سیستمی ژینگەیی چیە؟
باوکم مامۆستای یەکەمی ژینگەم بوو
خالید سلێمان
هەموو هاوینێک باوکم بەدەست دروێنەی گەنمی دەکردو لەبەر ئەوەی خاوەن زەویش نەبووین، هەر ساڵەی پارچەیەک زەوی لە کەسێکی نزیک یان خزمێک بۆ وەرزێک وەردەگرت و گەنمی تیا دەچاند. ساڵێک زەوی لە یەکێک لە خاڵەکانم وەرگرت و لەنزیک چەمێکی بچووک ناوی کانی بامێ بوو. چەمەکە مێرگێک بوو لەناو دنیایەکی گەرمدا، ئاوێکی سازگار، پونگەو نەعنا، بۆق، چەندەها جۆری باڵندە لە ناویاندا لەقلەق، گۆلە مەرەزەکانی خاڵم مەنسور-یش لەولاوە بوستێت. ئەرکی من و خوشکی لە خۆم گەورەترم، نەزیرە، لەو هاوینەدا ئەوەبوو هەموو چێشتەنگاوێک (پێش نیوەڕۆ) ژەمی نیوەڕوان ببەین بۆ باوکم کە خەریکی دروێنە بوو. هەموو ڕۆژێکیش تاوێک لە چەمی کانی بامێ دەوەستاین و ڕاوی بەچکەی لەق لەقمان دەنا، تا ڕۆژێک دانەیەکمان گرت و کەوتینە ڕێ بۆ گەیاندنی ژەمە خواردنەکە. لەق لەقی دایک وازی لێ نەهێناین و بەسەر سەرمانەوەو بەفڕین تا لای باوکم هات کە یەکسەر تێگەیشت چیمان کردوە. بەزمانێکی سادەو ساکار پێی وتین بەچکەی لەق لەقەکە بەربدەین، چونکە بوونی لەق زۆر گرنگە، چونکە ئەو مارەو مێروەکان دەخوات و بەنەمانیان مارو مێرو زیاد دەکەن.
ئەمە دووەم وانەی ژینگەیی بوو لە باوکمەوە گوێم لێبێت، لە شوێنێکی تریشدا باسی وانەی یەکەمم کردوە. ئەو بە هۆشیارییەکی خۆڕسکییەوە شتەکانی پێکەوە گرێ دەداو لەوە تێگەیشتبوو کە ژیانی بونەوەرەکان پەیوەستە بەیەکەوە، نەمانی یەکێکیان، کاریگەری خراپ لە سەر ژیانی ئێمەی مرۆڤ و ئەوانی تر دروست دەکات. نەک تەنها گیانلەبەرەکان، بەڵکو نەمانی هەر یەکێ لە خەسڵەتە ژینگەییەک بێ گیانەکانیش دەبێتە هۆی تێکچوونی مێرگێک، چەمێک یان ژینگەیەکی سروشتیی. بۆ نموونە کە کانی بامێ بەهۆی وشکە ساڵی بەردەوامەوە لە گەرمیاندا وشکی کردو ئاوی تیا نەما، پونگەو نەعناش نەماون، مەرەزە هەر زوو لەناو چوو، بۆقەکان مردن و لەق لەقیش جارێکی تر ڕوویان لە کانی بامێ نەکرد، ئێستا چەمەکە وشک وبرینگەو کەس بڕوا ناکات ڕۆژێک لە ڕۆژان ژیانی تیابوو.
ئەم ئەزموونەی مناڵیم باشترین وانەیە بۆ تێگەیشتن لە سیستمی ژینگەیی یان ئیکۆسیستم. کەسانی پسپۆر لە بواری زانستە گشتییەکان و ژینگەدا، هەروەها خوێندکارانی زیندەوەرزانی و بەشە زانستیەکانی تری زانکۆو ڕۆژنامەنووسانی تایبەت لە بواری ژینگەدا، ڕۆژانە ئەم ناوە، واتە ئیکۆسیستم (سیستمی ژینگەیی) لەکارو نووسین و قسەکانیاندا بەکار دەهێنن، لەوانەیە ناوەکە لای هەموو خوێنەران یان بینەران یان بیسەران ڕوون نەبێت، بۆیە بەباشم زانی لێرەدا پێناسەیەکی سادەی سیستمی ژینگەیی بکەم، ئەوەش لەوە باوەڕەوە کە خەڵک لایەقی زانینەو نابێت دەستەواژەو کۆنسێپت و ناوەکان تەنها لە بازنەیەکی بچووکدا بخۆلێنەوەو خەڵک لێیان لێنەگات. کاتێک لە نووسین و کارەکانماندا باسی ژینگە دەکەین، بۆ خۆمانی باس ناکەین و ئامانجمان خەڵکە، باشە ئەی ئەگەر خەڵک لە قسەکانمان تێنەگەیشت؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە دەبێ لە خۆمانی بکەین و لۆمەی کەسی تر نەکەین.
