کۆچ و لێکەوتەکانی
عارف قوربانی
هەرچەندە ئێستا میدیای جیهانی و ناوخۆیی کوردستان، تەنیا سەرنجیان لەسەر لێشاوی ئه و کۆچەیه، کە ڕووی لە بێلاڕووس کردووە، لەناو هەموو ئه و خەڵکە جیاوازەیشدا کە لە وڵاتە جیاجیاکانەوە ڕێگەی کۆچیان گرتووەتەبەر، تیشکەکە لەسەر کوردەکانی ناو کۆچبەرەکانە، بەڵام لە ڕاستیدا ژمارەی ئه و کوردانەی بەڕێگەوەن بۆ ئەوروپا تەنیا ئەوانەی بێلاڕووس نین، ڕۆژانە لە ڕێگەی دەریای ئیجەوە زۆری دیکە دەگەنە کەمپەکانی یۆنان و کەناراوەکانی ئیتاڵیا. ئەوانەشی هێشتا لەناو هەرێمی کوردستانن و بەدوای قاچاخچیدا دەگەڕێن زۆر زۆرن. لەناو توێژێکی دیکەی کۆمەڵگەی کوردیشدا، کە خاوەن سەرمایە و پارەدارەکانن، ئەوانیش زۆریان خەریکی کڕینی پاسپۆرت و ناسنامەی دۆمەنیکان. ئەگەر ڕێگەیەکی ئاسان بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی خەڵک بەهۆیەوە بگاتە ئەوروپا، بەدڵنیاییەوە خەڵکێکی زۆر دەیەوێت لە ئەوروپا بژیت.
ئەوەی پێویستە کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەت چینی دەسەڵاتداری کوردستان ڕابچڵەکێنێ ئه و پرسیارەیە بۆچی خەڵکی کوردستان کۆچ دەکەن؟ ئەگەر ڕۆژگارێک بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دۆخی ئابووریی کوردستانەوە گەنجەکان سەری خۆیان هەڵدەگرت و پەڕاگەندەی وڵاتان دەبوون، ئەمڕۆ نەک هەر گەنجەکان پۆل پۆل خێزانەکان خانوو و ماڵیان دەفرۆشن و ڕێگەی کۆچ دەگرنەبەر. لەکاتێکدا ئەگەر بەراوردی دۆخی ناوخۆی کوردستان بکەین بە هەندێ له و وڵاتانەی چەندین ساڵە شەڕی ناوخۆ بەرۆکی گرتوون، یاخود ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەی برسێتی و تینوێتی بوونەتەوە، کوردستان لەوان باشترە، بەڵام ڕێژەی ئەوانەی کۆچ دەکەن لەناو کورددا زیاترە لەوان. ڕەنگە ئێستا ژمارەی کوردەکانی ناو کۆچبەران کە ڕوو دەکەنە وڵاتانی ڕۆژئاوا له و خێزانە ئەفغانیانەش زیاتربن، کە لە دەستی تاڵیبان هەڵاتوون.
گەرچی هەست بەوە ناکرێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردیدا ئەم پرسە بووبێتە جێی سەرنج و پرسیار، بەڵام لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت لای ئەوروپییەکان جێی سەرنجه و بەدوای ئه و هۆکارانەدا دەگەڕێن بۆچی کوردەکان نیشتمانەکەی خۆیان جێدەهێڵن؟ هەڵوەستە نەکردن و خۆنەخستنە بەردەم بەرپرسیارێتی هۆکارەکانی پشتی ئه و کۆچە لەلایەن ناوەندەکانی حوکمڕانی کوردییەوە، جێی تێڕامان و مایەی مەترسیی گەورەیە. ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوو گوێبیستی بووین لە گوتەبێژ و قسەکەرانی ناوەندەکانی دەسەڵاتەوە بۆ هۆکارەکانی کۆچی کورد لە باشووری کوردستان، کە ئۆباڵەکەیان دەخستە ئەستۆی (پەکەکە)، یاخود هۆکارەکەیان بۆ ئەوە دەگێڕایەوە کە پێشمەرگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان نین، ڕاسپێردراوی هەرێمی کوردستانیش بۆ کاروباری ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پێی وابوو ئەوانە دەستیان لە پشتە بۆ ناشرینکردن و لەکەدارکردنی ناوبانگی هەرێمی کوردستان. ئەم تێڕوانینانە بۆ هۆکارەکانی کۆچی بەلێشاوی کورد لە خودی کۆچەکە مەترسیدارترە بۆ ئایندەی باشووری کوردستان.
