دەقی ڕاگەیەندراوی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لەکاتێکدا کە ڕەوشی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت و، دژواری دۆخەکەش بەشێکی پەیوەندی بە خیانەتکاری 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە هەیە، خیانەتێک کە بەرهەمی ڕەنجی دەیان ساڵە و خواست و بڕیاری گەلی کوردستانی بەبادا، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا، لە جیاتی داوای لێبوردن لە خەڵکی کوردستان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان بەگشتی و شاری کەرکووک بەتایبەتی بەرامبەر ئەو خیانەتە گەورەیەی کە تاقمێکی ناکامڵی حزبەکەی لە کوردستانیان و خەباتی دەیان ساڵەی گەلەکەمانیان کرد، هەرزە گۆیانە کەوتوتە چەواشاکاری و تۆمەت بەخشینەوە بۆ پارتیمان و دەستبردن بۆ شێواندنی مێژووی ڕووداوێکی لە یادنەکراو!
لە وەڵامی ئەو تۆمەت و چەواشەکاریانەدا دەڵێین: چەواشەکاری و درۆ پەتیان کورته و ، شێواندنی مێژوو و خاکفرۆشی و کۆڵوانە سووری بەر لەشکر کاری لەمێژینەی هەندێکانە، ئەگەر تەسلیمکردنی کەرکووک بەشێک بێت لە ڕێبازی پیرۆز، ئەی دەبێ ڕێبازی نا پیرۆزتان چی بێ!؟...
16ی ئۆکتۆبەر مێژووێکی کۆن و نووسراو نییە بۆ خەڵکی کوردستان، ئه و ڕووداوە خیانەتکارییە تەنیا سێ ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، کاڵفامی لەوەدایە، کە وابزانن خەڵک زاکیرەی ئەوەندە لاوازە و لە بیریان چۆتەوە، یا (گوبڵز) ئاسا درۆبکەن و درۆبکەن تا دەیکەن بە باوەڕی خەڵک !..
جێگری سکرتێری گشتی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی ئەوسای یەکێتی هیچ تەمومژێکیان لەسەر ڕووداوەکە نەهێشتەوە، کە چ خیانەتێکی گەورە لە کوردستان بەگشتی و کەرکووک و شار و شارۆچکە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کراوە و کاڵفام و هەرزە سیاسییەکان چ بەڵایەکیان بەسەر کەرکووکدا هێناوە و چ ئاکامێکی کارەساتباریان دروستکردووە و چۆن خیانەتی 16ی ئۆکتۆبەر کراوە و نیشتیمان فروشراوە، هەروەها دیدارە تەلەفزیۆنیەکەی، کە ئیمزای سی و هەشت ئەندامی سەرکردایەتی نیشانی بینەراندا، خەڵکی کوردستان لەبەرچاویانە، پتر لەمەیش گوتار و چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنی و ڕۆژنامەوانییەکانی فەرماندەی یەکەی(70) لەبەرچاوی خەڵکە و زۆر شەفاف و بێ شاردنەوە پەردەیان لەسەر خیانەتەکە هەڵماڵی و حاشا هەڵنەگریی نیشتیمان فرۆشییان سەلماند.
بەڵی 16ی ئۆکتۆبەر سەرەڕای کاڵفامی، دەرئەنجامی زنجیرەیەک پێشبینی هەڵە و بڕیاری نەخەمڵیوی سیاسی و ستراتیژی بوو لەپێناو دەستکەوتی شەخسی و درێژەپێدەری ڕێبازە چەوتەکەبوو، کە ڕەوایەتی بە خیانەت و خۆفرۆشی دەدا لە پێناو مەرام و دەستکەوتی شەخسی !
ڕیفراندۆم پرۆسەیەکی دیموکراسییانەی گەل پەسەندبوو، سندوقەکانی دەنگدان و پەنجەی مۆرکراوی خەڵکی کوردستان و هاواری کەرنەڤاڵ ئاسای جەماوەری کوردستان، وەسیەتی شەهیدان و کیمیابارانکراوان و ئەنفالکراوانیان، وێڕای دەنگی کەسوکاریان، بێ ترس و بە ئاشکرا گەیاندە بەرگوێی هەموو مرۆڤایەتی و جیهان. خۆبێبەریکردنتان لە ڕیفراندۆم، نرخ و سەروەری و شکۆی پرۆسەکە زیاتردەکات. بەڵی، شەڕێکی نەخوازراوبوو و تا ئەمڕۆش بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵام ڕۆژی 15ی ئۆکتۆبەری 2017 بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆماری ئەوکات لە کۆبوونەوەی دوکان، بۆ ڕێگری لە شەڕی داسەپاو و چۆنیەتی چارەسەرکردنی بارودۆخەکە و بەگریکردن بڕیاری پێویست وەرگیرا، بەڵام چونکە پێشتر کاڵفامەکان ڕێککەوتنی خیانەتیان ئیمزاکردبوو، لە 16ی ئۆکتۆبەر ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکان لە جیاتی کۆڵوانە سورەکان کەوتنە پێش کاروانی پەیمان پێدراو !!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، جگە له و تاقمەی، کە وا دەزانن خۆفرۆشی و نیشتمانفرۆشی بە چەواشەکاری و بوختان دادەپۆشرێ، هەموویان لە دادگای مێژوودا بە ویژدانی مرۆڤایەتی زیندووەوە شایەدی دەدەن لەسەر کەرکووک فرۆشیتان و چۆک دادانتان لەبەرمبەر دەستکەوت و پلە، کە بەشێکتان وەرگرت !
16ی ئۆکتۆبەر خیانەتێکی لەبیرنەکراو و زامێکی قووڵی جەستەی کوردستانە..
دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و ئەوانەی تەسلیمی خیانەتەکەی 16ی ئۆکتۆبەر و تاقمە کاڵفامەکە نەبوون.
سەرشۆڕی بۆ چەواشەکاران و ئەوانەیش، کە هەموو مێژوویان پڕە لە کۆڵوانەسووری بەر لەشکر و تەسلیمبوون و چۆکدادان !
بەڵی ئێمە سەرمان بەرزە و خۆمان ناچەمێنین.
ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسی
پارتی دیموکراتی کوردستان
17ی ئۆکتۆبەری 2020[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!