خۆڵبارین:
خۆڵبارین: دیاردەیەکی سروشتی با کردەیە، لە ئەنجامی ڕاماڵینی هەوای خاک و هەڵواسرانی دەنکۆڵەکانی خاک یان پیسکەرە سروشتی و مرۆییەکان لە هەوادا بە بەرزی نزیکەی 1.5 کم لە ڕووی زەوییەوە ڕوو دەدات.
لێکۆڵینەوەیەک کە لە ساڵی 2009 بۆ 2010 ئەنجام دراوە دەریدەخات کە %71.4 ئەو خۆڵبارینانەی لە عێراقدا ڕوودەدەن لە ساندی-سیڵتیی-کلەیی پێکدێن و %28.6 یان لە ساندی-کلەیی-سیڵت پێکدێن.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو خۆڵبارینانەی لە کوردستان ڕوودەدەن تەنها بۆ ڕاماڵینی هەوای خاک دەگەڕێنەوە و بەگشتی لە ساند، سیڵت، کلەی، و ماددەی ئەندامی پێکدێن. سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانە یان ناوخۆیین و بەهۆی ئەو ڕەشەبایانەوەیە کە لە خواروو و خۆرئاوای عێراقەوە سەرچاوە دەگرن یان دەرەکین و لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دێن، وەک ئەو ڕەشەبایانەی لە نیمچەدوورگەی عەرەبی و باکووری ئەفریقا ڕوودەدەن.
بۆ ڕوودانی خۆڵبارین پێویستە بایەک بە خێرایی 16-24کم یان زیاتر لە کاتژمێرێکدا بەسەر خاکێکی شێواودا تێبپەڕێت. کاتێک بەهۆی بەرزی پلەی گەرمی و زۆر بەرهەوا کەوتنەوە ماددەی ئەندامی لە خاکدا بۆ خوار %2 دادەبەزێت دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتن و نەمانی توانای ڕاگرتنی ئاو لەو خاکەدا، بەمەش ڕێگا بۆ هەردوو ڕاماڵینی هەوایی و ئاویی ئەو خاکە خۆش دەکات.
ئەبێت ئەوەش بزانرێت بە شێوەیەکی سرووشتی لە ناوچە زۆر وشک یان وشکەکاندا چینێک لەسەر ڕووی خاکەکە هەیە کە ڕێگا لە شێوانی ڕووی خاکەکە و ڕاماڵێنی دەنکۆڵەکانی دەگرێت، بەڵام هەندێ هۆکاری سرووشتی (وەک بارانی بەلێزمە) و چالاکی مرۆیی (وەک چالاکییە سەربازیی و کشتوکاڵییەکان و هۆیەکانی گواستنەوە) هاندەرێکی ئێجگار گەورەی شێواندنی ڕووی خاکەکە و ڕوودانی خۆڵبارینن. ڕامالینی هەوایی کار لەسەر ئەو دەنکۆڵانەی خاک دەکات کە تیرەکانیان لە 500 مایکرۆن کەمترە و ئەو دەنکۆڵانەی تیرەکانیان لە 500 مایکرۆن زیاترە تەنها بەڕووی زەوییەکەدا دەخشێن، لە کاتێکدا ئەو دەنکۆڵانەی کە تیرەکانیان لە نێوان 10 بۆ 500 مایکرۆندایە بە شێوەیەکی کاتیی بەرزدەبنەوە بۆ ناو هەوا و هەر زوو دادەبەزنەوە و کاتێک بەر ڕووی خاکەکە دەکەونەوە دووبارە هەڵدەبەزنەوە و ئەبنە هۆی ڕوودانی زنجیرە کارلێکێکی هاوشێوە لە نێوان دەنکۆڵەکانی دەوروبەریاندا و هاندانی بەرزبوونەوەی دەنکۆڵەی زیاتر.
دەنکۆڵەکانی خاک بە پێی توانای هەڵواسرانیان لە هەوادا پۆلێن دەکرێن بۆ:
$ورد$: تیرەکانیان لە 2.55 مایکرۆن کەمترە و بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەوادا ئەمێننەوە و بەپڕ مەترسیدارترین جۆری دەنکۆڵە دادەنرێن لەسەر تەندروستی کۆمەلگا.
$زبر$: تیرەکانیان لەنێوان (2.5- 100) مایکرۆندایە و بۆ ماوەیەکی کەم لە هەوادا ئەمێننەوە. ئەگەر دەنکۆڵەی پیسکەرەکانی تری وەک دایۆکسین و فیوران و کانزا سەنگینەکانی پێوە نەلچکابن مەترسییان لەسەر تەندروستی زۆر نییە و تەنها ئەبنە هۆی کزانەوەی چاو و لوت و بۆری هەناسە.
