دەقی گوتارەکەی:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
هەڤاڵانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا زۆر بەخێربێن.
خۆم بە بەختەوەر دەزانم خوا جارێکی دیکە دەرفەتی پێداین سەردانی ڕاپەڕین بکەین، ئه و دەڤەرەی بە درێژایی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، بە دەیان و سەدان و هەزاران شەهید و قوربانیان داوە، دواتریش بوو بە دەروازەی ڕاپەڕین. بە خوێنی گەنجانی ئەم دەڤەرە کوردستان ڕزگارکرا، هەر لەبەر ئەوەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئەرکی خۆی دەزانێت خزمەتێکی شایستەی ئەم دەڤەرە بکات.
ئەمڕۆ لێرە ئامادەبووین بۆ ئەوەی بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیە - بنگرد دابنێین، کە پردێکی ستراتیجی دەبێت بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە، هاوکار دەبێت بۆ جووتیاران بۆ ئەوەی بەروبوومەکانیان بە بازاڕ بگەیەنن، هەروەها دەبێتە پردێک بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بێت بۆ بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزار و بازرگانیش.
من، سوپاسی کۆمپانیای ئامانج دەکەم، زۆرتر دڵخۆشم کە کۆمپانیایەکی کوردستانی بتوانێت ئەم پرۆژە گەورانە لێرە دروست بکات و جێبەجێی بکات، دەستخۆشیتان لێدەکەم و هیوادارم سەرکەوتووبن لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پیرۆزە.
جگە لەم پرۆژەیە، ئێمە چەندین پرۆژەی دیکەشمان لە خەیاڵدایە تاوەکو یەکەم هەنگاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم دەڤەرە، ئه و پرۆژانەش جێبەجێ بکەین، کە ئەوانیش: جووتسایدی بازاڕی ڕانیە، شەقامی 60 مەتری قەڵادزێ، نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی دەڤەری ڕاپەڕین و دروستکردنی سەنتەری شێرپەنجەی مەمک، هەروەها پرۆژەیەکی دیکەشمان هەبوو بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی کۆرۆنا لە چوارقوڕنە، بەڵام بە سوپاسەوە لەلایەنێکی دیکەوە تەمویلی کراوە و دەستخۆشیان لێدەکەین.
دیارە ئەم هەنگاوانەی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان، وایانکردووە لایەنە ناحکومییەکان و خێرخواز و حزبییش، بیر لەوە بکەنەوە زیاتر خزمەت بە هاووڵاتییانی خۆشەویست بگەیەنن. ئێمە، هەموو هەنگاوێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە ئەرێنی دەزانین و دەستخۆشی لە هەموو ئه و هەوڵانە دەکەین.
لە کۆتاییدا، ئەوەی پێویستە ئەمەیە: ئەم سەروەت و سامانەی ئەم نیشتمانە لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییان خەرج بکرێت و لە خزمەت ئەوان سوودی لێوەربگیرێت.
سوپاسی هەموو ئه و لایەنانە دەکەین کە خۆیان ماندوو دەکەن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و هاونیشتمانیانمان لە هەر شوێنێک لەم کوردستانە ئازیزە بن، بێگومان ئەمە تەنیا پرۆژەی خزمەتگوزاری و گەیاندنی خزمەت بەم دەڤەرە نابێت، پرۆژەکانی دیکەش لە دواتر دێن، بەڵام یەکەم قۆناغ ئەم پرۆژانەن کە لەسەر ڕاسپاردە و پێشنیازی ئیدارەی دەڤەری ڕاپەڕین و خۆشەویستانی ئەم دەڤەرە پێشکەشکراون و ڕەزامەندیمان لەسەر ئه و پرۆژانە داوە، هیوادارم هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویستی ئەم دەڤەرە بتوانن سوودی لێ وەربگرن.
