ماڵپەڕی ئاوێنە: #08-12-2021#
#ئامینە کاکە باوە#، بۆتە دەنگی زیندانیانی سیاسی و ژنە چالاکوانانی ئێران، کورد و فەلەستینییەکان لە پەرلەمان و میدیاکانی سویددا. لە گفتوگۆکانی پەرلەمانی سویددا، ئەم نوێنەرەی ستۆکهۆڵمی پایتەخت، پرسی ژنانی کۆچبەر لەو وڵاتەو مافەکانی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێتەگۆڕێ.
ئامینە لە گوندی #تورجان#ی سەربە شاری #سەقز#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوە. ئەو کاتێک دەبێتە 13 ساڵان پەیوەندی دەکات بە کۆمەڵەوەو دەبێتە پێشمەرگە. ئامینە دەڵێت، فەرماندەی بنکەی سوپای پاسداران لە گوندەکەیان گوشاری بۆ باوکی هێنابو کە لەگەڵ ئامینەی گەنجدا هاوسەرگیری بکات. بەڵام ئامینە هەڵات و بوە کۆمەڵە.
ئامینە کاکە باوە، ئێستا بەپێی ناسنامە 50 ساڵانە، بەڵام ئەو دەڵێت، بۆ ئەوەی زوتر شو بکات، لە ناسنامەکەی سێ ساڵ گەورەتر تەمەنیان تۆمارکردوە.
ئامینە لە شاخ فێری خوێندنەوەو نوسین بوە. ئەو دەڵێت: بەهۆی کەمی تەمەنییەوە، کۆمەڵە ئەوی بۆ شەڕ نەناردوە.
او در نوجوانی به کومەله پیوست
ساڵی 1992، ئامینە لە تەمەنی 19 ساڵاندا، کۆمەڵە بەجێدەهێڵێت و لە سوید دەبێتە پەنابەر، لەوێ وەک کچێکی کە خوێنەواری کەمەو نەچۆتە قوتابخانە، ئەژماردەکرێت.
ئامینە، شەوانە دەخوێنێت و ڕۆژانە کاردەکات و هاوکارییش بۆ خێزانە هەشت کەسییەکەیان لە ئێران، دەنێرێتەوە.
ئەو سەرکەوتو بو لە بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری ڕاوێژیی کۆمەڵایەتی و بڕوانامەی ماستەر لە فەلسەفە لە زانکۆی ستۆکهۆڵم.
ساڵی 2005، لقی سویدی ڕێکخراوی فیمینستی فرەنسی بەناوی نە لەشفرۆش و نە ستەمدیدە دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوە داکۆکی لە مافی کچانی کۆچبەرو پەراوێزنشینی سوید، دەکات.
ساڵی 2008، ئامینە کاکە باوە لەلایەن پارتی چەپی سویدەوە کاندید دەکرێت و وەک یەکێک لە نوێنەرانی شاری ستۆکهۆڵم دەبێتە پەرلەمانتاری ئەو وڵاتەو لەو کاتەوە تا ئێستا توانیویەتی وەک پەرلەمانتار بمێنێتەوە.
ئامینە خۆی بە پەرلەمانتارێکی چەپ و سۆسیالیست دەزانی. ژوری کارەکەیی لە پەرلەمان بە وێنەی چێ گیڤاراو ژنە #شەڕڤان#انی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان، ڕازاندۆتەوە.
خەبات دژبە توندوتیژی دژی ژنان، هاوسەرگیریی بەزۆر، خەتەنەی کچان، پشکنینی کچێنی، لە ڕیزی پێشەوەی بەرنامەی کاری ئامینە بوە. سەرۆکی پێشوی پەرلەمانی سویدو وەزیری دادی ئەو وڵاتە، بە بی بی سی-یان وتوە، ئەگەر هەوڵەکانی ئامینە نەبونایە، ئەم پرسانە نەدەبونە بەشێک لە بەرنامەی سیاسەتمەدارانی سوید.
هەوڵەکانی ئامینە بونە هۆکاری ئەوەی هاوسەرگیریی بەزۆر، توندوتیژییەکانی دژبە ژنان لەسەر شەرەف، خەتەنەی کچان لە سوید وەک تاوان و کاری نایاسایی ئەژماربکرێن.
