دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
سووتاندن و بێڕێزی کردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، بەتوندی ئیدانە دەکەین.
ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو ڕەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە.
پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێک، دواتر سووکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی ڕوونە و، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێستا و ئایندە.
داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و ڕێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار مینبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.
دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و، ڕاشیدەگەێنین꞉ وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان[1]