گروپێک بە ناوی ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووک، #30-11-2021#بابەتێکی بەم ناونیشانە بڵاو کردۆتەوە: ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی کتێبەکانی کاک #نەوشیروان مستەفا#وە.
سەبارەت بەو ڕونکردنەوەیە، ئێمە لە لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا، بە پێویستمان زانی ئەم وەڵامەی بدەینەوە:
یەکەم:
نوسەرانی ڕونکردنەوەکە ئیدیعا ئەکەن کە پرسیان بە بنەماڵەی کاک نەوشیروان کردوە و ڕەزامەندییان وەرگرتون. بەڵام ئەوەی ئێمە لە کاک ئارام (نوێنەری ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان)مان بیستوە، ئەوەیە، کە پێی وتراوە بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی، پێویستە پرس بە لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا بکرێ. بەڵام لیژنەکەمان نەک هەر ئاگادار نە کراوە، بەڵکو خودی هەواڵی لەچاپدانەوەی کتێبەکانیشی لە ڕێگای پۆستێکی پەیجی هەمان ناوەندەوە، بیستوە.
دوەم:
پاش بیستنی هەواڵی لە چاپدانەوەی کتێبەکان، کاک ئارام (نوێنەری ناوەندەکە) ئاگادار کرایەوە کە ئەو مافە پارێزراوە بۆ لیژنەکەی ئێمە و خۆمان ساڵانێکە خەریکی ڕێکخستنەوە و لە چاپدانەوەیانین. پاشتر لیژنەکەمان لەگەڵ نوێنەری ئەو ناوەندە بە ڕێزێکی زۆرەوە قسەی کرد و ڕازی کرا واز لەو بابەتە بهێنێ.
دوا جار، ڕۆژی سێشەممە، 30ی 11ی 2021 جارێکی تر لیژنەکەمان لەگەڵ کاک ئارام (نوێنەری ناوەندەکە) دانیشتەوە. هەم بۆ ئەوەی سپاسی بکا کە وازی لە بیرۆکەی چاپکردنەوەی کتێبەکان هێناوە، هەم بۆ ئەوەی بە گوێرەی نرخی ئەمڕۆی بازاڕی چاپ و بڵاوکردنەوە بڕێک پارەی وەک قەرەبو بۆ دیاری بکا. بەڵام کاک ئارام ئەو بڕە پارەیەی بە دڵ نە بوە. بەو ڕونکردنەوەیەی ناوەندەکەشیانا دیارە کە مەبەستیان ئیبتیزازکردنی ئێمەیە تا بچینە ژێر باریان و چەنیان بوێ بیان دەینێ، کە بە لای ئێمەوە کارێکی نا پەسەندە.
سێ یەم:
بە داخەوە، لەو ڕونکردنەوەکەیانا کۆمەڵێک قسەی ناڕاست و بوختانیان بۆ هەڵبەستوین، گۆیا ئێمە تەماعمان لە پارەیە و ویستومانە نرخی کتێبەکان 50- 60 هەزار دینار بێ! لە کاتێکا خوێنەرانی بەرهەمەکانی کاک نەوشیروان ئاگادارن کە تا ئێستا نزیکەی 10 کتێب لە بەرهەمەکانی لە چوارچێوەی زنجیرەی بە دەم ڕێگاوە گوڵچنیندا، بە چاپێکی زۆر نایاب و باشترین کاغەز و جوانترین بەرگی تەجلید کراو لە بازاڕدا فرۆشراون، نرخی هەر کتێبێک لەوانە لە نێوان 3750- 7000 دیناردا دراوە بە کتێبخانەکان. بۆیە زۆر ڕۆشنە کە ئەم قسەیە بوختانێکی بێویژدانانەیە.
چوارەم:
لیژنەکەمان بە هیچ جۆرێ باسی مەرج و نرخی لەگەڵ ئەم ناوەندە نە کردوە. ئێمە هەم خۆمان ڕاست و ڕەوان پێمان وتن، بۆتان نیە و ناتوانن لەچاپیان بدەنەوە، هەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێم یش ژمارەی سپاردنی لەچاپدانەوەیانی هەڵوەشاندۆتەوە.
ئێستا ئەو ناوەندە نە ڕەزامەندی واریسە شەرعییەکانی کاک نەوشیروان، نە ڕەزامەندی لیژنەکەی ئێمە و نە ڕەزامەندیی قانونیی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی پێیە بۆ چاپکردنەوەیان. ئەمەی ئەیکا جۆرێکە لە زۆرەملێ و هەوڵی ئیبتیزازکردن، کە بێ شک هیچکام لەوانە، لەگەڵ ئێمە ئەنجامی نابێ.
پێنجەم:
نەک ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان، بەڵکو هیچ کەس و ناوەند و لایەنێک مافی نیە دەسکاری ڕێنوس و وشەسازی و ڕستەسازیی بەرهەمەکانی نەوشیروان مستەفا بکا، نەک لەبەر ئەوەی خۆی یان بەرهەمەکانی پیرۆزن، بەڵکو لەبەر ئەمانەتی زانستیی ئەرشیفکردن.
هەرکەس بیەوێ ڕەخنە لە ناوەرۆک و ڕێنوس و وشەسازی و ڕستەسازیی بەرهەمەکانی کاک نەوشیروان بگرێ، ئازادە. ئەتوانێ بۆ خۆی بە کتێبێکی سەربەخۆ بیروڕاکانی خۆی دەربڕێ. بەڵام کەس بۆی نیە و ئێمەش ڕێگە نادەین کەس دەست بخاتە ناو بەرهەمەکانییەوە.
شەشەم:
ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەدیبان یان هەر کەس و لایەن و ناوەندێک بە بێ ڕەزامەندی لیژنەکەمان، بەرهەمەکانی نەوشیروان مستەفا لەچاپ بداتەوە یان بەناوی ڕاستکردنەوە!وە بیان شێوێنێ، ڕوبەڕوی دادگای ئەکەینەوە.
لەگەڵ ڕێزی
لیژنەی پاراستنی ئەرشیفی نەوشیروان مستەفا
1ی 12ی 2021
[1]