چاندنی ئومێد لە گەنجاندا[1]
نوسینی؛ د. سەڵاح عەزیز
لە عەرەبییەوە؛ کنێر عەبدوڵڵا
دوای نوسینی وتارێکم بەناوی شکستی سستمی دەوڵەت لە عێراق و لوبنان لە 7 ئابی 2020، ئیدی نوسینی بابەتە هاوشێوەکانم بە پێویست نەزانی، واقعی ئێستاش نەگۆڕاو و نەگۆڕیش دەبێت؛ تا ئەو کاتەی سستمی دەسەڵات بە گەندەڵی بمێنێتەوەو و کۆمەڵیش بە تەمەڵی و نەزانی، بەڵام بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و ئاکاری لە ئەستۆماندا هەیە لەبەرامبەر گەنجانمان، کە بەهۆی نەزانین و بێکاریی و بێئومێدییەوە دەناڵێنن؛ ئەوەش بریتییە لە چاندنی ئومێد تیایاندا بۆئەوەی نەوەی داهاتووی پاش ئەوان بە بارودۆخی خراپترەوە نەناڵێنن لەوەی ڕووبەڕووی نەوەی ئێستا دەبێتەوە.
دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کوردەکان حوکمی خۆیان دەکرد و پاش داگیرکاری ئەمریکا ساڵی 2003 عێراقییەکان دەستورێکی نوێیان بەدەستهێناو هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. لە هەردوو بارەکەدا دەستکەوتی هەردوو لایەنەکە بریتیی بوو لە ڕێگەدان بە حزبە سیاسییەکانی خاوەن میلشیاتی چەکدارین کە ببنە خاوەنی بەروبومی هەرێم و ووڵات و بڕیاردان بە چارەنوسی گەلەوە هەریەک بەپێی هێزی سەربازی و باش بەرێوەبردنی سەرچاوەکان وکۆمەڵگەکانی لەژێر دەسەڵاتیاندایە، دەشێت ئەم پارتانە نوێنەرایەتی کەمینەیەکی ژمارەکان بن، بەڵام ئەم کەمینەیە توانی زاڵبێت بەسەر زۆرینەی کۆمەڵ کە تیایدا گەنجان ڕێژەیەکی گەورەتر و دۆڕاوێکی گەورەن لە هەمانکاتدا. دوای حوکمڕانی کورد لە کوردستان بۆ 30ساڵ و پارتە ئیسلامییە عەرەبییەکانی ناوەندو خوارووی عێراق بۆ ماوەی 17 ساڵ، ژمارەی سوودمەندان و چڵێسییان لە هەردوو سەربازگەدا ڕووی لەزیادبوون کرد و دەستیان گرت بەسەر هەموو بەروبومەکانی ووڵاتدا بەشێوەیەک هیچ پشکێک بۆ گەنجان نەمایەوە؛ بۆیە هەزارانیان هەڵهاتن بۆ دەرەوەی ووڵات، خەونیان بەبەهەشتی ئەوروپاوە دەبینی، ئامادەی ڕووبەڕووبونەی سەرمایان دەکرد (وەک ئەوەی بیلاروسیا)ن مردن (وەک ئەوەی لە دەریای ئاویی نێوان فەرەنساو بەریتانیا) ڕویدا؛ لەبری مانەوەیان لە نیشتمانێکدا کە نە ماف و نە داهاتوویان هەیە تیایدا.