$زۆر زبر$: تیرەکانیان لە 100 مایکرۆن زیاترە و بۆ ماوەیەکی زۆرکەم لە هەوادا ئەمێننەوە و خێرا بۆسەر ڕووی خاکەکە دادەبەزنەوە. کێشەی ئەم دەنکۆڵانە لەوەدایە لە کاتی دابەزینەوەیاندا بۆسەر ڕووی خاکەکە بەشیوەی تۆپێکی فوتبال کە دەکێشێ بە زەویدا و بەرز دەبێتەوە کار لە دەنکۆڵە وردەکان دەکەن و خۆڵبارینەکە زیاتر دەکەن.
$کاریگەرییە خراپەکانی خۆڵبارین:$
1- کاریگەریی لەسەر تەندروستی
دەنکۆڵەکانی خاک لە لوت و دەمەوە بۆ قوڵترین بەشی کۆئەندامی هەناسە دەڕۆن و لە تونایاندایە زیان بە سەرجەم بەشەکانی کۆئەندامی هەناسە بگەیەنن، لە کاتێکدا دەنکۆڵە زۆر وردەکان ئەتوانن ڕاستەوخۆ تێکەڵ بە سوڕی خوێن ببن و کاریگەرییەکی زۆر زیاتر لەسەر تەندروستی مرۆڤ دابنێن. ئەمە جگە لەوەی بەهۆی پێکهاتەی جیۆلۆجی سەرچاوەی ئەم خۆڵبارینانە زۆربەی جار ئەم دەنکۆڵانە ماددەی ژەهراوی وەک کانزا سەنگینەکان و ماددە تیشکدەرەکان یان شێرپەنجە-هێنەر هەڵدەگرن و کارەساتەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکەن. منداڵ و بەتەمانەکان و ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی دڵ و کۆئەندامی هەناسەدانیان هەیە زۆرترین قوربانی دەستی خۆڵبارینن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە خۆڵ بارین کاریگەری لەسەر تاکە تەندروستەکانی کۆمەڵگا نییە.
کیشە تەندروستیەکانی خۆڵبارین بریتین لە :
کیسەی هەناسەدان و پەکخستنی فرمانی سییەکان
ئازار و کزانەوەی کۆئەندامی هەناسە و کزانەوەی چاو
هەوکردنی بۆرییەکانی هەناسە، ڕەبۆ، سیە سۆ، هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان (ئێمفیزیما)
لاوازکردنی بەرگریی لەش
لێدانی نائاسایی دڵ، جەڵدەی دڵ و دەماغ، مەرگی پێشوەخت
2- کاریگەرییە ژینگەییەکان :
کەمکردنەوەی ڕادەی بینین
ترشکردنی سەرچاوە ئاوییەکانی سەرزەوی و تێکدانی باڵانسی خۆراکیی لەو سەرچاوانە
داڕمانی بڕی خۆراک لە خاکدا
لەناوبردنی دارستانە سروشتییەکان
کەمکردنەوەی هەمەجۆریی زیندەیی
کاریگەرییە ماڵییەکان
تێکدانی بڕ و کوالێتی بەروبومی کێڵگەیی
شێواندن و لەناوبردنی کەلوپەلە کەلتوریی و مێژوییەکان
کەمکردنەوەی بەرهەمی خانووە پلاستیکییەکان.
$کۆنترۆل کردنی خۆڵبارین:$
ئەگەر شوێنی دروستبوونی خۆڵبارینەکە ڕووبەرێکی بچووکی هەبێت ئەکرێت کۆنترۆڵ بکرێت بە بەکارهێنانی ماددەی ئەندامیی وەک (GE-DTA) و پاشەڕۆی درەختی هاڕاو و نەوتی ڕەش و پۆشینی گیایی...هتد. هەروەها ئەکرێت بۆ پاراستنی ناوچەیەکی بچووکی وەک بینا و باخ و کێڵگەیەکی کشتوکاڵی بەربەستی با یان کەمکەرەوەی با بەکاربهێنرت. بەڵام بۆ کوردستان کە ڕووبەرێکی بەرفراوانی هەیە و گەورەترین بیابانەکانی وەک سەهەرا و عەرەبی و سوریا سەرچاوەی دروستبوونی خۆڵبارینەکەیەتی، باس لە هەر کۆنترۆڵکردن یان بنبڕکردنێکی دیاردەی خۆڵبارین بکرێت تەنها بە باسکردن دەمێنێتەوە و ناتوانێت ئەنجامێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت. بۆیە ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی پێشوەختی هاووڵاتییان سەبارەت بە زیانەکانی خۆڵبارین و چۆنییەتی خۆپاراستن لێیان تاکە ڕێگەچارەی دروستە بە مەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی خۆل بارین.[1]