$شاسواری کوردستان، شەهیدی بێ گوناھ، موڕاد کانی کوردەیی$
گەورەم شەهید، هەڵۆ بەرزەکەی دەشتی کۆ، ئەی موڕادی هەمووان، جێی فەخر و شانازی گەل و هۆزم، گوێ ڕادێرە، وا بە ڕۆحێکی بریندار و بە بێ ڕوخساری گوڵاوی تۆ، مەفرەزەی وشە شکاوەکانم بۆ تۆ دێتە گۆ!
بە شایەتی مێژوو، لەناو دڵی کوردستاندا، گوڵێکی جوان و بە بۆن لە 31ی تەممووزی ساڵی 1972 پشکۆی گرت، موڕاد وەک لاولاوێکی سەوز لە ئاسمانی کوردەواری، لە کانی کوردەی هەواری کوردایەتی دەشتی #کۆیە#، لە خێزانێکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەر چاوی بە دونیا هەڵهێنا. ئەو پیاوە بەرزە ژیانی خۆی کردە قوربانی بۆ نیشتمان و گەلەکەی، کە وەک شاخە سەربەرزەکانی کوردستان، بەرز و شکۆدار بوو. وەک کانییە زوڵاڵەکانی وڵاتەکەی، پاک و بەخشندە بوو.
موڕاد، مانای ئازایەتی و بوێری بوو، لە ناخی چیاکانەوە هەتا دۆڵە قووڵەکان، ناوی ئەو وەک سروودێکی شۆڕشگێڕی دەزرنگایەوە. چاوە تیژەکانی هەمیشە لە چاوەڕوانی دوژمندا بوون، دەستە بەهێزەکانی هەمیشە ئامادە بوون بۆ بەرگری لە خاک و گەل.
موڕاد کوڕی عەبدولڕەحمان کانی کوردەیی بوو، باوکی لە دژی ڕژێمی بەعس پیاوێکی تێکۆشەر بوو، بەو هۆیەوە دوای ئەوەی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئاشکرا بوو، ڕاپێچی زیندان کرا و ڕەوانەی گرتووخانەی ئەبوغرێب کرا. ئەم میراتەی خەبات و قوربانیدان لە باوکەوە بۆ کوڕ گوازرایەوە، موڕادی باڵابەرز بە شێوەیەکی شکۆدار درێژەی بەم ڕێبازەدا.
موڕادی بەژن قەندیل، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەولێر تەواو کردووە، دەرچووی کۆلێژی پۆلیسی قەڵاچۆلانە، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا وەرگرتووە و لە بەشی یاسای گشتی خوێندکاری ماستەر بووە.
ساڵی 1986، موڕاد ژیانی هاوسەرگیری پێک هێنا. لەو کاتەوە، نەک تەنیا بۆ گەلەکەی، بەڵکوو بۆ خێزانەکەشی بووە سەرچاوەی خۆشەویستی و ئارامی.
شەهید موڕاد، لە پێناو کورد و کوردستان؛ سەربەرزی و سەرفرازی، سێ برای شەهید بووە و لەنێو بنەماڵەکەشیاندا 88 کەسیان ئەنفال کراوە.
موڕاد کانی کوردەیی، ساڵی 1987 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#ەوە کردووە، بەهۆی چالاکی و بوێری ساڵی 1989 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەستگیر دەکرێت و ڕەوانەی زیندانی بادۆش دەکرێت لە مووسڵ، ماوەیەک بەر لە ڕاپەڕین ئازاد دەکرێت.
کەڵەپیاوی قۆناغە سەخت و دژوارەکان، بەبوێری و مەردایەتی، بە جوامێری و ئازایەتی، چەکی تۆڵەی بۆ سەربەرزی نیشتمان لە شان کرد و بەشداری کارای لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی 1991ی کوردستان کرد.
ئەو درەختە بەرزەی کوردستان، بە سەر لووتکەی ئارامی شۆڕش هەڵگەڕا، ئێستاش هەموو شاخێکی کوردستان چاوی یەکەم سەنگەری بە خوێنی موڕاد دەشوا، ناوی موڕادی لێ ون نابێت.
ئەی مرۆ، کەسێکی بەهێز بهێنە، بۆ جەوهەری و مێرانی بیدوێنە، دەڵێت موڕاد ناسنامەمە؛ موڕاد نەفەوتاوە و نافەوتێ، نموونەی مەردایەتی و کوردایەتییە؛ مێژوو دەنووسێت ناوی.
