پاش حەسەن زیرەک؟
پێداچوونەوەیەک بە پرسی داهێنان، زەمەنی ڕۆشنبیری و دابڕاندا
زاموا محەمەد
“ئەو نووسەرانەی بەدڵمن، پێم خۆشە بەکاریان بهێنم. بۆ نموونە، تاکە پێزانین و پاداشتێک کە بەرانبەر فیکری کەسێکی وەک نیتشە بنوێنرێت، ئەوەیە کە بەکار بهێنرێت، بشێوێنرێت، هاواری پێ بکرێت و ناڕەزایی پێ دەرببڕدرێت. جا گەر قسەکەران گوتیان کە من بەرانبەر بە نیتشە وەفادار، یان بێوەفا بووم، ئەوا هیچ گرنگییەکی بۆ من نابێت.”
فوکۆ
میشێل فوکۆ لای وابوو کە هەم پێناسە و هەم وەزیفەی ڕۆشنبیر، لە کۆتاییدا دەکاتە گۆڕینی شتێک لە بیرکردنەوەی خەڵکدا. بۆ ئەوەی ئەم ڕستەیەی پێشوو لە تەواوی قوڵایی و وردەکارییەکەیدا تێبگەین، دەبێت حەرفی وەرینەگرین و بیگەڕێنینەوە نێو سیاقێک و زمانێک نزیک لە بیرکردنەوەی فوکۆ خۆیەوە: لە هەر کولتوورێکدا، هەر چرکەساتێکی مەعریفی بریتییە لە زاڵبوونی گوتار(Discourse)ێک بەسەر گوتارەکانی دیکەدا، یان هاتنەکایەی گوتارێک لەپاڵ گوتارەکانی دیکەدا؛ ئەمەش لە ئەنجامدا دەکاتە دەرکەوتنی شتیک، پرسێک، دیاردەیەک بە مانایەک و لە شێوەیەکدا کە پێشتر لە هیچکام لە خۆڕێکخستن و خۆداڕشتنەکانی مەعریفەیەکدا بەو مانایە و لەو شێوەیەدا دەرنەکەوتووە. کەواتە ڕۆشنبیر/هونەرمەند/ئەدیب ئەو بکەرە کولتوورییەیە کە وشەکان، شتەکان؛ مانای وشەکان، مانای شتەکان لە بیرکردنەوەی ئێمەدا دەگۆڕێت، نەک لە ڕێی ئەوەوە کە ببێتە دەمڕاستی ئەم گوتار، ئەو ئایدۆلۆجیا یان فڵان حەشامات، بەڵکوو لە ڕێی خۆهەڵقورتاندنەوە لە پەیوەندی و ڕێکخستنەکانی دەسەڵات/مەعریفەدا، لە ڕێی دەستکاریکردنی ئەو چرکەساتانەوە کە تێیاندا هەر گوتارێک، هەر تێڕوانینێک، هەر شێوازێک و هەر فۆڕمێک، لە ڕێی داپۆشین و وەلانانی گوتارەکان، تێڕوانینەکان، شێوازەکان و فۆڕمەکانی دیکەوە خۆی بەدی دەهێنێت(یان لەبری ئەوان، ئەم خۆی بەدی دەهێنێت). چونکە دەرکەوتنی هەر گوتارێک، هەر شێواز و فۆڕمێک، لە هەمان کاتدا بریتییە لە دەرنەکەوتنی چەندین گوتار و چەندین فۆڕم و شێوازی دیکە. ئەوەش کە پێی دەگوترێت داهێنان، گەر لە پەنجەرەیەکی جینالۆجی یان گوتارشیکارانەوە سەیری بکەین، لە ڕاستیدا هیچ نییە جگە لە دەستوەردانی بکەرێکی کولتووری بۆ ئەو چرکەساتەی تێیدا گوتارێک، شێوازێک یان فۆڕمێکی کولتووری لەبری هەموو ئەو گوتار، شێواز و فۆڕمە کولتوورییانەی تر کە پێکڕا وەک کۆمەڵێک ئەگەر چاوەڕوانن بێنە ئاراوە، دێتە ئاراوە.
کات بۆ هەر ڕۆشنبیرییەک، بەو هەڵوێست و هەڵسوکەوتانە دەپێورێت کە مەعریفەی نێو ئەو ڕۆشنبیرییە دەیاننوێنێت و بەرپایان دەکات؛ ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتانە هەردەم لە بەردەم ڕێژەیەکی بێشوماری ئەگەرەکاندان، کە دەکرێت لە دوو جۆری ئەگەردا کورت بکرێنەوە: ئەگەری بەردەوامبوونی ڕۆشنبیرییەک وەک خۆی(بەردەوامێتیی ئەبیستمۆلۆجی) و ئەگەری گۆڕان، یان وەرچەرخانی ڕۆشنبیرییەکە(شتێکی کەمێک نزیک لەوەوە کە باشلار پێی دەگوت “دابڕانی ئەبیستمۆلۆجی”). داهێنان هیچ نییە جگە لەو پڕۆسەیەی کە تێیدا بکەرێکی کولتووری، ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، لە ڕێی ئەو گوتارانەوە کە لە ڕۆشنبیرییەکدا خۆی دەداتە پاڵیان و خۆیان دەدەنە پاڵی، لە ڕێی ئەو فۆڕمانەوە کە لەناو ڕۆشنبیرییەکدا بەرهەمیان دەهێنێت، لەبری بەردەوامبوون، گۆڕان و وەرچەرخان هەڵدەبژێرێت.
