خانەوادەی ئەو شۆڕشگێڕە ئەڵمانیانەی کە لە کوردستان شەهید بوون، نامەیەکایان بۆ ئەنگێڵا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا نارد و داوایان لێکرد، کە سیاسەتی بەرامبەر تورکیا بگۆڕێت و فرۆشتنی چەک بە دەوڵەتی تورک ڕابگرێت.
خانەوادەی هەریەکە لە وتا سجهنەیدەربانگەر، کە لە 2005 لە قەڵادزێ شەهیدبوو، ئیڤانا هۆفمان، لە 2015 لە تل تەمەر لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش شەهید بوو، ژاکۆب ڕیەمەر، لە 2018 لە چوارچەلا لە هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، میجهاعل پانسەر، لە 2018 لە هەرێمی پاراستنی مەدیا لە بۆردووماندا شەهید بوو، کۆنستانتین گەدیگ، لە 2019 لە سەرێکانی لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورک بۆسەر نەخۆشخانەیەک شەهید بوو، نامەیەکیان بۆ ئەنگێڵا مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا نارد.
دایک و باوکی ئەو پێنج شۆڕشگێڕە ئەڵمانیە، لە نامەکەیاندا بۆ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، نووسیویانە، مناڵەکانمان لە کوردستان، بۆ ئەوەی داکۆکی لە نرخ و بەهای مرۆڤ و دیموکراسی و ئازادیی بکەن گیانیان لەدەستداوە، بۆیە داوادەکەین کۆتایی بە هاوکاری کردنی تورکیا بهێندرێت.
خانەوادەکان لە درێژەی نامەکەدا تیشکیان خستووەتە سەر تاوانەکانی شەڕ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە کوردستان، داوایانکردووە، کە ئەڵمانیا چاو بە پەیوەندییەکانی خۆیدا لەگەڵ تورکیا بخشێنێتەوە و گۆڕانکاریی بنچینەیی تێدا ئەنجام بدات.
لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، خانەوادەی شەهیدان داوایان لە ئەڵمانیا کردووە، کە گەمارۆی چەک بخاتە سەر تورکیا و بەهیچ شێوەیەک چەک بە تورکیا نەفرۆشێت، هەروەها داوایان کردووە، کە ئەڵمانیا، فشارەکانی بۆسەر کوردانی دانیشتووی ئەڵمانیا هەڵبگرێت، ئاماژەشیان بەوەکردووە، وەک چۆن دادگای بەلجیکا بڕیاریدا پەکەکە ڕیخستنێکی تیرۆرستی نییە، ئەڵمانیاش خۆی لە بڕیارەکانی ساڵی 1990 ڕزگار بکات و سیاسەتی بەرامبەر بە کورد بگۆڕێت.[1]