بابەت: زانستی زمان
نووسین: #سابیر ژاکاو#
زوان وەکو پێکهاتەیەکی هاڵۆز و تایبەت، بەسەر کۆمەڵێک چوارچێوە و قاڵبی تایبەت دابەش دەکرێت و جێ دەگرێت کە بۆ هەر بەش و بابەت پەیویستی بە خۆتێوەردان و یارمەتیوەرگرتن لە بەشەکانی دیکە پەویست و گرنگە.
زانستی زمانناسی بەسەر 40 بەشی تایبەت دابەش دەکرێت و هەر بەشەی وەکو زنجیرە بەیەکەوە گرێدراوە و نهێنی و سوڕەکانی شاراوەی ئەم زانستە قوڵ و تایبەتە دیاری دەکات.
زانستی ئیتیمۆلۆجی وەکو بازنەیەکی تایبەت و گرنگی ئەم زانستە، پەیویستە بە گەڕانەوە و تاوتۆکردن و گرێدان بە زنجیرەکانی دیکە ئەم زانستەوە هەیە، ناکرێت بەبێ کەڵکوەرگرتن لە بازنە و گرێیەکانی دیکەی ئەم زنجیرەوە تەنیا لە یەک بەش کەڵک وەربگرین.
ئیتیمۆلۆجی لە ڕیشە و ڕەچەڵەکی مێژویی وشان دەکۆڵێتەوە، لێکۆڵینەوەیەک کە وەکو دو جەمسەری بەهێزی زانستی فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و زانستی لە بەشی زمانناسی و بەشی ئەتنۆلۆجی کە دو ڕەوت و ڕەهەندی زۆر جیاوازن دەکۆڵێتەوە. واتە یەکیان ئەم بەشەی وەکو زانستی زمانناسی بۆ دۆزینەوەی خەت و نوسین بۆ سومێریەن دەگەڕێتەوە و پێش لەوانیش هیچ ئاسەوارێکی زمانناسی نیە و هەرچی هەیە، ئاسەوارێکی ئەنترۆپۆلۆجی و ئارکیۆلۆجین. لەپاش سومێریەنیش وەکو بەشەگر هیچ زوانێکی زیندو نەماوەتەوە کە بەشگری زوانی سومێریەن بن و ئەم بابەتانەی وەکو نوسراوە لەلایان یەکەم پێشەنگی داهێنانی نوسین بەجێماونەتەوە کاری لەسەر دەکرێت و پشکنینی ڕیشەی وشانێک کە دەبێت دەستەودامانی گشت بەشەکانی دیکەی زمانناسی بینەوە و ئەگەر بەبێ بەکارهێنانی بەشەکانی دیکەوە بێت، توشی کێشە دەبین و ناتوانین لە ڕەچەڵەکی وشان بەشێنەیی و گرنگتر لە هەمو شتێک زانستی بکۆڵینەوە.
ئیتیمۆلۆجی لە (ڕیشە) و (مێژوی) وشان و پێکهاتە لە (بنجینە) و (هۆی دەرکەوتن) و (سەرچاوەی پەیدابونیان) و (سەرچاوەی سەرهەڵدانیان) و (شوێنی سەرەکی و ڕیشەی سەرەکی) دەکۆڵێتەوە کە بەپێی زانستی بەراوەرد و تێکەڵ بە بازنەزانستیەکانی دیکەی زمانناسی کە گرنگترینیان فۆنۆلۆجی مێژویی (Historical Phonology)، خەتناسی (Graphology)، زمانناسی مێژویی (Historical Linguistic)، ژینگەناسی زوان (Linguistic Ecology)، مرۆڤناسی زوان (Linguistic Anthropology)، مۆرفۆلۆجی مێژویی (Historical Morphology)، واتاناسی (Semantics) کە وەکو بەشی گرنگی پەیوەندیدار بە زانستی ئیتیمۆلۆجی لەلایان پسپۆڕی ئیتیمۆلۆجیستەوە تاوتۆ و باس دەکرێت و بەدەستپڕیەوە بۆ هەمو زوانێک بناغەداڕێژی