من تێدەگەم لەوەی کە زەمەنی ڕۆشنبیری لە خۆرهەڵات، زەمەنی بەردەوامییە زیاتر لەوەی زەمەنی لێکپچڕانی قۆناغەکان و دابڕان بێت(بگرە مۆدێلی ڕاستەهێڵ، بۆ بینینی زەمەنی ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات، مۆدێلێکی بەکار نییە؛ زەمەنی ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات هەبوویەکی سێڕەهەند –وەک ئۆگەستین لە دانپێدانانەکانیدا باسی دەکات- نییە کە بەرەوپێشەوە، یان بەرەو کۆتاییەک بڕوات، چونکە کات بۆ ڕۆشنبیریی خۆرهەڵات بەرشوبڵاو دەبێتەوە زیاتر لەوەی بەرەوپێش بچێت؛ لە سەتڵێک هەڵمات دەچێت کە بوون دەیڕێژێت و هەر هەڵماتێکی بە لایەکدا دەڕوات). چاوخشاندنێک بەو جەستە مەعریفییەدا کە لە توێژینەوە ئایینییەکان و بەشێکی مێژووناسیی ئەدەبیشدا بە سکریپتچەر ناو دەبرێت، ئەم ڕاستییەمان بۆ دەردەخات: زۆرێک لەو گوتار و تێگەیشتنانەی لە پشت داستانێکی وەک گلگامێشەوە شەپۆلانیانە، تا ئەمڕۆش ماونەتەوە و ئێمە بە ئاسانی دەتوانین لێرە و لەوێی نووسین و تەنانەت ژیانی کۆمەڵایەتیشماندا بیانبینینەوە. زۆرێک لەو گوتار و تێگەیشتنانەی کە لە کتێبی مردووانی میسر و پەیمانی کۆندا هەن، دەپەڕنەوە نێو قورئان و دواتریش لە سەرتاپای جیهانی ئیسلامیدا دەچەسپێن و ئەمڕۆ لەگەڵماندا دەژین؛ بگرە تەنانەت قورسە جیاوازییەکی ڕیشەیی، یان ئەبیستمی، لە سەردەمی پێش ئیسلام(جاهیلی) و سەردەمی دوای ئیسلامیشدا دیاری بکەین، دوو قۆناغ کە مێژوونووسان بە شانازییەکی کوێرانە و ترسناکەوە باس لە دابڕان و وەرچەرخانەکانی نێوانیان دەکەن. لە بەرانبەردا، ڕۆشنبیریی خۆراوا ڕۆشنبیریی ئەو سەردەمانەیە کە بە ئاستەم لە یەکدی دەچن و بە ئاستەم بە چەمکەکانی یەکێکیان، دەکرێت لەوی دیکەیاندا بژین و لەناو بونیادەکان و گوتارەکانیدا هەبین. کارەکانی هەریەک لەو بیرمەندانەی کە لە خانەی “پاش بونیادگەری”دا پۆلێن دەکرێن، شایەتییەکی ڕوون و باشن بۆ ئەم قسەیە؛ شایەتییەک کە لێرەدا گێڕانەوە و دووبارەکردنەوەی پێویست نییە.
لە مێژووی مەعریفیی خۆرهەڵاتدا قورسە دۆخێک ڕوو بدات نزیک لەوەوە کە تۆماس کوهن ناوی دەنێت ناپەیوەستی(incommensurability): ئەوەی خەسڵەت و پارچەکانی هەر قۆناغێکی زانستی/مەعریفی، یان داهێنانەکانی هەر قۆناغێکی زانستی/مەعریفی، تەنیا لەنێو گشتەکەی خۆیاندا و لە ڕێی بەشەکانی خۆیانەوە فام بکرێن و بەهایان پێ بدرێت و ئیمکانییەتێک، بۆ ئەوەی ئەم خەسڵەت و پارچە و داهێنانانە پەیوەستی قۆناغێکی تر بکرێن، تاکوو لەوێدا بخوێنرێنەوە و بەهایان پێ بدرێت، لە ئارادا نەبێت. هۆکاری قورسیی ڕوودانی ئەم دۆخی ناپەیوەستییەش لە خۆرهەڵات، زۆر بە سادەیی، نەبوونی هیچ جۆرە دابڕانیکی گەورەی ئەبیستمۆلۆجییە کە دوو قۆناغ –یان چەند قۆناغێک- بە ڕوونی جیا بکاتەوە و ناپەیوەستییەک لە نێوانیاندا بێتە ئاراوە؛ چونکە سرووشتی پەیوەندیی گۆڕان لەنێوان ناپەیوەستی و دابڕانی ئەبیستمۆلۆجیدا، سرووشتی گۆڕانێکی ڕاستەوانەیە: تا دابڕانی ئەبیستمۆلۆجی نەبێت، ناپەیوەستییش ڕوو نادات و بە پێچەوانەشەوە. هەر ئەمەشە کە مێژووی نوێی خۆرهەڵات و خۆراوا بەو تەرزە ڕیشەییە لە یەکتری دادەبڕێت. هەر ئەمەشە کە ئەگەری دروست بوونی دابڕان و قۆناغبەندییەکی ڕوون لە خۆرهەڵاتدا ئەستەم و هەندێک جار مەحاڵیش دەردەخات؛ هەر ئەمەشە، بە داخەوە، سەرهەڵدانی هەر جۆرە کایەبەندییەکی مەعریفی/زانستی، لەو شێوەیەیدا کە لە خۆراوا هەیە و هەموومان پێی ئاشناین، نەکردە دەکات.
