بیست و هەشتەم ساڵیادی دوا ماڵئاواییی شاعیر و نووسەر و پەروەدکار – فەرەیدوون عەلی ئەمین.
ئەم وتارەم لە کۆڕی چلەی ماتەمینی مامۆستا (فەرەیدوون عەلی ئەمین) دا - خوێندەوە کە لە 12-01-1992، لە هۆڵی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیدا لە بەغداد بەسترا.
د. وریا عومەر ئەمین
لە دوا شەستەکاندا بوو، کە هێشتا قوتابی بووین لە بەشە کوردییەکەی ئادابی بەغداد... لە گفتوگۆ و دانیشتنە ئەدەبییەکانماندا ناوی خوالێخۆشبوو (فەرەیدوون عەلی ئەمین) مان وەک نووسەر و ئەدیب دەبیست و بەرگوێ دەکەوت.
لە ساڵی 1971دا بوو کە یەکەم جار چاوم پێی کەوت، لە کۆڕێکی ئەدەبیی کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردیدا بوو... خوا لێخۆشبوو لەم کۆڕەدا قسەی کرد و شیعرێکی تەڕ و ناسکی خوساوە بە خەم و بیری فەلسەفیی خۆی خوێندەوە بە ناوی (نوقڵێ)..لە دوا دێرەکانیدا دەڵێ:
نوقڵێ وا چرای شەو کوژایەوە
کەچی ڕەحمی تۆ نەتلیسایەوە
قەیناکا ئەوە با گلەیی بێ
با ئەو دڵەی تۆ بێ بەزەیی بێ
با نەتپرسیبێ حاڵی ئەم ونە
کە غەرقی دەریای خەمی بێ بنە
مامۆستا فەرەیدوون بەمە خۆی وەک شاعیرێکی ڕەسەن و لێهاتوو و بەهرەدار ناساند. بیرمە کە کۆڕەکە تەواو بوو چۆن ئێمەی گەنج و قوتابییانی بەشی کوردی و ئەدەب دۆستان دەوروخولمان دا، هەریەکە دەیویست ئەم گەوهەرچییەوە لە نزیکەوە ببینێ و بناسێ و زیاتر شیعر و قسەخۆشەکانی ببیستێ.
دوای ئەمە هەر دوور بە دووری دەمناسی. ڕێکەوت نەبا کۆی نەدەکردینەوە. تا ساڵی 1985 (من سەرۆکی بەشی کوردی بووم) داوام لێ کرد بێ لە بەشی کوردیدا ببێ بە وانەبێژ. داواکەی ڕەت نەکردمەوە، تا ساڵی 1989 مایەوە... لەبەر ئازاری قاچەکانی داوای لێبووردنی کرد.
ئەو ماوەیەی لە بەشی کوردیدا مایەوە وەک مامۆستای ئەدەبی کوردی، دەرفەتی بۆ ڕەخساندم مامۆستا فەرەیدوون عەلی ئەمین لە نزیکەوە بناسم.
مامۆستا فەرەیدوون مرۆڤێکی پاک و دەروون ڕوون بوو. دەرەوەی وەک ناوەوەی، ناوەوەی وەک دەرەوی. بڕوایەکی پتەوی بە خۆ هەبوو. دڵخۆش و گەشبین بوو، خاوەنی خۆی بوو..جەرگسۆز و دڵسۆز و شەیدای گەل و نیشتمانەکەی بوو.تێکۆشەرێکی نەبەرد بوو، زمانی ڕەوان و پاراو و ناسک بوو, قسە خۆش و شارەزا بوو، کەم قسەی دەکرد و دەیزانی چۆن وشەکانی هەڵبژێرێ.... سینەی بە دەنگوباسی ئەدەبی پونگابووەوە.. ڕا و بۆچوونەکانی لەبارەی زۆر لە کێشە ئەدەبی و زمانەوانییەکان ورد و بەجێ بوون. قوتابییەکان خۆشیان دەویست و ڕیزیان لێ دەگرت. بەشی کوردیی ئاوەدان کردبووەوە..دانیشتنەکانمانی گەرم و گوڕ و دەوڵەمەند کردبوو.
مامۆستا فەرەیدوون هەرگیز باسی خۆی نەدەکرد بەڵام لە قسەکانییەوە تێدەگەیشتم کە زۆری پێیە و زۆری بە دەستەوەیە..ئاگادارم زۆر بەرهەمی چاک و ڕەسەنی هەبوو، ساڵەهای ساڵیشی بەسەردا تێپەڕیوە و بڵاوی نەکردوونەتەوە...ئاواتەخوازم بنەماڵە و دام و دەزگا ڕۆشنبیرییەکان ئەم بەرهەمانەی ئازاد بکەن و گوڵدانی ئەدەب و ڕۆشنبیریی کوردیی پێ بڕازێننەوە.
ئەم مردنە کتویڕە نا وەختەی مامۆستا فەرەیدوون زیانێکی گەورەی بە جیهانی ڕۆشنبیری و ئەدەب و پەروەردەی کوردی گەیاند...لە ئاست ئەم کارەساتە کۆستخەرە هەر ئەوەندەم لەدەست دێ بڵێم..هەزار ڕەحمەتی لێ بێ..خوا سەبووریی بە کەس و کار و دۆست و خۆشەویستانی بدات.
وریا عمر امین
12-01-1992
ئەم وتارەم لە کۆڕی چلەی ماتەمینی مامۆستا (فەرەیدوون عەلی ئەمین) دا - خوێندەوە..لە ل 23 – 24 ی کتێبی (فەرەیدوون عەلی ئەمین – دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی – 1993 دا بڵاوبۆتەوە.
چیمەنی (فەرەیدون عەلی ئەمین) #سلێمانی# / 25-07-2013