ناو: حەمەسەعید
ناوی باوک: حەمەکەریم جاف
ڕۆژی لەدایکبوون: #14-07-1951#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی نەوێی بناری سوورێن
$ژیاننامە$
ناوی تەواوم (حەمەسەعید حەمەکەریم جاف) ەک لە
14-07-1951 لە گوندی (نەوێ) ی بناری سوورێن لە بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیر لەدایکبووم.
لە ساڵی 1954 بەماڵەوە چووینەتە #سەیدسادق#. لە ساڵی 1957 چوومەتە قوتابخانەی سەیدسادقی سەرەتایی و ساڵی 1963 تەواوم کردووە و لە تاقیکردنەوەی بەکالۆری پۆلی شەشەمی سەرەتایی یەکەم بووم لەسەر ئاستی قەزاکە و سێیەمیش بووم لەسەر ئاستی هەموو پارێزگای #سلێمانی#.
بۆ خوێندنی ناوەندی چوومەتە سلێمانی لە قوتابخانەی ناوەندی کۆماری (جمهوری) تەواوم کردووە.
لە ساڵی 1967 لەخانەی مامۆستایان وەرگیراوم و ساڵی 1969-1970 تەواوم کردووە و لە #01-09-1973# بوومەتە مامۆستا لە گوندی (وەڵەسمت) ی بناری شارەزوور.
لە ئاداری ساڵی 1974 ڕووم لەشاخ کردووە و بوومەتە پێشمەرگەی کوردستان لە هێزی خەبات.
ساڵی 1975 پاش نسکۆی شۆڕش هاتۆمەتەوە سەرکارەکەی خۆم و ڕەوانەی قوتابخانەی ناوەندی سەیدسادق کراوم وەکوو مامۆستای وانەی ئایین و وەرزش و کۆمەڵایەتی دەستبەکار بووم.
لەبەر هەڵوێستە نیشتمانپەروەرییەکانم کە لە ڕێکخستنە دێرینەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان) لە 22-11-1981 لەلایەن دەزگای ئەمنی حوکمی زاتی لە #هەولێر# دەستگیرکرام.
پاش ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر لە 22-07-1982 بەر لێبوردنی گشتیی کەوتم کە بە لێبوردنی (شێخ عەبدولقادری چوێسە) بەناوبانگە و ئازاد کرام و خزمەتی وەزیفیم گوازیەوە سەر میلاکی وەزارەتی کشتوکاڵ و ڕەوانەی (مزرعە الدلمج) ی نێوان شاری کوت و عیمارە کرام.
لە ساڵی 1987 بەهۆی هەندێک دۆست و برادەرانم گەڕامەوە بەغدا و لە دەزگای (مزاری الدولە) ی سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ لە گۆڤاری (شۆڕشی کشتوکاڵی) دانرام، ئەم گۆڤارە ڕاگیرا و گوازرامەوە بۆ گۆڤاری (دەنگی جووتیار) و لەوێ دەست بەکار بووم.
پاش ماوەیەک گوازرامەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیریی ئێراقی و لە دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لە بەغدا کرامە سەرنووسەری گۆڤاری (ڕەنگین) .
لە ساڵی 1995 دیسان لەسەر هەڵوێستە نیشتمان پەروەرییەکانم بەبێ ویست و داخوازی خۆم خانەنشین کرام، ئیدی کەوتومەتە کاسبی کردن بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵم.
هەرچەندە مامۆستا بووم ، بەڵام هەر لە تافی لاوێتیدا حەز و خولیام چووەتە سەر ئەدەب و کاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسی، لە ساڵی 1972، یەکەم نۆبەرەی نووسینەکانم بە وتارێکی ڕەخنەئامێز دەستپێکرد وە کە لەسەر دامودەزگاکانی ئەو کاتەی شارۆچکەی #هەڵەبجە# بووە و بەناوی خوازراوی (جەبار کوردە لە شارەزور) لە ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوم کردۆتەوە. ئیدی کەوتوومەتە ناو دونیای نووسینی وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ڕەخنەیی و شیعر و چیرۆک بۆ منداڵان و بابەتی هەمەجۆری دیکە، لەبەشی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بڵاوکردۆتەوە.
$خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمم، کە بە زمانێکی کوردی سادە و ساکار و پاراو نووسیومن کە بریتین لەمانە:$
1- یادی (81) ساڵەی ڕۆژنامەنووسی کوردی، کەلەسەر ئەرکی حاجی مەلا حەمەکەریمی باوکم لە ساڵی 1979 چاپکراوە.
2- نیشتمانی جوان، چیرۆک بۆ منداڵان، ساڵی 1981 چاپکراوە.
3- خۆشەویستی نیشتمان، چیرۆک بۆ منداڵان، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لەچاپی داوە ساڵی1987.
4- دیداری شیعری کلاسیکی کوردی، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی لەچاپی داوە ساڵی 1986.
5- کورد...کە پەڕتووکێکی مێژووییە مینۆرسکی بە ڕوسی نووسیویەتی ، دکتۆر مارف خەزنەدار کردوویەتی بە عەرەبی، منیش لە ساڵی 1984 کردوومە بە کوردی.هەر ئەو پەڕتووکە نووسخە کوردییەکەی لەلایەن نووسەری بەناوبانگی ئێرانی (ڕەزا خەیری موتڵەق) کراوە بە فارسی و چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
6- ژیانی کوردەواری کە پەڕتووکێکی مێژووییە، (تۆمابووا) بە فەرەنسی نووسیویەتی، (ئاواز زەنگەنە) لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە عەرەبی ، منیش لەعەرەبییەوە کردوومە بە کوردی و ساڵی 1980 دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی چاپ و بڵاوی کردۆتەوە.
7- (یاداشتەکانی ڕۆژنامەنووسیم) ی نووسەر مەکسیم گۆرگی کە (محەمەد تۆفیق وردی) لە ڕوسییەوە کردوویەتی بە عەرەبی و منیش کردوومە بە کوردی و ساڵی 1983 لەسەر ئەرکی خۆم چاپ و بڵاوم کردۆتەوە.
8- پەیامێکی شۆڕشگێڕانە، لێکۆڵینەوە لەسەر شیعرێکی شۆڕشگێڕانەی بەڕێز خوالێخۆشبوو (بەکری حاجی سەفەر) ، ساڵی 2012 لە سلێمانی چاپکراوە.
$سێ پەڕتووکیشم ئامادەن بۆ چاپ لە ئێستادا 2023$
من هەر نووسەر و وەرگێڕ و توێژەر نەبووم، بەڵکوو ڕۆژنامەنووس و میدیاکاریش بووم، لە ژیانی پیشەیی خۆمدا ئەم چالاکییانەی خوارەوەم نواندووە:
1- لە ساڵی 1976-1977، یەکەم پەیامنێری ڕۆژنامەی هاوکاری بووم لە شاری سلێمانی، لاپەڕەی (دیوەخانی کاکە حەمە) شم هەبووە کە بایەخی بە کێشەی هاووڵاتیان داوە.
2- لە ساڵی 1979 کە گواستراومەتەوە بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێراقی بوومەتە لێپرسراوی نووسینگەی (ئاژانسی دەنگوباسی ئێراق، وکالة الآنباء العراقیة، واع ) لە شاری سلێمانی.
3- ماوەیەکیش پەیامنێری ڕادیۆی عەرەبی بەغدا و ڕادیۆی کوردی بەغدا بووم و بەرنامەی (قەڵاچۆکردنی نەخوێندەواری) م ئامادە و پێشکەشکردووە، لە تەلەڤزیۆنی کەرکووکیش بەرنامەی (ئەدەب و ژیان) م ئامادە و پێشکەشکردووە.