بەڵام سەرباری ئەوەی کە مێژووی خۆرهەڵات مێژوویەکی ڕاستەهێڵی نییە، سەرباری ئەوەی کە دابڕانێکی ئەبیستمۆلۆجیی زەقی تێدا نییە، مەرج نییە کە هیچ وەرچەرخان و نوێگەرییەکیشی تێدا نەبێت؛ مەرج نییە لە ڕۆشنبیرییەکدا، لەنێوان ئەگەری بەردەوامبوون و ئەگەری وەرچەرخاندا، هیچ بکەرێکی کولتووری لە هیچ چرکەساتێکی مەعریفیدا ئەگەری دووەمی هەڵنەبژاردبێت، کە ئەگەری گۆڕان و وەرچەرخانە. ئەو سەتڵە هەڵماتەی بوون هەڵیڕشتە سەر زەویی بەرجەستەکان و پەرش و بڵاوی کردەوە، مەرج نییە هەموو هەڵماتەکانی ناوی هاوشێوە و دووبارە بووبن. ناکرێت ئینکاری لەوە بکەین کە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، وەک هەر ڕۆشنبیرییەکی دیکەی خۆرهەڵاتی، بکەرانێکی کولتووری پەیدا بوون کە قورسە پاش ئەوان جارێکی دی شتەکان و ماناکانی نێو کایەیەکی کولتووری لەو شێوەیەدا ببینین کە پێش ئەوان هەبووە. هێندەی هەیە کە ئەم وەرچەرخانانە ئەوەندەی لە ئاستی تایبەتیی بکەرێکی کولتووریدان، هێندە لە ئاستێکی بونیادیدا نین کە دابڕانێکی ئەبیستمەسازانە بخوڵقێنن؛ لە خوێندنەوە و فامکردنیشیاندا ئەوەندەی پێویستمان بە هیرمۆنۆتیک و ڕەخنەیەکی ئاراستەکراو بەرەو دەق و فۆڕم و گوتاری شەخسیی ئەو بکەرانەیە، هێندە پێویستمان بە تەفسیری کۆمەڵایەتی و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو بونیادە گشتییەکانی چواردەوریان نییە.
حەسەن زیرەک (1921-1972)
ڕابردووی ڕۆشنبیریی ئێمە، چەندین بکەری کولتووریی تێدایە کە بە هاتنیان دیدگایەک، شێوەیەک یان ئیمکانییەتێکی نوێیان خزاندووەتە نێو هەبوونەوە و بەبێ خوێندنەوەی وردی گوتاری ئەوان، بەبێ گوێگرتنێکی بەدیقەت لە بانگی ئەوان، ناتوانین ئەو دیدگایانە بەدەست بهێنین، ناتوانین ئەو شێوانە بینین، یان ئەو ئیمکانییەتانە بەدی بهێنین.
لە ڕۆشنبیریی نێو مۆدێلێکی ڕاستەهێڵیی زەمەندا، داهێنانەکان، گۆڕانی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و مەعریفە(ئەوەی فوکۆ ناوی دەنێت “تەکنەلۆجیاکان”) و هەروەها وەرچەرخانی نەزم و ڕیزبەندیی گوتارەکان، لە ڕوودانیاندا پاش خۆیان دەگۆڕن؛ وەرگرتنی ئێستای ئەم ڕوودانانە و هەڵکۆڵین لە پێناو گەیشتن بە ڕابوردوویاندا، دەکاتە ئارکیۆلۆجیا و پشکنینی ڕابوردوویان لە پێناو تەشخیس و دایگنۆسیسی ئێستای زەمەنی ڕۆشنبیرییەکەدا، دەکاتە جینالۆجیا. بەڵام لە ڕۆشنبیریی نێو مۆدێلی پەرشبووی زەمەندا(لە پێناو خۆلادان لە نەگونجان و سەختییەکی تیۆری کە دەشێ یەکێتیی بابەت و کۆکراوەیی ئەم وتارە–کە دەزانم خۆی لە خۆیدا شل و ناجێگیرە- بخاتە مەترسییەوە، پێم باش نییە مۆدێلی تۆڕ و ڕیزۆماتیک، وەک پێچەوانەیەک بۆ ڕاستەهێڵ وەربگرم)، لەبەر ئەوەی نە ڕەخنەی تەقلیدی و نە تێڕوانینی مێژوویی، هیچیان ناتوانن کایەبەندی و قۆناغبەندییەکی ڕوون و جێگیرمان بۆ دابمەزرێنن، ئێمە ناتوانین بە ڕوونی پێش، پاش و تەنیشتی داهێنانەکان، گۆڕانی پێوەندییەکانی نێوان دەسەڵات و مەعریفە و وەرچەرخانی نەزم و ڕیزبەندیی گوتارەکان دیاری بکەین، یان ببینین. ئەی کەواتە: لە نائامادەگیی قۆناغبەندی و کایەبەندییەکی مەعریفیی خۆماڵی/خۆکردی ڕووندا کە ڕوانینی مێژووییمانی لەسەر گەڵاڵە بکەین، چی بکرێت؟
لە ڕابردووی نووسینی ئێمەدا، هەریەک لە ڕەخنەی تەقلیدی، شیکاریی تیۆریک و توێژینەوەی مێژوویی، لە خۆوە بێت یان بە هۆشیارییەوە، لە بەردەم ئەم گرێکوێرەیەدا دوو ڕێگایان گرتووەتە بەر: یەکەمیان، بینینی مێژووی کولتووریی خۆمان بووە وەک کایۆسێکی بێمانا، بێزەمەن و شێواو کە هیچ جۆرە خوێندنەوەیەکی ڕێکخراو و ئارگیۆمێنتەیتیڤ هەڵناگرێت. دووەمیان، بەکارهێنانی بیردۆز و میتۆدۆلۆژیای خۆراوایی بووە بۆ ڕێکخستن و پاشان فامکردنی ئەم کایۆسە. کێشەی ڕێگای یەکەمیان ئەوەیە کە ئەقڵ دەخزێنێتە نیهیلیزمێکی هێندە ناچالاکەوە کە چیدی پێوەندییەکی بە کولتووری خۆیەوە نامینێت؛ کێشەی ڕێگای دووەمیشیان، سەرباری ئەوەی کۆمەڵێک هەوڵی گرنگ و دەرەنجامی سەرنجڕاکێشی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەیە کە بە میتۆد و ڕێباز و دیدگا هێنراوەکانییەوە، بەزۆر دەیەوێت کایۆسەکە لە دیدگا و نەزمێکدا ڕێکبخات کە کایۆس، -زۆر بەسادەیی، لەبەر ئەوەی کایۆسە- بەرگەی ناگرێت، یان وەریناگرێت.