ئه و کاتەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە عێراق بڵاویکردەوە کە ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەمساڵدا گەیشتە 41% یەکێک بووم لە 59% ی گەل کە دەنگیان نەدا؛ ئەوەش بەهۆی باوەڕنەبونم بەوەی دەبێتە هۆی بونیادنانی دەسەڵاتێکی دروست لە عێراقدا، بەڵام دەستوری عێراقی هیچ بەهایەک بۆ 59% دانانێت کە دابڕاون ؛ بەڵکو بۆ 41% ی بەشداربوونە لە هەڵبژاردنەکاندا. بەرای من هەڵبژاردنەکان لە ئێستادا گۆڕانکاری ناهێننەکایەوە نە بۆ واقعی ئاسایش، ونە بۆ بواری ئابوری و کۆمەڵایەتی لە عێراقدا، لە ڕوانگە ی لایەنگری و بەشداری پێکهاتەی ئێستای سیاسی و بەتایبەت چەکداری لە هەڵبژاردنەکاندا، بۆ ئەوەی زاڵبێت بەسەر گەل و سەرچاوەکانیدا. پێکهێنانی حکومەتی نوێ پیادەکردنەکانی ڕابردوو ناگۆڕێت: وەک ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتی نادروست و پاراستنی پیادەکردنە ڕوخێنەرەکەی بۆ کۆمەڵ. و ئەگەریەکێک له و هێزانە سەرکەوتوو نەبن بە زامنکردنی دەستکەوتەکانیان، ئاسایشی کۆمەڵ دەخەنە ژێر هەڕەشەوە.
چیدی باسێکی دیکە ناخەمە سەروەسفکردنی خراپی باری کۆمەڵ بەهەموو پێکهاتەکانێوە، چونکە لەوبارەوە ووتارو باسی زۆرم خستۆتەڕوو، بەڵام وەک هەر کۆمەڵێک دەبێت چارەسەرێکی ستراتیجی بدۆزرێتەوە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارام. لە کۆمەڵدا دەستەبژێرێک هەن کە ڕاستییەکان دەزانن و ئازاردەچێژن بەوەی دەیبینن و ئارەزومەندن بە ئەنجامدانی کارێکی سوودمەند بۆ گۆڕینی ئه و واقعە ئازاراوییە و چاندنی ئومێد لە گەنجاندا؛ بۆیە لەئەستۆیاندایە دەستپێشخەربن بە ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ کە بتوانێت بیرێکی نوێ بونیادبنێ کە بناغەکەی بونیادی مرۆڤ و نیشتمان بێ لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابوری، و ئاسایشەوە. دەبێت دەستبەجێ لەلایەن دەستەبژێرانەوە کاربکرێت بۆ خزمەتکردنی شارەکانیان (لەسەر ئاستی ناوچە) لەرێی دامەزراندنی پرۆژە ئابورییەکانی دەکرێت گەنجان خاوەندارێتی بکەن و بەڕێوه یبەرن؛ بەشێوەیەک ژیانێکی خۆش و تواناکانیان بۆ زامن بکات لە ڕووی زانین و پیشەیی و کۆمەڵایەتییەوە، و ئامادەسازیان بکات بۆ داکۆکیکردن لە شارو ووڵاتەکەیان.
پێشنیار دەکەم بە بونیادنانی ئەم بیرۆکەیه؛ بەمەبەستی شکستهێنان بە گشت چارەسەرەکانی پێشووتری کە لەسەر ئایدولۆجیای ئاینی و نەتەوەیی و خەونی گەورە بونیادنراوە لەپێناو بونیادنانی کۆمەڵ و نیشتمانێک کە مرۆڤ دەتوانێ خۆشگوزەرانیی و ئاسایشی تێدا بەدیبکات. دەبێت گەنجان باوەڕبهێنن بەوەی کە بەرپرسیاری یەکەم و کۆتان لە گۆڕینی ئه و دۆخە تاڵە و ئەوەش ڕوو نادات گەر باوەڕ بە ڕۆڵی گرنگ وتوانای خۆیان نەهێنن لە کۆمەڵدا؛ لەڕێی بەدەستهێنانی زانین؛ لەبری بڕوانامەی ئەکادیمی وە شارەزایی و کارامەیی؛ لەبری وەزیفە. گەر گەنج لە نیشتمانەکەیدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێ؛ ئەوکات بیر لە کۆچکردنی ناکاتەوە بۆ چارەنوسی نادیار.