دەکات و دەتوانێت بە لە هێڵکدانی وشەکە بەم بازنەزانستیانە وشەکە بۆ ڕیشەی سەرەکی خۆی و پاشان ڕێساکان و چوارچێوەکانی دیکەی زمانناسی وەکو: (پڕاگمەتیک، لێکسیکۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی، واموەرگرتن، لێکچوون، مێتاتێز، قڕتاندن، زۆرکردن، لاوازکردن، بەهێزکردن، سیمای ناوچەیی، زوانی ژینگەیی...) بخاتەڕو و ئەم کاتەیە کە زانست وەکو بەهێزترین بڕیاردەر بۆ هەر زوان و گەلک و ناوەند و ئەکەدیمیایەکەوە بێت، ملکەج و دانپێدانەری ڕاستیەکان دەبێت. لەڕوی سۆسۆلۆجی و سایکۆلۆجیشەوە بەرەو بەشەکانی پێکهێنەری کۆمەڵگەییەوە، دەبێتە هۆی نەمانی فاشیزم و ڕاسیزم و شۆنیزم و فەوتانی زۆر بابەت کە بە ناو (زوان) دەخزێتە نێو مێشکی تاکی پێکهێنەری ئەم کۆمەڵگە و زوان و گەلەوە کە وشەکە هی منە و لێیان دزیوم! کە ئەمانە دەکەونە زانستی سایکۆلینگۆستیک و سایکۆپاتۆلۆجیەوە.
ئیتمۆلۆجی ڕیشەناسی ڕەچەڵەکناسی (Etymology)
لێکسیکۆن فەرهەنگ، وشەنامە (Lexicon)
دو بازنە و ڕەوتی جیاوازن، لێکسیکۆن و لێکسیکۆگرافی دەکەوێتە ژێرلق و ژێربازنەی ئیتیمۆلۆجی نەک پێچەوانەکەی! بازنەی لێکسیکۆن تەنیا گردەکۆکردنی ئەم وشانەن کە لە بازنەی جوگرافیایی بێژەرانی ئەم زوانەن و لەلایەن کەسێکەوە بە ناو فەرهەنگنوس کۆ دەکرێنەوە و گردەکۆ دەکرێن، ئەم گردەکۆییە پڕە لە وشە زوانانی دیکە کە لە ڕوانگە و بازنەی ئیتیمۆلۆجی ڕەچەڵەکیان لەم زوانەوە نیە و بەڵام لە بازنەی بێژەری ڕۆژانە و بازاڕی و کۆمەڵگەیی ئەم زوانە بەکار دەهێندرێت و چالاکی هەیە، وەکو: (هەنبانەبۆرینە، فەرهەنگی خاڵ، فەرهەنگی کوردستان، فەرهەنگی ناهید، فەرهەنگی زانستگەی کوردستان...) و هەر فەرهەنگنامەیەک کە وشەکانی کوردیک بە زوانانی دیکە یا هەر زوانێک بۆ سەر زوانانی دیکەوە هەبێت، واتایان داندراوە ناکەوێتە بەشی ئیتیمۆلۆجی و ئەم بابەتانە، دو ڕەهەندی تەواو جیاوازن و دەبێت جیاوازی ئەم دو بەش و لقە بناسین و بزانین.
بۆ وێنە وشەیەک لە هەنبانەی زوانی کوردیک بەکۆی زوانەکانیەوە لە بازنەی ئیتیمۆلۆجیەکەیەوە دەگەڕێتەوە سەر ڕیشەیەکی تایبەت بەپێی بازنەکانی زانستی کە باسمکردن لە بازنەی ئیتیمۆلۆجی کاریان لەسەر دەکرێت و لە زوانێک کە وەکو وامواژە دەوری گێرا لە شێوە و فۆرم و بازنەی فۆرومۆلۆجی و فتۆمۆرفۆلۆجی زوانی وامگرتو باس دەکرێت.
واتە کاتێک وشەیەکمان هەبێت لەڕوی فۆرمی وشەکە بیخەینە بەر بازنەی فۆرمناسی ئەمە هیچ دەستکەوتێکی زانستی نیە و تەنیا فۆرمناسیە و فۆرمناسی لەگەڵ ئیتیمۆلۆجی جیاوازی زۆریان هەیە.
[1]