لەم نووسینەدا، کە وەک ناونیشانەکەی پێشنیاری دەکات، – سەرباری ئەوەی گەیشتن بە ناوکی بابەتەکە زۆر دواکەوت- لەبارەی حەسەن زیرەکەوەیە، لام باشە ڕێگایەکی تر بگرمە بەر: ئەوەی کە کایۆسەکە، بە هەموو ئاڵۆزی و ناڕوونی و گێژەنەکانییەوە، وەک خۆی ببینین؛ بە ئیرادەی ئەو تەئویلکارانەوە کە دەیانەوێت ئاڵۆزییەکان لە ئاڵۆزیی خۆیاندا بخوێننەوە، نەک بە خووی ئەو فاکتدۆزەرەوانەوە کە دەیانەوێت شکۆی نادیاری لە ڕێوشوێنەکانی پۆلێنکردن، ڕیزکردن و شیکاردا بخنکێنن.
لە بەردەم ئەو گرێکوێرەیەدا کە پێشتر باس کرا، دەتوانین سەرجەمی زەمەنی ڕۆشنبیری لە شێوەی ئێستایەکی ڕەهادا ببینین، کە تێیدا هەرسێ ڕەهەندەکەی کات -ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو- پێکەوە، بەردەوام و بەبێ وەستان ڕوو دەدەن. لەم جۆرە دیدگایەدا کاتی ڕۆشنبیرییەک هێندەی هەڵدەڕژێت و پرژە دەکات، هێندە هەنگاو نانێت و بەرەوپێش، یان بەرەو کۆتایییەک ناچێت. لەناو ئەم جۆرە دیدگایەدا، بکەرە کولتوورییەکانی ڕۆشنبیرییەک، لە پێوەرە تەقلدییەکانی کۆن و نوێ، باش و خراپ، داهێنەر و ناداهێنەر دەردەکرێن و وا پێویست دەبێت کە لەبری ئەو موفرەدانەی پێشوو، سەرنج لە خودی ئامادەگیی ئەم بکەرە کولتوورییانە بدرێت، ئامادەگییان لەو ئێستا ڕەهایەدا کە باس کرا. بەم جۆرە، سەبارەت بە حەسەن زیرەک، هێندەی سەرنج لەسەر خودی ئامادەگیی ئەم بکەرە دەبێت لەم ئێستایەدا، هێندە سەرنج لەسەر پێش، پاش و چواردەوری ئەو نابێت (هەر لێرەوەیە کە ناونیشانی ئەم وتارە، خودی خۆی و پاشان ناوەڕۆکەکەشی هەڵدەوەشێنێتەوە).
ئێستای ڕەها و وەرگرتنی کایۆس وەک سیاقێک بۆ خوێندنەوەی بکەرێکی کولتووری، بە مانای دابڕاندن و پەڕاندنەوەی ئەم بکەرە نییە لە ئەرکە کۆمەڵایەتی و جێنەریک و جوانیناسانەکانی خۆی لەنێو ئەو کایەیەدا کە بەرهەمهێنانی تێدا کردووە، بەڵکوو ئەمە ڕێوشوێنێکە خودی ئەم بکەرە کولتوورییە بەو جموجوڵانەیەوە کە لەنێوان فۆڕمەکان و گوتارەکاندا دەیانکات، دەیسەپێنێت. واتا خوێندنەوەی حەسەن زیرەک، لەبری گوێگرتن لێی؛ پەلکێشکردنی حەسەن زیرەک بۆ نێو ئەم سیاقە، لەبری هەڵسەنگاندنی بە پێوەرە تەقلیدییەکانی ڕەخنە، بە مانای پەڕاندنەوە و دەربازکردنی نییە لەو گوتارانەی حوکمی کایەکەی خۆی و هونەرە دەنگییەکان دەکەن، بەڵکوو ڕێوشوێنێکە حەسەن زیرەک، وەک هەر بکەرێکی دیکەی کولتووری کە ئیمکانەکانی نێو کایەکەی خۆی تێدەپەڕێنێت و دەرگا بەسەر ئاسۆی تر و ئیمکانی تردا دەکاتەوە، بەسەر ڕەخنە و خوێندنەوەیدا دەسەپێنێت. دەبێت لەبیریشمان بێت کە لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا هەر بە تەنیا حەسەن نییە کە سەر بەم ڕەوتەی دەربازکردنی شێوازەکان و دۆزینەوەی ئەگەری نوێی کولتووری بێت: بۆ نموونە، لە “نالی“یەوەیە کە ئێمە تێدەگەین زمانی ئەدەبی تەنیا لە ڕێی ڕووخاندن و خاپوورکردنەوە بونیاد دەنرێت(لە وتاری “سیاسەتەکانی وڕێنەکردن”دا چەند ڕوونکردنەوەیەکم لەم بارەیەوە داوە) … هەروەها چەندین نموونەی دیکەش هەن: حاجی قادری کۆیی یەکەمین چرکەساتی تێکەڵاوبوونی هەردوو خودێتیی بیرمەند و شاعیرە؛ لە حاجی قادرەوەیە ئێمە ئەو ئیمکانیەتە بەدەست دەهێنین کە تێیدا شاعیر کار لە ناو پرسە فیکرییەکاندا بکات. لە پیرەمێردەوەیە کە پەیوەندیی نێوان شاعیر و فەزای گشتی، لە ڕۆشنبیریی ئێمەدا، بە ڕوونی دەست پێ دەکات. لە مەسعوود محەمەدەوەیە کە دیاردەی ڕەخنەگر و داهێنان و خوڵقاندنەوەی پێشینان دەردەکەوێت(بڕوانە وتاری “شەیتانەکانی مەسعوود محەمەد”).
