لەبارەی ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە ڕۆژی 9ی تشرینی یەکەم ڕێکەوتنێک لە نێوان هەریم و ناوەند ئەنجامدرا لەسەر شەنگال، بە بێ وەرگرتنی ڕای ئێزدیەکان و پێکهاتەکانی دیکە و گەلی شەنگال.
ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتی شەنگال ئاماژەی بەوەش کردوە، گفتوگۆکان هەرچی دەبێت و لە هەرکوێ دەبێت، پێویستە بیرکردنەوە و بڕیار و پڕۆژەی ئێزدیەکان بۆخۆیان ببێتە بنەما سیاسەتی فەرزکردن ئەنجام بەدەست ناهێنێت.
هەروەها لە ڕونکردنەوەکەدا ئەوەش خراەوەتەروو، ئێمە بۆ بەدەستهێنانی ماف و خواستەکانی کۆمەڵگەکەمان و گەرەنتی پاراستنی پێگەی شەنگال و ئێزدیەکان دەخوازین بگەینە تێڕوانێکی هاوبەش کە تێیدا ئیرادەی هەبوونی ئێزدیەکان پارێزراو بێت.
ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاندووە بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیانە بگاتە ئەنجام پێویستە ئەوانیش ببنە لایەنێک لە گفتوگۆکان و بە بێ ئەوەش ئەو گفتوگۆیانە قەبوڵکراو نین، تەنها چارەسەریش گفتوگۆکردنە و هیچ چی دیکە.[1]