پەردەکە لادە، با دونیا ببینی
_1_
لە بەردەم پەنجەرەی هەیوانەکە دانیشتووم
بیر لەو مرۆڤانە دەکەمەوە
بۆچی دەیانەوێت لە خەنجەر بچن؟
بەڵام،
دڵم خۆشە!
وا باوکم لەوسەری کۆڵان دەر کەوت
لە خۆشی دەرکەوتنی باوکم،
خونچەی کراسەکانی دایکم بەسەر تەنافەکەوە
دەبن بە گوڵ!
بەم ڕۆژگاری نائومێدییەوە
دڵم خۆشە!
شوکور هێشتا وەک خۆمم،
نە ڕۆژگار ئەتوانێت غرورم لێ بسەنێتەوە و
نە دونیا ئەتوانێت خاڵیم کاتەوە لە سادەیی.
هێشتا
لەگەڵ تەنیایییەکەمدا پێکەنینمان بە درۆی پێکەوەبوونی مرۆڤ دێت!
هێشتا بڕوام وایە:
کەسێک چرای ماڵەکەی تەنیایی بێت
هیچ کەس ناتوانێت
ژیانی تاریک بکات!
ئەگەرچی ئەزانم
(ژیان) وشەیەکە لەناو کەوانەیەکی داخراودا
ئەگەرچی ئەزانم
ژیان بەم خاوییە ناڕوات!
ئەگەرچی ئەزانم
ژیان گۆرانییەکی خەمگینە و هەموو ئێوارەیەک
بە دڵێکی پڕەوە دەماننێرێتەوە ماڵ،
بەڵام
دڵخۆشم!
دڵم خۆشە!
دونیا بە وێنەی ئازیزێک لە دڵەوە نزیکە
کە دڵ بۆ ئازیزێک تەنگ بوو، ئیتر دونیاش لە گەڵیدا تەنگ ئەبێ!
دڵم خۆشە!
ئەشێت دڵخۆشییەکەم هی ئەوە بێت،
لە کۆڵانەکەمان منداڵێک هاتە دونیاوە
لەوانەشە دڵخۆشییەکەم هی ئەوە بێت دوێ شەو،
مەیگەدەیەک دڵی شکاوی مەستێکی خۆش کرد
لەوانەشە هی ئەوە بێت،
لە چاوی منا دڵی خەڵکی گوندەکەمان، هێندەی ئاسمان پاکە.
ئەگەرچی ئەم ڕۆژگارە ناڕوات
بەڵام،
دڵخۆشم!
شانم داوەتە سەر سەرینی تەمەن و میلی ڕادیۆکەی ئەوین با دەدەم و
گوێ لەو گۆرانییە دەگرم کە دەڵێت:
(ئەرێ بۆ تەنیات کردم گوڵێ؟)
دڵم خۆشە!
وا باوکم گەیشتە بەردەرگای حەوشەکە
لە خۆشی هاتنەوەی باوکم
وەک گۆزەیەکی پڕ، منداڵیم لێ ئەرژێت!
گوێم لێیە
دایکم دەڵێ:
“شوکور بۆ خوا
هێندە باران باریوە
درەختەکان ناز ئەکەن و
دڵی باخەکەمان تەڕە!”
دڵم خۆشە
پێش ئەوەی ئێوارە بێت
بە بۆنی برنج تێر ئەبم لە ژیان
باوکم لەگەڵ گەیشتنەوەی
دەڵێ:
کوڕم، مادام لەوێ دانیشتوویی
پەردەکە لادە، با دونیا بەباشی ببینی
سەیر کە...
چەند تەڕ و جوانە ژیان.[1]
نەبەز گۆران