گەورەیی موڕاد تەنیا لە بەرزی باڵایدا نەبوو، بەڵکوو لە فراوانی دڵیدا بوو. خۆشەویستی خەڵک بۆ ئەو وەک دەریایەک بێ سنوور بوو. لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی شارەوە هەتا گوندە دوورە دەستەکان، هەموو کەس ناوی موڕادیان بە ڕێزەوە دەهێنا.
بەرزە مرۆی وەک بەفری بەستەڵەکی بەرز؛ موڕادی پاڵەوان، لە دوای ڕاپەڕینەوە چەندین پۆست و بەرپرسیارییەتی پێدراوە، ساڵی 1996 دوای 3 ساڵ مەشق و ڕاھێنانی جەستەیی و خوێندنی یاسایی و سەربازی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی سەربازی بە پلەی یەکەم لە کۆلێژی قەڵاچۆلان وەرگرتووە و بووە بە ملازمی دوو لە هێزەکانی ئاساییش و ناوخۆ. لەوە بەدواوە چەندین بەرپرسیارییەتی لە وەزارەتی ناوخۆ پێ دراوە و لە شارەدێ و شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستان خزمەتی کردووە، دواجار بە پلەی عەمید بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی بووە، لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین.
لە مەیدانی شەڕدا، موڕادی بەژن داڵانپەڕ وەک شێرێکی نەبەرد بوو. چەندین داستان و نەبەردی تۆمار کرد، لە هەر شەڕێکدا بەشداری کردبێت، سەرکەوتنی بەدەست هێناوە. ئەو کاتانەی هێرشێکی ناڕەوا کراوەتە سەر خاکی کوردستان، بە گیانی نیشتمانپەروەری و ئازایەتییەوە بەرگری لە خاکی پیرۆز و نیشتمان کردووە. ئەم بەرخۆدانە بەردەوامە، وەک ئاگرێکی هەمیشە گەش لە ناخیدا بووە، لەو نێوەدا پێنج جار برینداری سەنگەری شەڕەف بووە، بەڵام هەرگیز کۆڵی نەداوە. لە مەرگ گەڕاوەتەوە تا خزمەتی زیاتری گەلەکەی بکات. ئازایەتی و بوێری موڕاد وێردی سەر زمانی هەمووان بوو.
موڕاد تەنیا پێشمەرگەیەکی ئازا نەبوو، بەڵکوو پیاوێکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی هەموو چین و توێژەکان بوو. لەگەڵ گەنجان گەنج بوو، لەگەڵ پیران پیر بوو، لەگەڵ منداڵان منداڵ بوو. هەر کەسێک ڕووی تێ بکردایە، بە ڕووی گەشەوە وەڵامی دەدایەوە. خۆشەویستی و گەورەیی موڕاد لەناو خەڵکدا وەک ڕووناکی خۆر وا بوو، هەموو لایەکی ڕووناک کردبووەوە.
دەستی یارمەتیی موڕاد بۆ هەمووان درێژ بوو. سەدان کێشەی کۆمەڵایەتی لە سەر دەستی ئەو چارەسەر کران. لە هەموو ناوچەکانی ئێراق و کوردستانی گەورەدا، ناوی موڕاد وەک سیمبولی دادپەروەری و یارمەتیدان دەناسرا.
موڕادی مەزن، باوکی بێکەسان بوو، برای هەموو کوردێک بوو، دۆستی فەقیر و هەژاران بوو، خەمخۆری لێقەوماوان بوو. هەموویان لە سێبەری موڕاد پەناگەیان دەدۆزییەوە. مانگانە یارمەتیی چەندین کەسی دەدا، بە بێ ئەوەی منەت لەسەر کەس بکات.
ئەو لاولاوە سەوزە، شارەزاییەکی باشی لە ئایینی ئیسلامدا هەبوو. دۆستایەتی لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی، نیشانەی ئەوە بوو کە موڕاد پیاوێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتووە، هەم لە ڕووی دونیایی و هەم لە ڕووی ئایینییەوە.
ئەو شنروێیەی کوردستان، لە ئێوارەیەک، درەنگانێکی لای نوێژی شێوان، لە 25ی تشرینی دووەمی ساڵی 2021دا، لە کاتی ئەرکی فەرمیدا، بە کردەوەیەکی تیرۆریستی لەگەڵ سێ هاوڕێی لەناو بازاڕی شاری ڕانییە، بە پیلانێکی نامەردانە و نامرۆڤانەی بەرنامە بۆ داڕێژراو تیرۆر کران! بەم جۆرە دیسانەوە شەهیدێکی باڵابەرز چووە ڕیزی لووتکەی نەمرانی کوردستانەوە.
