دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:
بە ئەرێنی و گەشبينييەوە لە ڕێکەوتنی ئەمڕۆی نێوان حکومەتی فيدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاساييکردنەوەی دۆخی شنگال دەڕوانين. دەستخۆشی لە تيمی دانوستانکاری هەردوولا بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان و گەيشتن بە ڕێکەوتن دەکەين. ئەم کارە ئەنجامی هەستکردن بە بەپرسياريەتی، پێکەوەيی و کاری هاوبەشی لايەنە پەيوەندارەکانە.
سوپاس و پێزانين و دەستخۆشييەکی تايبەت پێشکەش بە بەڕێز سەرۆک وەزيران، مستەفا کازمی دەکەين کە ڕۆڵێکی دياری کاريگەر و يارمەتيدەری بينی بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان و گەيشتن بەم ڕێکەوتنە، هەروەها سوپاسی پشتگيری و بەشداريی خاتوو جينين پلاسخارت نوێنەری تايبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە يەکگرتووەکان لە عێراق و ماندووبوونی بۆ گەيشتن بە ڕێکەوتنەکە و هەموو لايەک دەکەين، کە يارمەتيدەر و هاوکار بوون.
ئەم ڕێکەوتنە هەنگاوێکی نيشتمانيانەی دروستە لە بەرژەوەنديی تەواوی وڵاتدا و دەبێتە هۆی بنياتنانەوە و پتەوکردنی متمانە لەنێوان حکومەتی فيدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، هيوادارين هەنگاوی ديکەی بۆ چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان هەردوولای بەدوادا بێت و گەڕانەوەيەکی سەربەرزانە و ئارام و بێ کێشە بۆ خوشک و برايانی ئێزدی و تەواوی خەڵکی شنگال و سەقامگيری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکه، دابين بکات.
داواکارين پابەندی بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەوە بکرێت، هەروەها داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتييەکانمان دەکەين بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ناوچەکە و بووژاندنەوەی ژێرخانيان هاوکارمان بن کە دەبێتە مايەی ئارامی و سەقامگيری و ئاشتيی کۆمەڵايەتی و قووڵکردنەوەی پێکەوەژيان و لێبورديی لەنێوان پێکهاتەکاندا.
نێچيرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
9/10/2020[1]