لە سەرەتای دروستبوونی مرۆڤەوە، بەردەوام خەریکی داهێنان بووە، شتگەلێکی جۆراوجۆر هەن کە مرۆڤ دروستی کردوون، لەناو ئه و داهێنانەشدا بێگومان داهێنانی باش و خراپیش هەن، ئەوەی دەمەوێ لێرەدا باسی بکەم کتێبە.
کتێب یەکێکە له و دروستکراوانە یان ئه و داهێنراوانەی مرۆڤ کە نەبووەتە هۆی شەرمەزاری بۆ مرۆڤایەتی، بەڵکو شانازیشە، چونکە کتێب لەوەتەی داهێنراوە، وەک ئامێرێک لە بنیاتنانی مرۆڤایەتی و گەلان و نەتەوەکاندا کار دەکات، پێشکەوتنی شارستانیی و عەقڵ و بیر و هزری مرۆڤایەتی، پرۆسەیەکی مێژووییە کە کتێب ڕۆڵێکی زۆر گەورە و کارای گێڕاوە تێیدا تا بە ئەمڕۆ گەیشتووە.
هەموومان و بەتایبەتیش ڕۆشنبیران و نووسەران، تا ئاستێکی زۆر قەرزاری کتێبین، خوێندنەوەی کتێب هۆیەکی سەرەکییە بۆ دەوڵەمەندبوونمان بە زانست و بە زانیاریی هەمەچەشنە، بۆ زیاتر ڕۆشنبیریبوونمان، هۆیەکە بۆ زمانپاراوی و بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی زمانمان بە وشە و بە زاراوەی نوێ، کە دەبێتە هۆی ئەوەی بتوانین باشتر و جوانتر گوزارشت لە بیر و خەیاڵ و بۆچوونی ناخی دەروونمان بکەین.
هەموو فەیلەسووف و زانا و دانا و ڕووناکبیر و گەورە پیاوانی دنیا بەرهەمی کتێب و خوێندنەوەن، وەک سامۆیل ئادامز دەڵێت: خوێندنی دوێنێ تۆوێکە بەیانی بەرهەمەکەی دروێنە دەکەیت.
کتێب کاریگەریی لەسەر هەموو ژیانی مرۆڤایەتی هەیە، بەتایبەتی لە زمان و کولتوور و توانای هزری و مرۆیی، ئەوانەی کتێب دەخوێننەوە، خەڵکانێکی بێ کاریگەری و بێ پێگە نابن.
لەناو هەر کۆمەڵگەیەکدا تاکەکانی کۆمەڵگە کەسانی خوێنەر بن و پێوەندییان لەگەڵ کتێبدا هەبێت، ئەوا بێگومان ئه و کۆمەڵگەیە کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو دەبێت. تاکەکانی کەسانی کاریگەر و داهێنەر دەبن، چونکە کتێب ڕۆڵێکی دیاری هەیە لە بنیاتنانی مرۆڤی زانا و داهێنەر.
گەلێکی خوێندەوار و ڕۆشنبیر و مێشک فراوان، تاهەتایە دەمێنێت و لەناو ناچێت، ڕۆژنامەوانێک ئەم قسەیەی زیاتر شی کردووەتەوە و دەڵێ: ”گەلێک یان میلەتێک، ئەگەر کتێب نەخوێنێتەوە، وەک ژمارە و بوونی مرۆیی دەمێنێت، بەڵام وەک ئامادەیی و هێز و خۆسەلماندن لەناو کۆمەڵگەی مرۆییدا، ئه و میلەتە بە (نەبوو) دێتە هژمار.
ئاشکرایە لە دنیای ئەمڕۆدا تەکنەلۆجیا بەشێکی زۆری ژیانی مرۆڤەکانی داگیر کردووە، مەخابن ئەم پێشکەوتنە تەکنۆلۆجییە لەناو زۆر لە گەلانی دنیا و نەوەی نوێیاندا، پاشەکشەی بە کتێب و خوێندنەوەی کتیب کردووە، سەرهەڵدانی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ڕەواج و بازاڕی کتێب و ڕێژەی خوێنەرانی کتێب هەیە، ڕاستە تەکنۆلۆجیای پێشکەوتوو لەم سەردەمەدا نزیکەی هەموو ژیانی مرۆڤی ئەم چەرخەی داگیر کردووە، بەڵام هێشتا گەلانێکی زۆری دنیا هەن، دەستبەرداری نەریتی کتێب خوێندنەوە نەبوون. بەڵام کتێب بەهای گرانی خۆی لە دەست نەداوە، هێشتا ژمارەی ئه و کەسانە لەسەر ئاستی دنیا لە هەموو نەوەکان یەکجار زۆرن کە بێ کتێب و دوور لە کتێب، ناحەوێنەوە. چونکە هەر کتێبە وا لە مرۆڤەکان دەکات تێگەیشتنێکی باشتر و بیرکردنەوەی جیاوازیان هەبێت، لەبەر ئه و کاریگەرییەی کتێب بۆ سەر ژیانی مرۆڤایەتی هەیەتی.
سوودەکانی خوێندنەوەی کتێب زۆرن، تەنیا ئاماژە بە پێنج دانە لەوانە دەدەین:
1 - کاتێک تۆ کتێبێک دەخوێنیتەوە، بێگومان زانیارییەک له و کتێبەدا هەیە کە سەرنجت ڕادەکێشێت و دەبێتە هۆی ئەوەی زیاتر حەز بە خوێندنەوە بکەیت.
2 - بە گەلانی تر و وڵاتانی تر و دنیای تر ئاشنات دەکات و ئاشنای کولتوور و زمانی جیاواز دەبیت.
3 - کەسایەتیت بەهێز و مێشک و هزرت فراوانتر دەکات و دیدت بۆ ڕووداوەکان ڕۆشنتر دەبێ، بۆچوونی تایبەت بە خۆتت دەبێت لەسەر ڕووداوەکان.
4 - توانای قسەکردن و زمانەوانی و هەروەها نووسینیشت باشتر دەکات.
5- کلیلی دەرگەی زانستەکان و فێربوونە و کتێب دەبێتە دەلاقەیەک لێوەی ئاشنای زانست و زانیاری نوێ و سەردەمی دەبین.
یوسف زێدان لەبارەی خوێندنەوەوە دەڵێت :
”ئه و گەلەی دەخوێنێتەوە، دەمێنێتەوە بێگومان گەلی خوێندەوار هەمیشە لە بەرەوپێشچووندایە و هەمیشە دەمێنێت، خوێندنەوە و کتێب کۆمەڵگە لە نەزانین و نەفامی دەرباز دەکات و بەره و ڕووناکی و ئاگایی زیاتر پێشی دەخات، بۆیە گرنگە لە کوردستانیشدا خوێندنەوەی کتێب بکرێتە کولتوور تا کۆمەڵگەی کوردیش زیاتر بەرەوپێش بچێت و بتوانین شانبەشانی وڵاتانی تر، بەرەوپێشەوە بچین و ببینە کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار.
ڤیکتۆر هۆگۆ لەبارەی کتێبەوە دەڵێت: بەختەوەر کەسێکە کە بە یەکێک لەم دوو شتانە شاد بێت، بە کتێبە باشەکان یان بە هاوڕێیانی کتێبدۆست.
کەواتە لەمەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کتێب چەندە گرنگە بۆ مرۆڤ و چەند هاوکار بووە لە پێگەیاندنی مرۆڤدا، بۆیە تەنیا ماوەتەوە بڵێین هەموومان قەرزاری کتێبین.
ڕاستی بەهادین مەجید[1]