حوسام بەرزنجی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئابووریی کوردستان دەڵێت، پێش کۆرۆنا ڕێژەی بێکاری بە نزیکەیی لە نێوان 14٪ بۆ 20٪ بوو. دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، ڕێژەکە بۆ 50٪ بەرزبووەوە. ئەوەش لە ئەنجامی داخرانی ژمارەیەکی زۆری کارگەکان و وەستانی کەرتی گەشتوگوزاری و کشتوکاڵ. کەرتی گەشتوگوزاری بۆ ماوەیەک بە تەواوەتی وەستا. 300 هەزار کەس بەهۆی کۆرۆنا بێکاربوون و نزیکەی 70٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەوە.
لە لایێکی دیکەوە، زیادبوونی کرێکارە بیانییەکان لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستاندا وایکردووە کە دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانی هێشتا کەمتر ببێتەوە.
سۆچۆ، کرێکاری نیپاڵییە و لە سلێمانی کاردەکات، لە ماڵێکدا کاردەکات و لە هەفتەیەکدا یەک ڕۆژ پشووی هەیە، ئەو ڕۆژەش دەچێتە لای باخی گشتیی شارەکە بۆ ئەوەی خۆراک بفرۆشێت.
داستان خەلیل، کارخوازە و نیگەرانە لەوەی کە سەرەڕای تەواوکردنی خوێندن کاری دەستنەکەوتووە، خۆم هیلاک کرد، وەمزانی بڕوانامە دەمگەیێنێتە بژێوییەکی سەقامگیر. چەندین شوێنیش لە کەرتی تایبەت گەڕاوم، بەڵام کار نییە.
شارەزایەکی ئابووریش ئاماژە بەوە دەکات سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ناڕاستەوخۆ ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی هەرێمی کوردستاندا زیادکردووە.
دیار ستار، شارەزی ئابوورییە و باس لەوە دەکات، بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران، خەڵکەکەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ کارکردن، ئەوەش کاریگەریی لەسەر دەستکەوتنی هەلی کار لە کوردستان کردووە.
بە گوێرەی سەرژمێریەکی ساڵی 2018ی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ڕێژەی بێکاری 9٪ بووە، بەڵام ئێستا چاوەڕێدەکرێت بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و وەستانی دەوامی فەرمانگەکان و کەرتی تایبەت، ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبووبێت. [1]