری سیروانی شاری دەربەندیخان لەبەشی باشوری گردۆکەی (شاخەڕوون) لەبەشی ڕۆژهەڵاتی شار.
ئەم پاشماوە مێژوویە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانیەکان لە حوکمی فەرمانڕەوایەتیان لە ساڵانی (227 پ ز بۆ 651 ز).
شوێنەوارەکە بە بەرد و قسڵ و قوڕی ئامادەکراوی کلسین و درووستکراوەو لە ئەم پەرستگایە لە کاتی خۆیدا بۆ ڕێوڕەسمی ئاینی زەردەشتی بنیادنراوەو لەم جێگایەدا لەلایەن موغانی ناو پەرستگاکەوە سەرپەرشتی شوێنەکە کراوەو باس و زانیاری و ڕێنیشاندەری بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە سەردانی ئەم جێگایە کراوە خراوەتە پێش چاو..
پەرستگاکە لە کۆندا یەکێک بووە لە گەورەترین و بەناوبانگترین پەرستگاکانی سەر ڕێگای (تەیسەفۆن - شیز - شارەزوور).لەکاتی خۆیدا زۆرترین لە دانێشتوانی ناوچەکە سەردانی ئەم پەرستگایان کردووەو ڕێوڕەسمی ئاینی زەردەشتیان تیاگێڕاوە..
لە ناوەڕاستی پەرستگاکەدا شوێنی هەیکەلی پیرۆزە، کەلە پەرستگای زەردەشتیەکاندا بە پیرۆزترین شوێن دەستنیشانکراوە، ئەم هەیکەلە ڕووەو خۆرهەڵات درووستکراوە، بەشێوەی مەیلەو چوارگۆشە، ئەم جێگایە شوێنی ئاگری پیرۆزە و بە دەوریدا ڕێڕەوێکی درووستکراوەو لەکاتی ڕێوڕەسمی ئاینی بەدەوری ئاگرەکەدا وەستاون یاخود سوڕاونەتەوەو سروودی ئاینیان خوێندووە.
لە شوێنەوارەکەدا گومەزی پاڵانۆ هەیە کە جوانترین هونەری تەلارسازی ساسانیەکانە و لە دیواربەنی ڕاگری گومەزەکە بەلاکانیدا تاق هێڵراوەتە تا ڕووناکی ئاگر لە دوورەوە بە شەوان دەرکەوێت.
لەم جێگایەدا چەند ژوورێکی ئامادەکراویش درووستکراوە بۆ حەوانەوەو پشووی ڕێبواران و ژوورێکیش وەک و عەمباری هەڵگرتنی خۆراک. سازکراوە.
لە جارێکی کنەوپشکنیندا لە یەکێک لە ژوورەکانی لای بەشی ڕۆژهەڵاتی پەرستگاکە لە ژێر گڵدا دوو کوپەڵە دۆزرایەوە کە خۆڵەمێشی ئێسک و پرووسکی دوو کەسی تیابوو کە لەناو خۆڵەمێشەکەدا چەند کەرەستەیەکی جوانکاری ئافرەتانەی وەک و تەوقە و مستیلەی تیابوو کە دیارە یەکێک لە کەسەکان ئافرەت بووەو دووای مردنیان لەسەر وەسیەتی خۆیان جەستەیان سوتێنراوەو دوواتر خۆڵەمێشی جەستەیان لەو کوپەڵە نراون و کە ئەمەش لە بیروباوەڕی ئاینەکەدا نەریتێکی باو بووە...
دەقی نووسین کۆچەر کەریم