هەر لەو دەمەدا نیشتمان ڕەشی پۆشی؛ نیشتمان بۆ هەمووان بووە گۆڕستان؛ هەموو ئەوانەی بە بێ دایک و بێ باوک و بێ برا هەتیو نەکەوتن، بە تیرۆری موڕاد هەتیو کەوتن! ئەی شەهیدە پیرۆزەکەم بە بێ چاوەکانی تۆ ڕوانینم تاریکە، تەنگە، لەنگە، مەنگە.
کاتێک موڕاد شەهید کرا، کوردستان لەرزی، چونکە ئەو پیاوەی ژیانی خۆی کردبووە قوربانی بۆ خەڵک، خۆی بووە قوربانی. بەڵام یادی هەرگیز نامرێت. تا ئێستا دەیان منداڵ لە سەرتاسەری کوردستان بە ناوی شەهید موڕاد ناونراون، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە خەڵک چەندە خۆشیان ویستووە و ڕێزیان لێ گرتووە.
ئەی شەهیدی جوان، گوێ ڕادێرە و بزانە کە هەمووان لە دووری تۆ، جەرگیان چزەی دێ! دڵیان ئاگری لێ هەڵدەستێ، گڕ بووەتە بەرگ و پۆشتەیان، بوونە ژیلەمۆ و سووتەک! ئاخر لە دووری تۆ چلۆن دڵ دادەمرکێ دڵ، هەمووان بە تاسەوە چاوەڕێی ڕۆژی مەحشەر دەکەن، تا لە حەوزی کەوسەر بە دیدارت شاد بن.
ئەی غەریبی دوور لە هەمووان؛ ئەی شەهیدی بێ گوناﮪ؛ چ تاوانێکمان هەبوو! ئاوا پشتمان شکا، ڕۆژی ڕووناکمان لێ بووە شەوەزەنگ؛ ئەرێ تا کەی بێکەس و هەژار بین؟ هەر موڕاد بوو، گیان و ژیانمان.
شەهیدی باڵا قەندیل، ناوی تۆ تا هەتایە هەر ماوە، هەر ماوی و نەمردووی، هەتا کۆن بی گەشتر دەبی، ئاخر تۆ شەهیدی کوردستانیت، بۆ شەهیدیش مردن نابێت، تا ئەبەد هەر خۆت ڕێبەری، دروود لە ناوت ئەی موڕاد!
کێ باوەڕ دەکات نەماوی؟ چۆن باوەڕ بکەن نەماوی؟ دڵی پاکت؟ یان ناوی چاکت لە بیر بکەن؟ هەرگیز نەبووە و نابێت، ئاخر هەرچی چاک بوو، خودا لە موڕاد نیشانیدا، بۆیە کەسێک موڕادی دیبێ، یان دوور بە دووری ناوی بیستبێ و کردەوەی ئەوی بینیبێ، دەڵێت: موڕاد سەرچاوەی ژینە، هەر زیندووە و هەر زیندوو دەبێت.
بە تیرۆر کردنی موڕاد ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی کوردستاندا کوژایەوە، ئەو شێرە نەبەزە، لە ئێمە دابڕا، بەڵام لە مێژووی کوردستاندا ناوی موڕاد بە زێڕ نووسراوە، ئەگەرچی جەستەی نەماوە، بەڵام ڕۆحی لەناو هەموو کوردێکدا زیندووە. یادی هەمیشە بەرز و بەڕێزە، بۆیە موڕاد نامرێت و لە مردن بەهێزترە.
بنەماڵەی شەهید موڕاد کانی کوردەیی. [1]
ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی #25-11-2021# لە شاری ڕانییە، عەقید موڕاد کانی کوردەیی، فەرماندەی سەربازیی یەکێتیی درایە بە دەستڕێژی گوللە.
لە ئاکامدا خۆی و دوو پاسەوانی بە ناوەکانی (#خۆشناو وەیسی# و #هاوکار نازم#) پێکران و گیانیان لەدەستدا.
موڕاد کانی کوردەیی فەرماندەیەکی نزیک لە #لاهور شێخ جەنگی# بوو و بەڕێوەبەری پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین بوو.
چەند ڕۆژێک بوو لە پۆستەکەی لابراوە و گواستراوەتەوە بەشی لێکۆڵینەوە ی پۆلیسی ڕاپەڕین. [2]