کاتبەفیڕۆدانێکی گەورە دەبێت گەر بێت و تیۆری، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەم وردەکارییانە و بەبێ هێنانەئارای سیاقگەلێکی نوێ و تایبەتی، هەوڵی تێگەیشتن و توێژینەوەی ئەم جۆرە لە بەرهەمهێنانی کولتووری و ئەم بکەرە کولتوورییانە بدات. بۆیە ئەم وتارە، لەم چوار بەشەی خوارەوەیدا، گەر قەرار بێت وەک هەوڵی خوێندنەوەیەکی کورت وەربگیرێت بۆ حەسەن زیرەک، حەسەن زیرەک وەک دیاردەیەکی ڕۆشنبیری/کولتووری، ئەوا پێویستە و دادپەروەرانەتر دەبێت گەر بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرسانەی لە سەرەوە تاووتوێ کران ببینرێت و لەو سیاق و بەستێنەدا بخوێنرێتەوە کە لە چەند پەرەگرافی پێشوودا گەڵاڵە کرا.
مەکری فۆلکلۆر
لە مێژووی ئەدەب و هونەرەکاندا بە دەگمەن چرکەساتێکی داهێنان و نوێگەری دەبینین، کە لە هەمان کاتدا بێداچوونەوە و داڕشتنەوەی پێشینان و ڕابوردووی ئەو چرکەساتەش نەبێت، لە لایەن خودی چرکەساتەکەوە؛ هەروەتر، لەناو زۆرێک لەو چرکەساتانەدا، ڕێژەیەکی بەرچاو لەو پێداچوونەوە و گەڕانەوانەی نوێ بۆ ڕابردوو، لە ڕێی فۆلکلۆرەوەن. بەڵام تێڕامان لە مێژووی گەڕانەوەی بکەرە کولتوورییەکان بۆ فۆلکلۆر، تێمان دەگەیەنێت کە داهێنانی فۆلکلۆری لە ڕێی دووبارەکردنەوە و زیندووڕاگرتنی فۆلکلۆرەوە ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێی دەستکاریکردن و شێواندنیەوە دەبێت. ئاوایە مەکری فۆلکلۆر: وەفاداربوون بۆی، دووبارەکردنەوە و زیندووڕاگرتنی، لە باشترین حاڵەتدا، ڕەنگە بتکاتە فۆلکلۆریستێکی تەقلیدی کە ڕۆڵی عەمبارێک دەبینیت بۆ هەڵگرتنی چەند گوتار و دونیابینییەکی کۆن، لە کاتێکدا کە بێوەفابوون بەرانبەری، شێواندن و دەستکاریکردنی، ڕێگایەکە بۆ داهێنان. گەر جیۆفری کاوشەر بەهێزترین شاعیری سەدەکانی ناوەڕاستی هەموو ئەدەبی ئینگلیزییە، هۆکارەکەی ئەوە نییە کە ئەم نووسەرە هاتبێت و هەرچی گوتراو و گوتار و فۆڕمی سەردەمەکەیەتی بە بەیت تۆماری کردبێت، بەڵکوو هۆکارەکە ئەوەیە کە ئێمە لە “حیکایەتەکانی کانتێربێری”دا فۆلکلۆرێک دەخوێنینەوە کە هیی نووسەر خۆیەتی، فۆلکۆرێک دەخوێنینەوە کە لە لایەن کاوشەرەوە، لە پێناو خودی زیندووکردنەوەیدا، خیانەتی لێدەکرێت. نموونەیەکی لەمە ڕوونتر ئیتالۆ کالڤینۆیە، لە پێوەندیدا بە هەریەک لە فیگەری “کچەی کڵاوسوور” و “مارکۆ پۆلۆ”وە، کە لە حیکایەتی “داپیرەی هەڵە”ی ئەودا بەر فۆلکلۆری کڵاوسوورێک دەکەوین جیاواز لەوەی لە خودی فۆلکلۆردا هەیە و لە ڕۆمانی “شارە نادیارەکان”دا بەر مارکۆ پۆلۆیەک دەکەوین جیاواز لەو فیگەرەی مێژوو هەڵیگرتووە و لەوێوە داخڵی فۆلکلۆر و هەم ئەدەبیات و سینەماش بووە. سەرباری مەودای زەمەنیی بەرینی نێوانیان، هەریەک لە کاوشەر و کالڤینۆ -لە پاڵ چەندین بکەری کولتووریی دیکەدا کە قەرەباڵغکردنی ئەم پەرەگرافە بە ناوهینانیان پێویست نییە- لەو جۆرەی فۆلکلۆریستەکانن کە بە باشی لە مەکری فۆلکلۆر تێگەیشتوون؛ لەو فۆلکلۆریستە خیانەتکارانەن کە گەر هاوتای پێچەوانەیان بۆ بدۆزینەوە، بۆ نموونە، جیاوازن لە فۆلکلۆریستی وەفاداری وەک برایانی گریم و فلادیمیر پرۆپ(نموونەی یەکەمیان لە بواری تۆمارکردنی حیکایەت و دووەمیان لە بواری توێژینەوەی فۆلکلۆردا).
محەمەد ماملێ (1925-1999) هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد
ئەگەر قەرار بێت حەسەن زیرەک وەک فۆلکلۆریستێک ببینین، ئەوا دەبێت لە خانەی یەکەمدا دایببنێین، واتە لە خانەی فۆلکلۆریستانی خیانەتکاردا. بەڵێ حەسەن زیرەک فۆلکلۆریستە، چونکە یەکەمین گەنجینە کە بەستە و مەقامەکانی ئەم پیاوە دەستی بۆ درێژ بکەن و هێزی خۆیانی لێوە وەربگرن، فۆلکلۆرە. بەڵام فۆلکلۆریستێکی خیانەتکاریشە، بەو پێیەی کە زۆر بە دەگمەن بەجێماوی پێشینان، نیشتەنییەکانی بنکی ڕووباری کولتوور و گوتراوەکانی دەرەوەی خودی حەسەن، وەک خۆیان و بە دەستلێنەدراوی دەنوێنرێنەوە. لەم ڕووەوە، حەسەن بەتەواوی پێچەوانەی گۆرانیبێژێکی وەک محەمەدی ماملێیە.