من، سوپاسی خۆڕاگریی هەموو ئه و خۆشەویستانە دەکەم لەم دەڤەرە، سەرەڕای ئەم هەموو قەیرانە تەندروستی و داراییەی تووشیان بووە، بەڵام خۆڕاگر بوون، بەتایبەتیش دەمەوێ سوپاسی هەموو پزیشک و فەرمانبەرانی کەرتی تەندروستی و پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆ و مامۆستا بەڕێزەکان بکەم، کە سەرەڕای ئەم ناخۆشییانە، دیسان بەردەوامن لە جێبەجێکردن و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی خۆیان.
خۆشەویستان... دەمەوێت دڵنیا بن کە ئەم حکومەتە دەیەوێت بە باشترین شێوە خزمەت بە هاووڵاتییان بگەیەنێت، هیچ حکومەتێک نایەوێت کەمتەرخەم بێت لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاونیشتمانیان و هاووڵاتییانی خۆی، بەڵام بەداخەوە ئێمە ئه و ماوەیە تووشی ئه و قەیرانانە بووین، کە بەداخەوە ئازارێکی زۆریان بە خەڵکی هەرێمی کوردستان گەیاند و زۆر سنووریشی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت دروست کرد، ئەوانیش قەیرانی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و داڕمانی ئابووری جیهانی (بوون)، کە کاریگەرییەکی نەرێنیشیان لەسەر کوردستان هەبووە، سەرەڕای ئەوەش هەموو هەوڵێکمان داوە؛ نەهێڵێن پرۆژە خزمەتگوزارییەکانمان بوەستن و بەگوێرەی توانا و بودجەی بەردەستیش ئەوەی پێمان بکرێت لە دابەشکردنی مووچه، بیکەین.
راسته، خەڵکی کوردستان و فەرمانبەرە خۆشەویستەکان شایستەی زۆر لەوە زیاترن، بەڵام ئەوەی حکومەت پێی دەکرێت، ئێستا ئەوەیە: ئێمە هەموو هەوڵ و تواناکانی خۆمان تەرخانکردووە بۆ دابەشکردنی مووچە به و شێوەیەی لە توانای حکومەتدا بێت، ئەم قەیرانانە دەستکردنی حکومەت نین، بەڵام بە هیمەت و خۆڕاگری و ماندووبوون و بەیەکەوەکارکردنی هاووڵاتییان و حکومەت، دەتوانن و دڵنیام کە ئێمە له و قەیرانە ناخۆشانە ڕزگار بکەن و بەره و ئاسۆیەکی گەشتر و ڕووناکتر هەنگاو بنێین.
جارێکی دیکە دەستخۆشی لە هەموو ئه و بەڕێزانە دەکەم کە بەشدارن لە جێبەجێکردنی ئه و پرۆژانە، دڵنیاش بن ئەم پرۆژانە بەردەوام دەبن، دەمەوێت ئاماژە بەوەش بدەم کە پرۆژەکان لە سەرتاسەری کوردستاندا لە هەموو شار و شارۆچکەکان لە هەندێک شوێن دەستیان پێکردووە و لە هەندێک شوێنیش بەرنامەمان هەیە بۆ پرۆژەی زیاتر.
بەرنامەمان هەیە بۆ دروستکردنی کارگەی وەرگرتنی گەنم لە هەرسێ پارێزگای: هەولێر، دهۆک و سلێمانی و هەروەها دروستکردنی شاری پیشەسازی خۆراکی لە پارێزگای هەڵەبجە، بۆ وەرگرتنی زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران و هاووڵاتیانی کوردستان، هەروەها بەرنامەی دیکەشمان هەیە لە دروستکردنی ڕێگەوبان و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکان، ئه و پێشنیازانەی بەڕێوەبەری ئیدارەی ڕاپەڕین ئاراستەیان کردووین، بێگومان لە حکومەتدا بە هەند وەریان دەگرین و لە بەرنامەکانی داهاتووی خۆماندا، بە پێی توانای بەردەستی حکومەت هەوڵی جێبەجێکردنی ئەوانەش دەدەین.
جارێکی دیکە دەستخۆشیتان لێدەکەم، سەرکەوتوو بن و هیوادارم تەندروستی خۆتان و کەسوکاریشتان بپارێزن.
زۆر سوپاستان دەکەم.[1]