ئامینە هەروەها یەکێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ڕەمزە ئایینییەکان لە قوتابخانەکانی سویدداو هاوکات داکۆکی لە پەنابەران دەکات. چەندین جار لەلایەن ئیسلامییە توندڕەوەکان و هەروەها ڕاستڕەوە پەڕگیرەکانەوە هەڕەشەی لێکراوەو ساڵانێکە لەژێر پارێزگاریی پۆلیسی دژە تیرۆری سویددایە.
هەڵوێستە سەرسەختەکانی ئامینە کاکە باوە دژبە ڕەمزە ئاینییەکان و هەوڵەکانی بۆ قەدەغەکردنی باڵاپۆشی منداڵانی خوێندکار، بوە هۆی ئەوەی پارتی چەپ لە ساڵی 2019 لە ڕیزەکانی حزب دەری بکات، بەڵام ئامینە دەڵێت، پارتی چەپی سوید لەگەڵ گروپە ئیسلامییەکاندا هاوپەیمانی کردوەو ئەم خۆی چیتر نەیویستوە لەو حزبەدا بمێنێتەوە.
ئامینە کاکە باوە، ژنێکی چالاک و پڕ جۆش و خرۆشەو خێرا خێرا قسە ئەکات. ئەو بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ژنان لە نمایشی جلوبەرگی ساڵانەی ستۆکۆڵمدا بەشداریی کرد. کامیلا تولین، دیزاینەری جلوبەرگی سویدی دەڵێت: ئامینە تەنها ئەهلی قسەکردن نییە، بەڵکو ژنێکی نمونەیە بۆ تەواوی ژنان.
تولین دەڵێت، ئامینە حەزی لەوەیە لە پەرلەمان وەک ژنێک جلوبەرگ بپۆشێت، بەڵام کاتێک قسە دەکات، وەک پیاوان توانای خۆی دەردەخات. ئەو هەمیشە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ دەپۆشێت.
لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردودا، هەلومەرجێک لە گۆڕەپانی سیاسی سویددا هاتۆتە ئاراوە کە دەنگی ئامینە کاکە باوە، وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، بۆتە دەنگێکی یەکلاکەرەوە. ئەو هەلومەرجەش ئەوی زیاتر کردۆتە جێی سەرنجی پارتی دەسەڵاتدارو میدیاکانی سوید.
آمنه کاکاباوند
رۆژی 22ی مانگی ڕابردو، بۆ یەکەمجار پەرلەمانی سوید، دەنگی بە ژنێکدا بۆ سەرۆک وەزیرانی وڵات. ئامینە بۆ داکۆکیکردن لەوەی خاتو ماگدالینا ئەندرسۆن کە لە پارتی دەسەڵاتدارە، ببێتە سەرۆک وەزیران، وتیئەگەر ژنان تەنها مافی دەنگدانیان هەبێت و هیچ کاتێک بۆ پۆستە باڵاکان هەڵنەبژێردرێن، ئەوە دیموکراسی کامڵ نییە. بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان، لە قوتابخانەو شەقامەکانی بازنەی هەڵبژاردنی من، کچان و ژنان ئەوەیان لێم دەوێت کە دەنگ بۆ ژنێک بدەم ببێتە سەرۆک وەزیران.
دەنگەکەی ئامینە کاکە باوە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ، بۆ هەڵبژاردنی خاتو ماگدالینا ئەندرسۆن وەک سەرۆک وەزیرانی نوێی سوید، یەکلاکەرەوە بو. بەڵام ئامینە لەبەرامبەر دەنگدانەکەیدا بەو حزبە ڕکابەرەی، توانی لەگەڵ وەزیری دادی سوید ڕێکبکەوێت کە ڕەزامەندی بدات لەسەر چەند داواکارییەکی ئەو لەبارەی ژنان و کوردانی سوریاوە.
ئامینە کاکە باوە، کە پێشتر پێشمەرگە بوە، دەڵێت: ئەو دژی چەکەو ئومێدەوارە کچان و کوڕانی گەنج ناچار نەبن چەک هەڵبگرن.
دەشڵێتهیچ کەسێک نابێت توانای کچان بە کەم سەیر بکات. ئێوە بینیتان ئەم کچە نەخوێنەوارە پەنابەرەی کە نزیکەی 30 ساڵ بەرلە ئێستا هاتە سوید، ئەمڕۆ چۆن توانیویەتی بە دەنگی لەم وڵاتە ببێتە کەسێکی مێژوسازو هاوکاربێت لەوەی کە یەکەم ژن ببێتە سەرۆک وەزیران.
[1]