فۆلکلۆر لە ‘ماملێ’دا لە کۆمەڵێک پارچە گوتراوی ڕەق، جێگیر و نەگۆڕ دەچێت کە بەردەوام دەبێت وەک خۆی وەربگیرێت و وەک خۆی بنوێنرێتەوە؛ ئەمە وا دەکات کە لە گۆرانیی ئەم پیاوەدا گۆرانیبێژ بۆ زارێک کورت بکرێتەوە کە وەزیفەکەی لە گۆکردن و چڕینی ئەوە تێناپەڕێت کە پێشینان، فۆلکلۆر و ئەوانی تر دەیدەن، یان دەیسەپێنن. لە بەرانبەردا، حەسەن، یان وەک ترۆبادۆریستەکان و ئەربابی شیعری گۆرانیی خۆی و خۆبەخۆ گوتراوی نێو بەستە و مەقامەکانی گەڵاڵە دەکات، یانیش بە شێواندن و دەستکاریی زۆر قورس و تەنانەت هەندێک جار کۆلاجیشەوە گوتراوی دەوروبەر و پێشینان دەنوێنێتەوە. لە ماملێدا چڕین ئامێرێکە وەزیفەکەی ڕازاندنەوە و بەبتکردن و هێشتنەوەی فۆلکلۆر و یەکە کولتوورییەکانی دیکەیە وەک خۆیان، بەڵام لە حەسەن زیرەکدا چڕین ئامێرێکە بۆ داڕشتنەوەی فۆلکلۆر و گوتراوەکانی دەرەوەی بکەری کولتووری و پاشانیش هەڵوەشاندنەوەی خودی پرۆسەی چڕین.
دیکتاتۆریەتی خود
هاوشێوەی هەر داهێنەرێکی تر، لە حەسەن زیرەکدا ئەوەی وادەکات کە کردەی چڕین لە هیچ بارێکدا مل بۆ بەرهەمهێنانەوە و نواندنەوەی ڕاستەوخۆی فۆلکلۆر و پێشینان و گوتراوەکانی دەرەوە نەدات، ئەوەی وا دەکات چڕین بەردەوام هەڵبژاردنی گۆڕان و ناجێگیری بێت دژ بە مانەوە و بەرهەمهێنانەوە، خودێتییەکی توندوتیژ و داپڵۆسێنەرە کە نە ڕێ بە دەستباڵایی پێشینان و ڕابردوو دەدات و نە دەوروبەر و گوتراوەکانیشی وەک خۆیان قەبووڵ دەکات. ئەم خودێتییە، ڕاستە کە پێشینان و ڕابردوو لە دەنگی خۆیدا ناکوژێت و بوارێک بە ئامادەگییان دەدات، بەڵام بوارپێدانەکە تەنیا بۆ ئەوەیە لە کاتی دەرکەوتنیاندا دەستدرێژییان بکاتەسەر و بیانشێوێنێت؛ هەمان شێوەی دەوروبەر و گوتراوەکانی ناوی، کە بۆ خودێتیی داهێنەر ئامادەگی و وەزیفەیان تەنیا تا ئەوێ دەڕوات کە بابەتیک بن بۆ تێکشکاندن و دەستدرێژی. لەم خاڵەدا، خودێتیی داهێنەر زۆر لە خودێتیی جەللاد و دیکتاتۆر نزیک دەبێتەوە.
چ لە گوتنەوەی گۆرانی و بەکارهێنانی “تاک بەند”ە فۆلکلۆرییەکاندا و چ لە گوتنەوەی شیعری شاعیرانیکی وەک وەفایی، سەید کامیلی ئیمامی و هێمندا، چۆنچۆنی پەیڕەوکردن، بەرهەمهێنانەوە و ئەمانەتپارێزیی ماملێ –تاکوو درێژە بە هەمان بەراورد بدەین کە پێشتر سەرپێخرا- بە ڕوونی دیارە و لەوە دەردەچێت ڕێککەوت بێت، هەمان شێوە تێکشکاندن و گۆڕین و هەڵوەشاندنەوە لە بەستە و مەقامەکانی حەسەندا، چ بەرانبەر بە فۆلکلۆر و چ بەرانبەر بە چەند دەقێکی شاعیرانی بەهێزی وەک هێمن، عەبدولڵا گۆران و پیرەمێرد، زۆر بەڕوونی دیارە و لەوە دەردەچێت کە ڕێککەوت بێت. لە مەقامێکی حەسەندا، بەیتێکی دەقی “فرمێسکی گەش”ی هێمن موکوریانی بەم جۆرەی لێ دێت: “سەنگی مەحەکم بۆ چییە، ڕەقیب/لێمگەڕێ، بە ویژدان، کوردی بێ غەللوغەشم”، لە کاتێکدا کە لای هێمن بەم جۆرەیە: “شاعیرێکی ڕاست و یەکڕووم و فیداکار و نەبەز/کوردە موحتاجی مەحەک نیم، زێڕی بێ غەللوغەشم”(هەڵبەت گۆڕانەکە تەنیا لەم بەیتەدا نییە و سەرلەبەری دەقەکە دەگرێتەوە، بەڵام لە پێناو خۆلادان لە درێژکردنەوەی ناپێویستی ئەم نووسینەدا، بە پێویستم نەزانی هەمووی وەربگرم. هەروەها، سەبارەت بە فۆلکلۆریش هیچ نموونەیەکی ئەوتۆ ناهێنرێتەوە، چونکە هێندە زەق و زۆرە، ئاسانتر دەبێت کە نموونە لەسەر ئەو شوێنانە بهێنرێتەوە کە دەستکاریکردنی تێدا نییە، بەتایبەت لەو بەرهەمانەدا کە بە “دانیشتنی ماڵان” ناسراون).
