چیرۆکی نوێژنەکردنەکەی نێچیرڤان بارزانی و وەزیرەکانی لەگەڵ داود ئۆغڵۆ
زارنیوز/
یەکەم کونسوڵی تورکیا لە هەرێمی کوردستان چەند زانیارییەک لەبارەی سەردانەکەی شەش ساڵ لەمەوپێشی داود ئۆغڵۆ، سەرۆک وەزیرانی تورکیا بۆ #هەولێر# دەکات و دەڵێت، هیچ بەرپرسێکی هەرێم ئامادە نەبوو لەگەڵ داود ئۆغڵۆ بچێت بۆ نوێژ.
ئایدن سەلجەن یەکەم کونسوڵی تورکیا لەهەرێم لە ساڵی 2019 کتێبێکی نووسیوە دەربارەی دوو ساڵەکەی لە هەولێر و چەند بابەتێکی تر، کتێبەکەی گەشتووەتە چاپی سێیەم، یەکێک لە بابەتەکانی کتێبەکەی تەرخان کردووە بۆ سەردانەکەی 21ی تشرینی دووەمی 2014ی داود ئۆغڵۆ بۆ هەولێر کە تێیدا لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی حزبی و حکومی کۆبووەوە.
سەلجەن دەڵێت، گفتوگۆی نێوان وەفدەکان و گفتوگۆی دوو قۆڵی نێوان بەرپرسانی هەردوولاش، لەنێو هۆڵی میوانخانەی سەرۆک وەزیران بەڕێوەدەچوو. وەفدی ئێمەش ئەو شەوە لەوێ مایەوە. من وەک خاوەن نیوەماڵ دەبوو پرس بە داودئۆغڵو بکەم ئایا کاتی نوێژ گفتوگۆکان ڕادەگیرێت؟ بۆ تەراوحیش بۆ کام مزگەوت بچین؟
باسی لەوەشکردووە، داودئۆغڵو لە هەموو بابەتێکی دەزانی، بەبۆچوونی ئەو بۆ هیچ بابەتێک پرس و ڕاوێژ پێویست نییە. (سەلجەن ئەمە بە توانجەوە دەنووسێت). داودئۆغڵو پێی وابوو کوردەکانی هەرێم مسوڵمانی سونی-پەیوەستن (مولتەزیم)، بۆیە نەک وا بیری ئەکردەوە کە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی پارتی بەڕۆژوون، بەڵکو بەتەواوی دڵنیا بوو لەوە. بێگومان ئەنجامدانی نوێژی تەراویحیش پێکەوە، نموونەیەکی جوانی دیپلۆماسیی دەبوو.
سەلجەن نوسیویەتی، گفتوگۆکان دەستیان پێکرد، #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆک وەزیران، کە پەیوەستی بە جلی کوردی و دینەوە نەبوو، پرسیاری لە داودئۆغڵو کرد، ئایا دەتەوێت پشوو وەربگرین بۆ ڕۆژووشکاندن و تەراویح یان نا؟
نێچیرڤان بەرلەوەی داودئۆغڵو وەڵام بداتەوە بێ پێچ و پەنا وتی، نە ڕۆژوو دەگرم و نە دەشچم بۆ نوێژ، داودئۆغڵو بەمە توشی واقوڕمان بوو. دوای ئەمە داودئۆغڵو بۆ دەستکەوتنی کەسێک بۆ تەراویح چاوی گێڕا بەنێو ئەو وەزیرە کوردانەی کە ئیحراجی بە ڕووخساریاندا دیاربوو، یەک کەس دەنگی لێوە نەهات.
دەشڵێت، لە کۆتاییدا چاوی کەوتە سەر فواد حسێن، گەورە ڕاوێژکاری #مەسعود بارزانی#. پەنجەی بۆ بەرزکردەوە و وتی کاک فواد ئەی تۆ؟ ئێ کاک حسێن دیپلۆماتکارێک بوو کە شارەزا و دڵخوازی شەراب بوو، ساڵانێکی زۆری لە هۆڵەندا بەسەربردبوو، سەری ڕاوەشاند و بەدەم زەردەخەنەیەکی پڕ لە ویقارەوە و هەر بە دەربڕینی کوردی وتی نەوەڵا.
دواتر چاوی چووە سەر سینان چەلەبی، وەزیرە تورکمانەکەی هەرێم و وتی، ئەی کاک سینان تۆ؟ سینان بە تۆنێکی نەرمەوە و بە ڕووترشییەوە وتی، مەعیدەم تێکەڵ دەبێت. داودئۆغڵو هەستی کرد من بەزۆر خۆم گرتووە تا پێنەکەنم.
لە کۆتاییدا داودئۆغڵو ڕووی کردە کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وتی، دەی خۆ ئەبێت کاک کەریم بەڕۆژوو بێت. نێچیرڤان بارزانی خۆی خستە نێو قسەکان و ڕووی کردە داودئۆغڵو و بە دەنگێکی بەرز وتی، ئەویش بەڕۆژوو نییە، بەڵام وا خۆی دەرەخات بەڕۆژووە، ئیتر هەمووی دای لە قاقای پێکەنین، کەچی داودئۆغڵو هەر وازی نەدەهێنا و ئەمجارە بە سەرسوڕمانێکی زۆرترە ڕووی لە نێچیرڤان کرد و وتی، باشە لێرە کەس ڕۆژوو ناگرێت؟ کەس دەنگی لێوەنەهات.
نێچیرڤان بارزانی بە هێمنییەوە ڕووی لە داودئۆغڵو کرد و پەنجەی ئیشارەتی بەرەو ڕووی سەری ڕەش ڕاکێشا و وتی، سەیربکە کاک ئەحمەد، لێرە کاک مەسعود لەبری هەموومان بەڕۆژووە.[1]