4- لە بیبلۆگرافیای ڕۆژنامەی هاوکاری کە هەردوو ڕەوانشاد (مستەفا نەریمان) و (مەحمود زامدار) ئامادەیان کردبوو، ئەو دووساڵە یەکەم نووسەر بووم کە زۆرترین وتار و نووسینی هەمەجۆرم لە ڕۆژنامەی هاوکاری دا بڵاوکردۆتەوە.
5- بۆ ماوەی سێ ساڵ سەرپەرشتی لەچاپدانی گۆڤاری کاروانم کردووە کە نووسەر و چیرۆکنووسی گەورەی کورد (حسێن عارف) سەرنووسەری بوو لەگەڵ ڕەوانشاد شێخ جەعفەر بەرزنجی.
6- لە ساڵی 2007 بوومەتە سەرنووسەری گۆڤاری (دەنگی هاوردەکارانی کوردستان) ی سەر بە یەکێتی هاوردەکاران و ناردنکارانی کوردستان، تا داخستنی گۆڤارەکە لەبەر بێ پارەیی.
7- بەشداریم لەبەشی زۆری کۆڕ و کۆبوونەوە و سیمینار و کۆنفڕانس و کۆنگرەکانی یەکێتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی ئێراقی و کوردستان کردووە و ڕوماڵی ڕووداوەکانی ناو ئەو کۆبوونەوانەم کردووە، چ وەکوو ڕۆژنامەنووس چ وەکوو پەیامنێر.
8- پەیوەندییەکی زۆر باشیشم لەگەڵ هەموو ئەدیب و ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندانی کوردستان و ئێراق هەبووە و هەیە.
9- بۆ پەرەپێدانی توانای خۆم بەشێوەیەکی ئەکادیمی دووجار چوومەتە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن لە بواری ڕۆژنامەنووسی. خاوەنی بڕوانامەی ڕۆژنامەنووسانی جیهانییم کە لە قوتابخانەی ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی لە وڵاتی هەنگاریا وەرمگرتووە، لە پەیمانگەی ڕۆژنامەنووسانی جیهانی لە چیکۆسلۆڤاکیاش هەڵگری هەمان بڕوانامەم.
10- هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرای شانازیم (الدکتوراه الفخریە) لە بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیبلۆماسی دا لە زانکۆی دیانی بەریتانی.
11- ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی ئێراقی و کوردستان و نێودەوڵەتییم .
12- ئەندامی یەکێتی نووسەرانی کورد لقی سلێمانییم.
13- لە ساڵی 1989 کۆرسێکی زمانی ئینگلیزیم لەبەشی ئینگلیزی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە و بڕوانامەم وەرگرتووە.
جگە لەلایەنی ئەدەبی و ڕۆشنبیری، وەرزشەوانیش بووم. لەسەرەتای لاوێتیدا تیپی تۆپی پێی (سەیدسادق) م دامەزراندووە و هەر خۆیشم سەرۆکی تیپەکە بووم، لەتیپی نەوجەوانان (دیدەوان-کشافە) زۆر چالاکیمیان نواندووە . بەشدار بووم لە کۆنگرەی نۆیەم و دەیەمی دیدەوانان لە موسڵ و وڵاتی سووریا لە (دیمەشق-زەبەدانی) وەکوو وەرزشەوان یەکەمی (ڕاکردنی 100 مەتری) بووم، لەو میهرەجانەی سووریا.
لێپرسراوی تیپی هەڵبژاردەی دیدەوانی پارێزگای سلێمانی بووم.
ئێستا 2023 خانەنشینم و لە شاری سلێمانی ژیان بە خوێندنەوە و نووسین بەسەر دەبەم و خاوەنی پەڕتووکخانەیەکی گەورەم کە زیاتر لە شەش هەزار پەڕتووک بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی لەخۆ دەگرێت. لەپەڕتووکخانەی گشتی سەیدسادقیش ڕەفەیەکی تایبەت بە خۆمم هەیە کە زیاتر لە 600 پەڕتووکی جۆراوجۆری تێدایە. [1]