لە زانستی ژینگەییدا، سیستمی ژینگەیی هەر ڕووبەرێکی سروشتییە کە پێکدێت لە بونەوەرە زیندوەکانی وەک ڕووەک و گیانداران، هەروەها مادە بێ گیانەکانیش. لەوانەیە سیستمی ژینگەیی گۆماوێکی ئاوی بچووک بێت یان چەمێکی وەک کانی بامێ کە چیرۆکەکەیم گێڕایەوە، یان بیابانێکی فراوان. دەکرێ بڵێین سیستمی ژینگەیی پێکهاتەیەکە لە زیندەوەرەکانی وەک ڕووەک و گیانداران و بونەوەرەکانی ترو هەروەها مادە بێگیانەکان کە لە یەکەیەکی زیندووداو بەپێی سیستمێکی زۆر وردو هاوسەنگ کار لە یەکتری دەکەن تا سیستمەکە دەگاتە حاڵەتی سەقامگیریی. هەر گرفت و بۆشایەکیش لەم کۆمەڵگە ژینگەییەدا ڕووبدات، ئەوا تەنها لە بازنەی خۆیدا نامێنێتەوەو دەبێتە هۆی تێکچوونی کۆی سیستمەکە. هەڵبەتە زۆرجار لەبری سیستمی ژینگەیی گوێمان لە سیستمە ژینگەییەکان دەبێت واتە ecosystems ئەمە ئاماژەیە بۆ بوونی ئیکۆسیستمی جیاوازو لەیەک نەچوو، بۆ نموونە سیستمی ژینگەیی وشکای جیاوازە لە سیستمی ژینگەیی ناو ئاو، لەمەشیاندا سیستمی ژینگەیی ئاوی شیرین جیوازە لەوەی دەریا. لەسەر ئاستی وشکانیش سیستمی ژینگەیی دوورگەی ناو زەریاکان جیاوازە لەوانەی ناو کێشوەرەکان، هەورەها سیستێمی ژینگەیی لە کوردستاندا جیاوازە لەوەی لە باشووری ئاسیا یان ئەفریقیا.
زۆر گرنگە بزانین سیستمەکە لە چی پێکدێت، بەبێ زانیاری لەسەر خەسڵەت و پێکهێنەرەکانی ناتوانین بیپارێزین و بەرگری لێبکەین. ئەمانەی خوارەوەش پێهێنەرەکانی سیستمی ژینگەیین:
پێکهێنەرە بێ گیانەکان: ئەمانە پێکهاتەو خەسڵەتە ئۆرگانی و نا-ئۆرگانیەکانی وەک کاربۆن و هایدرۆجین و ئاو و فۆسفاتن (لە کانی بامێ خەسڵەتی سەرەکەی سیستمە ژینگەییەکە ئاو بوو)
ژینگەیی فیزیایی: واتە پەیوەندییەکانی نێوان گیاندارەکان خۆیان لەلایەک و پەیوەندی نێوان گیاندارو بێ گیانەکان لەلایەکی ترەوە. ئەمانەش بۆ خۆیان فاکتەری فیزیایین کە گیاندار تیایدا دەجوڵێت و چالاکی خۆی دەکات. لە کانی بامێ پەیوەندییەکە بەم شێوەیە بوو(پونگەو نەعنا و ڕووەکەکانی تر وزەو شەکریان لە ئاو و هەتاوەوە وەردەگرت، لێرەدا ڕووەک بەرهەمێنەرە، مێروەکانی وەک کوللەو جۆرەکانی بەکار بەرن و لە سەر ڕووەک دەژین، مارو خشۆکەکانی تر لەسەر مێروەکان و خشۆکەی لەخۆیان بچووکتر دەژین، لەق لەقیش لەسەر مارو بۆقەکان دەژیت. لە خولی کۆتایی ژیانی هەمووشیاندا، وردیلەکان هەڵدەستن بەشیکردنەوەی لاشەکانیان لەناو خاکدا، واتە خاکەکە بە پیت دەکەن و جارێکی دەبنەوە بە خۆراک بۆ ڕووەک. بەم شێوەیە سووڕی ژیان بەردەوام دەبێت.
هەرچی پێکهاتە زیندووەکانن دەبنە دوو بەشەوە:
بونەوەرە بەرهەمهێنەکان: واتە ئەو بونەوەرانەی خۆراکی خۆیان بەرهەم دەهێنن و دەکرێت ناویان لێ بنێین (خودخۆراک). ڕووەک دەچێتە ڕیزی خودخۆراکەوە.
بونەوەرە بەکاربەرەکان: یانی ئەو بونەوەرانەی کە خۆراکی لە بونەوەرێکی زیندووی تری وەک ڕووەک یان ئاژەڵەوە وەردەگرن. (بەرازو بزنە کێوییەک گیاو ڕووەک دەخۆن، پڵنگێکیش بەرازو بزنە کێوی دەخوات)
شیکەرەوەکان یان وردیلەکان: ئەرکی شیکەرەوەکان یان وردیلەکان شیکردنەوەی لاشەو جێماوەی بونەوەرە زیندووەکانی ترە دوای تەواوبونی خولی ژیانیان. وردیلەکان هەڵدەستن بە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی کیماوی مادە ئۆرگانیەکان و بەکارهێنانیان لەلایەن جۆرو بونەوەرەکانی ترەوە. بۆ نموونە کاتێک بەکتیریاکان لاشەی ئاژەڵێک شەی دەکەنەوە، ڕووەک سوودی لێ دەبینێت.
پەیوەندییەکە کارلێکردنێکی ڕێکخراوو بەردەوامە لە نێوان خەسڵەتە ژینگەییە گیاندارو بێ گیانەکان و هەمان کارلێککردنیش لە نێوان خەسڵەتەکانی ژینگەدا هاوسەنگی دروستی دەکات، ژیانی هەموو مرۆڤایەتیش لەسەر ئەم سیستمە ژینگەییە بەندە، واتە هەر بۆشاییەکی تیا دروست بێت، ژیانی ئێمەش دەکەوێتە ژێر مەترسییەوە. [1]
22-12-2021
تێبینی: ئەم بابەتە بەسادەیی نووسراوە تا هەموو کەسێک بتوانێت لێی تێبگات.