ڕێکخراوی پاراستنی مافی مرۆڤ “هیومان ڕایتس وۆچ” ئیدانەی ئەو سەرکوتکاریی و دەستگیرکردنە بەلێشاوانەی ئۆپۆزسیۆن و نەیارانی حکومەت دەگرێت، کە لەلایەن ڕژێمەکەی ئەردۆغانەوە بەردەوامیی هەیە و دەڵێت، ئەم سیاسەتانە، بەڵگەی سنووردارکردنی مافەکان و سەروەریی یاسایە لەو وڵاتەدا.
هیومان ڕایتس وۆچ لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لەئێستادا 17 کەسایەتی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی سەر بە هەدەپە لە زیندانەکانی تورکیان و ڕووبەڕووی دادگا کراونەوە، لە نێویشیاندا تەنها سێ کەس بە مەرج ئازادکراون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەسەڵاتی دادوەری تورکیا بەردەوام لێکۆڵینەوەی پەیوەست کردووە بە تێوەگلانی ئەو پارتە کوردییە لە ناڕەزاییەکانی ساڵی 2014، هەروەها نیگەرانی خۆیشی لەوە دەربڕیوە کە تورکیا سزای زیندانی بۆ بەرتەسککردنەوەی مەودای کاری لایەنە سیاسیەکان و بە تایبەت ئۆپۆزسیۆن بەکاردەهێنێت.
تۆم پۆرتیۆس، جێگری بەرنامەکان لە ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دەستگیرکردنی سیاسییەکانی هەدەپە لە کاتێکدایە کە ئەو پارتە بەربەستی 12٪ی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 تێپەڕاندووە و دەنگی پێویستی بەدەستهێناوە، ئەوەش بەشێکە لە سیاسەتی ئەنقەرە بۆ تاوانبارکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، دووپاتیشیدەکاتەوە، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەڵگەی تەواویان لەبارەی کۆنترۆڵکردنی دادگاکان لەلایەن حکومەتەوە کۆکردووەتەوە.
پۆرتیۆس باسی لەوە کردووە، پۆلیسی تورکیا لە 25ی ئەم مانگەدا ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی دەستگیر کردووە تا لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر تێوەگلانیان لە خۆپیشاندانەکان لە ‘باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا’، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان کاردانەوەیەک بووە بەرامبەر سیاسەتی حکومەتی تورکیا لەو کاتەدا بەرامبەر بە گەمارۆدانی کۆبانێ لە باکوری سوریا لەلایەن داعش و دەربڕینی هاوسۆزیی بۆ کوردانی کۆبانێ.
پۆرتیۆس ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە ئەو فەرمانی دەستگیرکردنە نوێیەی کە لەلایەن حکومەتەوە دەرکراوە، بە هەمان شێوە پاساوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکی دیکەی هەدەپە، لەو 65 شارەوانییەی کە لە هەڵبژاردنی خۆجێیی 31/3/2019 لەلایەن ئەو حزبەوە بەدەستی هێناون کە لە ئێستاشدا تەنها شەش سەرۆک شارەوانی بچووک لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەدەپەدا ماونەتەوە.[1]