نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، دەرکەوتووە شەڕی سووریا زیانی زیاتر لە 442 ملیار زیانی بەو وڵاتە گەیاندووە.
ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتووەکان کارێکی توێژینەوەیی هاوبەشی کۆمیسیۆنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا و ناوەندی توێژینەوەی زانکۆی سەینت ئەندروزی سکۆتلەندییە کە تێیدا باس لە بارودۆخی سووریا لەنێوان ساڵانی 2011 تاوەکو ساڵی 2019 دەکات.
بەپێی ئامارەکانی ڕاپۆرتەکە، هەشت ساڵ شەڕکردن لەو وڵاتە نیوەی زیاتری خەڵکی سووریای بێ ماڵ و حاڵ کردووە. بەڵام ئێستا ئەو زیانانە زیاترن، چونکە توێژینەوە لەسەر زیانەکان لە ڕاپۆرتەکە تاوەکو ساڵی 2019ی هەژمارکردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2016 زیانەکانی سووریا بە 259 ملیار مەزەندە دەکرا، بەڵام دوا سێ ساڵ زیانەکان گەیشتوونەتە 442 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار. 82٪ی هەموو زیانەکانیش بەر سێکتەرەکانی وەک: خانووبەرە، ئاسایش، گواستنەوە، پەروەردە، کارەبا و تەندروستی کەوتوون.
زیانەکانی سووریا بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان:
- زیانی فیزیکی: 117.7 ملیار دۆلار
- زیانی بەرهەمی ناوخۆیی: 324.5 ملیار دۆلار
بەراورد بە ساڵی 2010 داهاتی نیشتیمانیی سووریا %54 کەمی کردووە. لە 2010 قەبارەی هەناردەی سووریا 8.7 ملیار دۆلار بووە، بەڵام لە 2018 دابەزیوە بۆ 700 ملیۆن دۆلار.
بەپێی ڕاپۆرتێکی سەنتەری توێژینەوەی سووری لە زانکۆی ئەندروز کە سێیەم کۆنترین زانکۆی سکۆتلەندایە، 11 ملیۆن و 700 هەزار سووری ئێستا پێویستییان بە هاریکاریی مرۆییە.
- تاوەکو ئێستا 5.6 ملیۆن سووری لە وڵاتانی دەرەوە بوونەتە پەنابەر
- 6.4 ملیۆن کەس لە ناوخۆی سووریا ئاوارەبوون
- 6.5 ملیۆن کەس کێشەی نەبوونی خۆراکیان هەیە
- 3 ملیۆن منداڵ ناتوانن بچنە قوتابخانە
شەڕی سووریا کاریگەریی گەورەی دیموگرافی لەسەر سووریا داناوە. پێشبینی دەکرا لە دۆخێکی ئاساییدا ژمارەی دانیشتووانی سووریا لە سەرەتای 2019 بگاتە سەرووی 26 ملیۆن کەس، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ئێستای سووریا بەپێی هەڵسەنگاندنەکان نزیکەی 16.9 ملیۆن کەسن، ئێستا نزیکەی 6.4 ملیۆن کەس پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی ڕۆژئاوایی بردووە.[1]