سروودەکەی شێخی زەمبیل و بەستەی “نووری ڕوخسارت… (دەقی سەید کامیل؛ کە هاوڕێی حەسەن بووە و بەپێی زۆرێک لە ڕیوایەتەکان، زوو زوو سەردانی ئەم شاعیرەی کردووە و پێکەوە سەردانی زەمبیلیشیان کردووە)” و چەند مەقامێکی لێ دەربچێت کە تێیاندا پارچە لە شیعری نالی، وەفایی، تاهیر بەگ، هەردی و هەژار وەک خۆیان وەردەگیرێن، لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا فۆلکلۆر و گوتراوی دەوروبەر وەک خۆیان و بە سەلامەتی نایەنە ناو دەزگای چڕینی حەسەن زیرەکەوە. “جوانی بێناو” و “گوڵی خوێناوی”ی گۆران، “نەورۆز”ی پیرەمێرد و چەندین دەقی دیکەی شاعیرانی بەهێز هەن کە خودێتیی حەسەن ڕێ نادات وەک خۆیان بمێننەوە و لە چڕیندا دەستیان بەسەردا دەگیرێت، دەستکاری دەکرێن و دەگۆڕدرێن بۆ پانتاییەک بۆ دەربرینی خودێتیی گۆرانیبێژ، نەک خودێتیی شاعیرەکان خۆیان.
داهێنان؛ لایەنگیری لە جەنگی نێوان بەرە بچووک و گەورەکانیشدا
لە کتێبی “لەیەکدانی بەهەشت و دۆزەخ”دا ویلیەم بلەیک لەبارەی جۆن میلتۆن و “بەهەشتی لەدەستچوو”ەکەیەوە دەنووسێت: “هۆکاری ئەوەی میلتۆن هەرکاتێک باسی فریشتەکان و خودای کردووە، بە کۆتوبەندەوە نووسیویەتی و هەرکاتێکیش باسی شەیتانەکان و دۆزەخی کردووە، سەربەستانە نووسیویەتی، ئەوەیە کە ئەو شاعیرێکی ڕاستەقینە بووە؛ ئەو لە بەرەی شەیتاندا بووە بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت”.
خودێتیی دیکتاتۆریانەی داهێنەر خودێتییەکە هەرگیز ڕێ بە بێلایەنی و بێدەنگبوون و قەبووڵکردنی دەرەوەی خۆی نادات، بۆیە بەردەوام ڕەددەکاتەوە، بەردەوام هەڵدەبژێرێت، بەردەوام پەراوێزەکان دەگێڕێتەوە ناوەند و بەردەوام دابەشکاری و پۆلێنکارییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە. لێرەوە، هونەرمەند/نووسەری بێلایەن مرۆڤێکە بەبێ خودێتی، مرڤێکیش بەبی خودێتی مرۆڤێکە بەبێ توانای هەڵبژاردن لەنێوان گۆڕان و مانەوە، داهێنان و دووبارەکردنەوەدا.
ئەوەی لە چڕینی حەسەندا تا یەک جار ناوی “کچ” دێت، دەیان جار ناوی “ژن” و هاوتا کۆمەڵایەتییەکانی(بێوەژن، کورتە ژن و شۆڕەژن هتد…) دێت و دەکرێتە بەردەنگ و بابەتی گوتنەکانی، نمونەیەکی ڕوونە لە باسی ئەم دیاردەی هەڵبژارنەدا. هیچ بەهاپێدان و دامەزراوێکی کۆمەڵایەتی نییە بتوانێت ڕێگری لەم خوێدیتییە بکات کە دەیەوێت هەڵبژاردن و لایەنگیرییەکانی خۆی دەرببڕێت. فراوانتر لە پرسی دابەشکاریی نێوان دوانەی کچ و ژن، کە هەردەم لە کولتووری ئێمەدا یەکەمیان پێشخراوە، لایەنگیرییەکانی خوێدێتی وادەکات کە لە گۆرانییەکانی حەسەندا دەربڕینی سیکشواڵێتی، حوکومدانی ئیستیتیکی و خواستەکی لەنێوان ئەم شێوەیەی ژن و ئەو شێوە و وردەکارییەی دیکەیدا، زۆر ڕوون و ڕاستەوخۆ بخرێتە ڕوو.
ئەم لایەنگیرییە تەنیا لە خولگەی دەربڕینی ڕاستەوخۆی سێکشواڵێتیدا نامێنێتەوە، بەڵکوو دەپەڕێتەوە بۆ لایەنی سیاسی و ئایینیش. سەبارەت بە لایەنی سیاسی، وابزانم نموwنەیەکی گونجاو لەم باسەدا گۆرانیی “ئای نیزام بۆخۆم نیزام”ە، کە لە شێوەیەکیدا دێڕی دووەمی تەرجیعەکەی بە “نیزام نیم و عەسکەرم” تەواو دەبێت، لە شێوەیەکی دیکەیدا بە “سەربازی دێموکراتم” و لە شێوەیەکی دیکەشیدا، بەپێی ڕیوایەتێکی میرزا کەریم خۆشناو لە بەرگی دووەمی کتێبەکەیدا لەبارەی حەسەن زیرەکەوە، لە ستایشی خانانی گوندی “هەرمێلە”دا گۆڕینەکە دەخرێتە دێڕی سێیەم و چوارەمەوە “من لەبەر خانان نەبێ/لە دنیا دەربەدەرم”.