وەک چۆن مایەی مەترسییە نەخۆشێک بچێتە لای پزیشکێک و بە دەستنیشانکردنی هەڵە بۆ دۆزینەوەی نەخۆشییەکەی چارەسەری بۆ دابنێت، ئاوهاش مەترسیدارە ناوەندەکانی دەسەڵات لە کوردستان بە هەڵە دەستنیشانی هۆکارەکانی کۆچ بکەن، چونکە ئەنجامەکەی ڕوون دەبێت، کە ناتوانن یان نایانە وێ چارەسەری ڕاستەقینە بۆ ئەوە بدۆزنەوە کە خەڵک بۆچی کۆچ دەکەن؟ میدیا و هەندێ لەوانەی دەیانەوێ پاساوی نالۆژیکی بۆ کۆچ بدۆزنەوە، کەوتوونەتە بڵاوکردنەوەی ئاماری جۆراوجۆر وەک هەل و دەرفەتی کار و دەیانەوێ وەڵامی ئەوە بدەنەوه، کە دەگوترێت ئەمانە لە هەژاری و بێکاریدا کوردستان جێدەهێڵن، یاخود باس له تێچووی گەیشتن بە ئەوروپا دەکەن، کە ئەگەر ئەمانە هەژار و کەمدەرامەت و بێکاربن چۆن دەتوانن ئه و بڕە پارەیە دەستەبەر بکەن. بێئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە هیچ کەسێک بەبێ هۆکار ئامادە نییە وڵاتی خۆی جێبهێڵێت، ئه و خەڵکەی کۆچ دەکەن ئەگەر چینی پارەداری کوردستان بن، کارەساتە بۆ حوکمڕانی کوردی، ئەگەر خەڵکی بێکار و هەژاریش بن کارەساتێکی گەورەترە، چونکە لە جوگرافیایەکی وەک هەرێمی کوردستان دەوڵەمەند بە سامانی سەر زەوی و ژێر زەوی، جوگرافیای پڕ لە دەرفەتی سەرچاوەی داهات، مایەی نەنگی گەورەیە هاووڵاتییەکانی لە نەبوونیدا جێی بهێڵن.
ئەوەی هۆکاری پشت لێشاوی کۆچی ئێستای خەڵکە لە هەرێمی کوردستان و بۆ داهاتوویش ڕەوی گەورەتری بەدوادا دێت، تێکچوونی سەقامگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستانە، نەمانی متمانەی خەڵکە بە دەزگا دەوڵەتییەکانی و تەنانەت بە دامەزراوەکانی دادوەری و کەرتە گرنگەکانی خزمەتگوزاری وەک تەندروستی و پەروەردەییش. نەبوونی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و سەروەرنەبوونی یاسایە، سەرهەڵدانی گرووپ و باندی مافیای جۆراوجۆرە کە دەستیان بەسەر زۆرشتدا گرتووە، کە سەرچاوەی ژیانی خەڵکن. ئه و زوڵم و ستەمە جۆراوجۆرانەی ڕۆژانە لە میدیا و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاودەکرێنەوه، کە بەهێزەکان لە لاوازەکانی دەکەن، نەمانی پەناگەیەک بۆ چەوساوەکان پەنای بۆ بەرن. ترس لە ئێستا و داهاتوو، نەمانی ئومێد بۆ ڕۆژێکی باشتر، ئەمانە و زۆر شتی دیکە هۆکاری پشتی ئه و لێشاوی کۆچەن کە خەریکە جیهان تووشی سەرسوڕمان دەکات.
دەبێت هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، ناوەندەکانی دەسەڵاتی کوردی ئەوە بهێننە بەرچاوی خۆیان کە لە هەلومەرجێکی وەک ئێستادا بە دەیان هەزار کەس ڕێگەی کۆچیان گرتووەتەبەر، مانەوە و درێژەکێشانی هۆکارەکانی بۆ داهاتوو، لێشاوی کۆچ فراوانتر دەکات. سرووشتی مرۆڤ وایە بەدوای ئارامی و ئاسایش و خۆشبەختیدا دەگەڕێت. ئەگەر کوردستان نەتوانێ دەستەبەری ئه و پێداویستیانە بکات، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دەرگە و ڕێگەکانی جێهێشتنی نیشتمان زۆرتر دەبن.
ئەگەر خوانەکردە سبەی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخی مەترسیدارتر بووەوە، چاوەڕوانی چی دەکرێت؟ دۆخی ئابووری خراپتر بوو، هەڕەشەی نەبوونی و برسێتی زیادیکرد، وشکەساڵی درێژەی کێشا، ئەگەر داعش یان گرووپی دیکەی هاوشێوەی پەلاماری خەڵک و جوگرافیای کوردستانیدا؟ ئەگەر لەشکرکێشییەکانی تورکیا زیاتر بوون، ئەگەر به پیلانی هەرێمایەتی ئه و هەموو هێزە چەکدارەی لە سەرچاوەی جیاجیاوە فەرمان وەردەگرن سبەی بەریەککەوتن، ئایا کۆڕەوی ملیۆنی ڕوونادات؟
ئەم کۆچەی ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتی لێکەوتەی زۆری دەبێت بۆ سەر کوردستان، کۆچبەرەکان دەبنە قوربانی بە ئامرازکردنیان لە ململانێی نێوان ئەوروپا و بێلاڕووس. ڕۆژانی داهاتوو دیمەنی دڵتەزێنتر لە برسا مردن و ڕەقبوونەوەی ژن و منداڵ بە میدیاکانی جیهاندا بڵاودەبنەوە، هەرێمی کوردستان دەخرێتە بەردەم بەرپرسیارێتیی ئه و نەهامەتیانە، جیهان نائومێدتر دەکات بە داهاتووی کوردستان. دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ڕاستی بەدوای چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ڕەوکردنی خەڵکەوەبن، ئەگەر چارەسەری ڕیشەیی بۆ نەدۆزنەوە، بە دڵنیاییەوە کوردستان پاش چەند ساڵێکی دیکە دەگاتە دۆخێکی خراپتر[1]