لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرنا بە سەرپەرشتی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆبووەوە.
بڕیارەکانی لیژنەکە:
یەکەم: پارێزگاری هەولێر بڕیاریدا بە دابینکردنی 100 هەزار دەمامک لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر بۆ بەشێک لە دامودەزگەکانی پۆلیس و هاتووچۆ و فەرمانگەکان، کە لە بەیانییەوە دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
دووەم: هاووڵاتیان و هاوشاریانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا لەم قۆناخەدا مەترسیدارە و لە تەشەنکردن دایە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانبن بە گشتی و بەتایبەتی بەستنی (دەمامک).
سێیەم: سەرجەم بازاڕ و شوێنە گشتییەکان (مۆڵ، مارکێت، مینی مارکێت و دووکان) ئاگادار دەکەینەوە، پابەندبن بە جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بەستنی دەمامک بۆ کرێکاران، خاوەن دووکان، فرۆشیاران، ئەو هاووڵاتیانەی سەردانییان دەکەن، بە پێچەوانەوە تیمەکانی قایمقامیەت و ناحییە و شارەوانییەکان ڕاسپێردراون هەرشوێنێک پابەند نەبێت، بەپێی بڕیاری لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، ڕێکاری یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
چوارەم: داوا لە مامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکارمان بوون، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە خۆیان نەدەن بەبێ بەستنی دەمامک برۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان.
پێنجەم: وێڕای ئەوەی یادی پڕشکۆی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د. خ) بەرز و پیرۆز نرخاند، تەئکیدی لەوەکردەوە کە هەولێری پایتەخت ساڵانە بە جیاواز لە هەموو جیهان، پێشەنگ بووە لە پێشوازيی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، دروودی خوای لێبێت و بەشانازییەوە ئەو یادە مەزن و پڕشکۆیە بە ڕێوڕەسم و شێوە و شێوازێک کردووەتەوە کە لە ئاست گەورەیی یادەکە بووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێکارەکانی خۆپارێزی لەم نەخۆشییە، بە پشتبەستن بە فەتوای لیژنەی باڵای فەتوا لە هەرێمی کوردستان، داوا لە هاووڵاتیانی سنووری پارێزگای هەولێر دەکەین، تەنها بە ڕازاندنەوە و دروشم و پیرۆزبایی ئەم یادە مەزنە بەرز ڕابگرن، هەموو جۆرە گردبوونە و کۆبوونەوەیەکی فراوان و ڕێوڕەسمی خوێندنەوەی مەولوود لە مزگەوت، تەکیە، ناو سەنتەری شار و ژێر قەڵات و شوێنە جیاجیاکان بەڕێوەناچێت و مەراسیمی تایبەت و بەخشینەوەی شیرینی و سازدانی ئاهەنگی خۆشی بەو بۆنەیەوە ناکرێت.
شەشەم: سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگەکان ئاگادار دەکەینەوە دەبێت دەمامک ببەستن، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی دەوام دەمامکی نەبەستبێت، ڕێکاری کارگێڕی لە بەرامبەر دەگیرێتەبەر، هەروەها هیچ هاووڵاتییەک بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بۆی نییە بەبێ بەستنی دەمامک بچێتە ناو هیچ فەرمانگەیەک.
حەوتەم: داوا لە سەرجەم قوتابیان و خوێندکارانی ئازیزی سنووری پارێزگاکەمان و کەسوکارەکانیان دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی و تەندروستیی خێزانەکانیان، لە کاتی چوونی ڕۆڵەکانیان بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان، ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و دەمامک ببەستن.
هەشتەم: هاووڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت و ژمارەی گیان لەدەستدانی ئازیزان و مردن بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە زیادبووندایە، بۆیە ئەگەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێنەکرێت، دۆخەکە لەوەی کە هەیە سەختتر دەبێت، ئەو کات بە ناچارییەوە دەبێت بیر لە ڕێگەی تووندتری دیکەی خۆپارێزی بکەینەوە.[1]