رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی عەفرین لەبارەی کردەوە دڕندانەکانی دەوڵەتی تورک و گروپە چەتەکانییەوە لە عەفرین، کە لەم دواییانەدا کارە تاوانکارییەکانیان زۆر زیاتر کردووە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەپێی ئەو زانیارییانە لە سەرچاوە خۆجێیەکانی عەفرینەوە بە دەست گەیشتوون، چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا بە پشتیوانیی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە 23ی ئاداری 2020دا هاووڵاتییەکیان بە ناوی شاهین لەتیف بەغدادیی تەمەن 53 ساڵ و باوکی 4 کوڕ و 4 کچ لە ناوچەی شییە ڕفاند.
چەتەکان بە پاساوی ئەوەی لە کاتی خۆبەڕێوەبەریی خۆسەردا ئەرکی خۆپاراستنی ئەنجامداوە، شاهین لەتیف بەغدادییان لە ناوەندێکی چەتەکان لە شییە بە قورسی ئەشکەنجە کردووە و دوای چەند ڕۆژ لەەگەڵ 3 هاووڵاتیی تردا ڕفاندونیان بۆ تورکیا.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو کەسانەی لەگەڵ شاهین لەتیف بەغدادیدا بوون ئازادکراون، بەڵام لەتیف گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ماری و دوای 2 مانگ و نیو لە ئەشکەنجەدانی ئازادیان کرد.
بەڵام لە کاتی گەڕانەوە بۆ ماڵەوەدا جارێکیتر لەلایەن چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا ڕفێندرایەوە و لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتیان.
باسی ئەوەشکراوە، تاوەکو ئێستا تەرمی شاهین لەتیف بەغدادی ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین دا باسی ئەوەشکراوە، چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا لە ناوچەی شییە دەستیان بەسەر 10 هەزار داری زەیتونی هاووڵاتییەک بە ناوی حەج عارف دا گرتووە.
هەر لەو ڕاپۆرتەدا باسی ئەوەشکراوە، چەتەکانی سوڵتان سلێمان شا هاووڵاتییەکیان بە ناوی سەمیر حسێن کۆچەر ڕفاندووە و بۆ ئازادکردنی دوای 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی لە بنەماڵەکەی دەکەن.[1]