لە ڕاگەیێنراوەکەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستاندا هاتووە:
بۆ ڕای گشتیی
ئۆپڕاسیۆنی دەوڵەتی تورکیا دژی #هەدەپە# و سیاسەتمەدانی کورد شەرمەزار ئەکەین!
سەرلەبایانی ئەمڕۆ 25/09/2020، لە تورکیا و باکوری کوردستان، ڕێبەرانی هەدەپە، پەرلەمانتار و سەرۆکشارەوانییەکان و دەیان سیاسەتمەداری کورد دەستبەسەر کران. دەوڵەت ئەڵێت شەش ساڵ پێش ئێستا کە #داعش# هێرشی کردە سەر کۆبانێ، ئێوە پشتگیریی بەرخۆدانی کۆبانێتان کردووە. ئەمەش وەک تاوانێکی مەزن دێتە ئەژمار. کە لە ڕاستیدا ئەمە بیانوویەکە بۆئەوەی سیاسەتمەدارانی کورد بگرن و لە کۆڕی خەبات دووریان بخەنەوە.
ئەمە ئۆپڕاسیۆنی پاکتاوکردنی سیاسییە. وەک هەمان ئۆپەراسیۆنی ساڵی 2009 یە کە دژی کەجەکە بەڕێوەچوو. ئەیانەوێت لە مەیدانی سیاسەتیشدا کوردان بگرن و نەهێڵن نوێنەرانی کورد بەشداریی سیاسەت ببن. ئەیانەوێت کوردان بێ نوێنەر و ڕێبەر بهێڵن، هەتا بتوانن پیلان و پڕۆژەکانی خۆیان باشتر جێبەجێ بکەن. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە پڕۆسەی گشتیی لەناوبردنی کورد.
لە لایەکی تریشەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە تۆڵەێ تێکشکاندنی داعشدایە. ئەو ڕۆژانە ئەردۆگان دەیوت، ئێستا نا ئێستا، کۆبانێ دەکەوێت. بەڵام خواست و قسەی ئەو بەدی نەهات. داعشی هاوکاری ئەردۆگان تێکشکا. ئێستاش ئەردۆگان و هاوکارەکانی ئەیانەوێ تۆڵەی ئەو تێکشکانە بکەنەوە.
رژێمی ئاکەپە - مەهەپە و ئەرگەنەکۆن، لە بەرامبەر تێکۆشانی گەلی کورد و هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر لاواز بووە. هەروەها ڕژێم تا دێ لە ناوەوە و دەرەوە پەراوێز و بێکاریگەر ئەبێت. ئەیەوێت بەم ئۆپەراسیۆنە تەمەنی خۆی درێژتر بکات. بەڵام هەرچییەک بکەن با بیکەن، ئەنجام هەر ئەوەیە کە ڕووخانیان نزیک بۆتەوە.
لەو بارەیەوە ئێمە داوا لەگەلی خۆمان دەکەین کە تێکۆشان بەهێزتر وفراوانتر بکەن. ڕێک کاتی ئەوەیە کە گەلی ئێمە و دۆستانی دۆزی کوردستان، بەدەنگ بانگەوازەکەی کەجەکەوە کات کاتی ئازادییە بچن. لەو ڕووەشەوە پێویستە وەڵامی ئێمە وەک بەرخۆدانی کۆبانێ بێت.
هەروەها ئێمە داوا لە ڕای گشتیی جیهانیی دەکەین، ڕاستینەی ڕژێمی ئەردۆگان – باخچەلی – ئەرگەنەکۆن ببینن. لەدژی کردەوەکانی ئەوان پشتگیریی گەلی کوردستان و نەیارانی ئەو ڕژێمە بکەن.[1]