دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق:
لەکاتێکدا هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئه و قەیرانانە چڕ ئەکرێنەوە کە هەڕەشەن بۆ ئاسایش و ئابووری وڵات، ئەمڕۆ بینیمان لەلایەن گروپێکی لەیاسادەرچوو و بەدەر لەرێکاری ئاشتیخوازانەی ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی شکۆی دەوڵەت، هێرشکرایە سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا.
هاریکاری و یەکڕیزی نێوان سوپا و پێشمەرگە و حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکە سەرکەوتنیان بەسەر تیرۆر بەدەست هێنا، بۆیە ڕێگەپێدراو نییە ئه و قوربانیانە تێکەڵ بەشتی لاوەکی و هەڵچوون و ئاژاوەگێری بکرێن کە ئەمڕۆ ئەوانە بەسوتاندنی ئاڵای کوردستان گوزارشتیان لێکرد، ئه و ئاڵایەی پێگه و ڕەمزیەت و دەلالەتی مێژوویی لای عێراقییەکان هەیە و بەشێکە لە پێکهاتەی دەستووری عێراق.
ئێمە لەسۆنگەی هەڵوێستی نەگۆڕمان لە پشتیوانیکردنی ئازادی ڕادەربڕین بەشێوەی ئاشتیانە، ئه و کردەوە ئاژاوەگێریە ئیدانە ئەکەین کە لەبەرژەوەندی کەس نییە و ئارامی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیش ئەخاتە مەترسییەوە.
هەروا جەخت ئەکەینەوە کە لێکۆڵینەوەی خێرا له و پەلاماردانە بکرێ و سزای ئەنجامدەرانی بدرێت، بەتایبەتی کە حەشدی شەعبی بێ بەریبوونی خۆی لە سوتاندنەکەی ئەمڕۆ ڕاگەیاند و بەرامبەر ئەوانە وەستایەوە کە بێ پەروا ویستیان یەکڕیزی نیشتمانی تێک بدەن، هاوکات هەموو لێدوانێکیش ڕەت ئەکەینەوە کە دەزگا فەرمییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەکەدار بکات.
هەر لەم ساتەوەختە یەکلاکەرەوەیەی وڵاتدا، بەوپەڕی ئازار و دڵگرانییەوە هەواڵی پەلامارە تیرۆرستییە ترسنۆکانەکە ی قەزای بەلەدیشمان لە پارێزگای سەلاحەدین پێگەیشت، کە پێویستی یەکخستنی هەوڵەکان و ئاڕاستەکردنی بۆ قەلاچۆکردنی توندوتیژی و تیرۆر دووپات ئەکاتەوە کە ئەیەوێ ئارامی و ئاسایشی وڵات تێکبدات.
هەروەها داوا لە هەموو لایەک ئەکەین دانبەخۆیاندا بگرن و وابکەن زمانی عەقڵ زاڵ ببێ و بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە سەروی هەموو ئیعتیبارێکی ترەوە، چونکە عێراق پێویستی بە یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی و ڕیزەکانی هەیە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانە ئەمنی و ئابوورییەکان کە وڵاتەکەمان تووشی بووەتەوە.
وتەبێژێک بەناوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
17-10-2020[1]