سەبارەت ئایین، دەزانین کە حەسەن زیرەک بە پێوەرە باوە ئیسلامییەکە، ئیماندار نەبوو. تەنانەت گوێگری وردی بەرهەمەکانی حەسەن، هەست بەوە دەکات کە لە هەندێکیاندا بە مەستی گۆرانی دەڵێت –دیارە وەک زۆرێک لە هونەرمەند و ئەدیبانی دیکە، ئەمیش ئەو خووە دیۆنیسیۆسییەی هەبووە-، بۆیە سروودە بەناوبانگەکەی بۆ شێخی زەمبیل، هێندەی گونجاوە لەم سیاقەی لایەنگیریدا کە پێشتر باس کرا، لێک بدرێتەوە، هێندە گونجاو نییە وەک دووفاقییەک لە کەسایەتی موسوڵمان(یان تاکی عێراقی، بەپێی بۆچوونە بەناوبانگەکەی عەلی وەردی لەم بارەیەوە)، یان وەک ملکەچکردنێک لە سیاقی تەکیە و دەروێشایەتیدا ببینرێت.
خواست؛ فۆڕم و ناجێگیری
لە پیاهەڵدانی خانانەوە تا پیاهەڵدان بە مەلیک فەیسەڵ و سەرکردەی شۆڕشەکانی باشووری کوردستان، لە ستایشی شێخی زەمبیلەوە بۆ ستایشی مەینۆشی و مەستی، خودێتی لە هیچ جێگەیەکدا نەکەوتووەتە پارادۆکسەوە، هەروەها خیانەتی لە هیچ پرس و مەبدەئێکیش نەکردووە؛ چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی خوێدێتیی داهێنەرانە پاڵ دەنێت، نە پرسێکی نیشتمانی یان چینایەتییە، نە تێزێکی فیکری و نە مەزهەبێکی ئایینیشە، بەڵکوو زۆر بە سادەیی پاڵنەرەکە تەنیا بریتییە لە خواست(Desire). خواست خۆی خۆی دامەزراندووە و تەنیا لە پێناو خۆیشیدایە؛ ئەو ڕەت دەکاتەوە، لایەنگیری دەکات، داڕشتەکان هەڵدەوەشێنێتەوە و بەرەو ئاراستەکان دەگۆڕێت.
خواست هەرگیز یەکڕوو و جێگیر نییە، پێشبینیکراو نییە، بۆیە بەرهەم و کردارەکانیشی هەرگیز جێگیر و پێشبینیکراو نابن. لێرەوە، ئەو بۆچوونە باوەی کە پێی وایە فۆڕم بەرهەمی جێگیرییە، بەرهەمی دووبارەکردنەوە و خۆبەرهەمهێنانەوەیە، هەڵدەوەشێتەوە؛ لە ڕاستیدا فۆڕم –هیی ئەدەبی و هونەری- زیاتر بەرهەمی جیاوازی و ناجێگیرییە. ئەدیبێک، هونەرمەندێک، خاوەنی فۆڕمی خۆی نییە لەبەر ئەوەی بە لایەکدا بەرهەمەکانی هەموویان –یان زۆربەیان- وەک ڕوخسار و شێوە و مەبەست و مەرام لە یەکدی دەچن، یان دەچنەوە سەر یەک و بە لایەکی دیکەشدا، هەموویان وەک گشتێک لە هیی بەرهەمهێنەرە کولتوورییەکانی سەر بە هەمان کایەی خۆیان دەچن؛ بەڵکوو بە پێچەوانەوە، ئەدیبێک، هونەرمەندێک، خاوەنی فۆڕمی خۆیەتی چونکە هیچکام لە کارەکانی لە یەکدی ناچن، هەروەها لە کارەکانی بەرهەمهێنەرانی دیکەش ناچن. فۆڕم بەرهەمی جیاوازییە، نەک یەکگرتنەوە و هاوشووناسی. ئەم جیاوازییە ناجێگیریی خودێتی دەیسەپێنێت، ناجێگیریی خودێتیش، ئازادی و ڕەهایی خواست دەیسەپێنێت.
ئەم نووسینەی سەرەوە، هێندەی هەوڵێک بوو بۆ کردنەوەی چەند سیاقێکی خوێندنەوە بە ڕووی حەسەن زیرەکدا و هەمان کاتیش کردنەوەی حەسەن زیرەک بە ڕووی ئەو سیاقانەدا، هێندە هەوڵێک نییە بۆ هەڵسەنگاندن، بەهاپێدان یان بەهاسەندنەوە لە حەسەن. هەروەها، لە لایەن منەوە، دەبێتە دووەم هەنگاوی پڕۆژەیەک بۆ داڕشتنەوەی پێشینان کە پێشتر لە وتاری (شەیتانەکانی مەسعوود محەمەد)ەوە دەستی پێ کردووە و لە داهاتوودا چەند نووسەر و هونەرمەندێکی دیکەش دەگرێتەوە؛ لە شێوەیەکی دیکەی خوێندنەوەی پراکتیکیدا کە لەبری چەماندنەوە و گونجاندنی بابەت لەگەڵ تیۆریدا، دەیەوێت بابەت و تیۆری بە ڕاستە و پێوانەکانیەوە بچەمەنێتەوە، لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگەی تردا بۆ گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنی زیاتر بەرانبەر بەو ئێستا ڕەهایەی کولتوور، کە پێشتر باسکرا.
لە کۆتاییدا، دادپەروەرانە دەبێت گەر بڵێین لە هەندێک ڕووەوە، لە پاڵ حەسەن زیرەکدا، دەکرێت ئەحمەد شەماڵیش بهێنرێتە ئەم بەستێنانەی خوێندنەوەوە کە باسکران؛ هێندەی هەیە لە شەماڵدا ئەم خەسڵەتانە کاڵترن و کەمتر دەردەکەون، کەمتر وەک بونیادێکی هونەری گەیشتوونەتە تەواوبوون و کەماڵیک کە ڕێگە بە خوێندنەوە و پشکنین بدات؛ هەر لەبەر ئەمە، هیچ بەشێکی ئەم وتارەی بۆ تەرخان نەکرا.[1]