دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
“وەک دەزاندرێت لە ساڵی 2014دا لەسەر دەستی چەتەکانی داعش، کۆمەڵکوژیی گەلی ئێزدی ئەنجامدرا، سەدان هاوڵاتی ئێزدی کوژران و هەزاران کچ و ژنی ئێزدی ڕفێندران و لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرا، لەکاتی هێرشەکەدا هەزاران پێشمەرگە لە شەنگال بوون، گوایە شەنگال دەپارێزن، بەڵام لەپێش هەموو کەسێکەوە ڕایانکرد، بێگومان گەلی ئێزدی هیچ کات ئەو خیانەتە لەبیر ناکات، کە پێشمەرگەی بارزانی لەگەڵ ئێمە کردیان، هێشتا برینەکانمان ساڕێژ نەبووە، هێشتا هەزاران ژنی ئێزدی لەدەستی داعشدان و چاوەڕوانی ڕزگاربوونن، هێشتا دەیان گۆڕی بەکۆمەڵی ئێزدییەکان هەڵنەدراونەتەوە، بێگومان ڕووداوی ڕاکردنی پێشمەرگەکانی بارزانی هەر یەک جار نەبوو، ساڵی 2017 کاتێک حەشدی شەعبی ویستیان بێنە ناو شەنگال جارێکی دیکە پێشمەرگە ڕایکرد و گەلی ئێزدی بەجێهێشت.
شەش ساڵ بەسەر هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر شەنگال تێپەڕیوە، گەلی ئێزدی بە تێکۆشانێکی دژوار توانی لەسەر پێی خۆی بووەستێت و خۆی بەڕیکخستن بکات و توانای خۆپاراستن بنیادبنێت بەبێ ئەوەی پێویستی بەکەس هەبێت، حکومەتی هەرێم دەبێت ڕێز لەو بڕیارە بگرێت و داوای لێبوردن لە ئێمە بکات.
لەدوای فەرمانەکەش دەوڵەتی تورکی داگیرکەر، چەندین جار بە فڕۆکە بۆردوومانی شەنگالی کرد و منداڵ و خەڵکی ئێمەی شەهیدکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەبوو، بە پێچەوانەشەوە ڕەوایەتی بە بۆردوومانەکان دەدا، بۆیە دەڵێین ‘ کاتێک لە تەنگانەدا ئێمەتان بەجێهێشت، لەکاتی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە مەگەڕێنەوە بۆلامان، ئەگەر ئەتانەوێت هاوکاریمان بکەن بڕۆن ئەو کچ و ژن و مناڵانەی ئێزدی کە لەدەستی چەتەکانی داعشدا ماونەتەوە ئازادیان بکەن.
ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق و هەرێم لەسەر شەنگال وەک فەرمانی ساڵی 2014 و جارێکی دیکە کۆمەڵکوژکردنی گەلی ئێزدی دەبینین، حکومەتی عێراق لەبری ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر شەنگال ڕێکبکەوێت، دەبوو لەگەڵ گەلی ئێزدی گفتوگۆی بکردایە، چونکە ئەوە خوێنی ڕۆڵەکانی ئێزدییە لە شەنگال ڕژاوە و بەرگرییان لەم خاکە کردووە، بۆیە جارێکی دیکە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین لەگەڵ دامەزراوەکانی شەنگال دەست بە گفتوگۆبکات و لەگەڵ ئەوان ڕێککەوتن ئەنجام بدات.[1]